هەر جارێک باس لە قەیرانی ئاوی عێراق دەکەین، بیر لە وشک بوونی ڕووبارەکان و زیادبوونی وشکە ساڵی دەکەینەوە. بەڵام ئەی ئەگەر یەکێک لە گرنگترین گفتوگۆکان دەربارەی ئاو، لە ڕاستیدا لە نەوتەوە دەست پێبکات؟

سەنتەری ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی، مێزگردێکی ڕێکخست بۆ تاوتوێ کردنی ئەم پەیوەندییانە و وەڵامدانەوەی پرسیارێکی سەرەکی: ئایا پەیوەندی نێوان ئاو و وزە چۆن کاریگەرییان دەبێت لەسەر داهاتووی کەرتی وزەی عێراق؟ قسەکەری بەڕێز، د. عەبدولموتەلیب ڕەفعەت سەرحەت، پسپۆڕ لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، پیسبوونی خاک و توێژەری ژینگە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چۆن کەمیی ئاو لە عێراقدا بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی وزە، کشتوکاڵ، گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەسەندنە درێژخایەنەکان. لەبری سەیرکردنی ئەم بابەتانە بە جیا، مێزگردەکە پسپۆڕان و توێژەران و بڕیار بەدەستانی کۆکردەوە بۆ خستنەڕووی ئەوەی چۆن ئاو دەبێتە یەکێک لە هەستیارترین سەرچاوەکانی عێراق کە لەژێر فشاردایە.

بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی کێشەکان، خاڵێکی بەرچاو بریتی بوو لە توانای گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق. هەرچەندە داتا بەردەستەکان سنووردارن، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق بە گشتی نزیکەی ۵ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و ئەم ئاستەی بەرهەمهێنان پێویستی بە نزیکەی ٨ تا ۱۰ ملیۆن بەرمیل ئاو دەبێت لە ڕۆژێکدا. سەرەڕای ئەمەش، ئاوی زیاتر پێویستە لە کاتی پرۆسەکانی پاڵاوتندا، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی شیرین. لەبری پێشنیازکردنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی وزە لەلایەن عێراقەوە، هەندێک چارەسەری دیکەی  وەک بەکارهێنانی سەرچاوەی جێگرەوەی ئاو، باشترکردنی تەکنەلۆجیا و ڕێکارەکانی بەڕێوەبردنی ئاو، و کەمکردنەوەی داواکاری سەر ئاوی شیرین، خرانەڕوو.

جگە لە کەرتی نەوت، مێزگردەکە تیشکی خستە سەر هۆکارە فراوانترەکانی قەیرانی ئاوی عێراق، بە جەختکردنەوە لەسەر کەمبوونەوەی بارانبارین، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پیسبوونی کەش و هەوا، کۆنبوونی ژێرخان، و پشتبەستنی عێراق بەو ڕووبارانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانیەوە سەرچاوە دەگرن. پێکەوە، ئەم ئاڵنگارییانە فشارێکی زیاتر دەخەنە سەر سەرچاوە سنووردارەکانی ئاوی شیرینی وڵاتەکە. ئەمەش گرنگیی پرۆسەکانی پاڵاوتن و دووبارە بەکارهێنانی ئاوی ئاوەڕۆکانی ڕوونکردەوە، تا ڕێگە بدرێت ئاوی پاڵێوراو پشتگیری لە چالاکییە پیشەسازییەکان و کشتوکاڵ بکات لەبری پشتیبەستنی تەواو بە سەرچاوەکانی ئاوی شیرین.

کشتوکاڵ وەک بابەتێکی دیکەی سەرەکی و پەیوەندیدار دەركەوت لە تەواوی دانیشتنەکەدا. لەبری کەمکردنەوەی چالاکی کشتوکاڵی، کە لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە لە کۆمەڵگەکەماندا باوە، میوانەکانمان جەختیان لەسەر پێویستیی باشترکردنی کارایی کردەوە لە ڕێگەی سیستەمی نوێی ئاودێری و بەڕێوەبردنی باشتر لە ئاو.

لە سەر بنەمای ئەم بیرۆکانە، بەشداربووان داوای چارەسەری کردارییان کرد بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییە شیرینەکانی عێراق. یەکێک لە میوانەکانمان، کە بەرپرسێکی حکومی بوو، ئاماژەی بە توانای بەکارهێنانی سەرچاوەی ئاوی جێگرەوە دا، وەک ئاوی سوێری شەتل عەرەب و کەنداو بۆ مەبەستی پیشەسازی، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی ئاوی شیرین بۆ خوارنەوە و کشتوکاڵ. توێژەرێکی باڵا لە بەشی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی تەکنەلۆجیا نوێیەکان، و پێشنیاری کرد کە ژیریی دەستکرد و وزەی نوێبووەوە دەتوانن بەڕێوەبردنی ئاو باشتر بکەن و بە شێوەیەکی بەرچاو بەکارهێنانی ئاو لە داهاتوودا کەم بکەنەوە.

بە ووردبوونەوە لە کێشەکان لە دەرەوەی چارەسەرە ناوخۆییەکان، میوانێکمان کە پرۆفیسۆری هایدرۆجیۆلۆجی و پسپۆڕی ئاوە و خاوەنی ٢٠ ساڵ ئەزموونە، ڕوونیکردەوە کە ئاڵنگارییەکانی ئاوی عێراق ناتوانرێت تەنها لە ڕێگەی کرداری ناوخۆییەوە چارەسەر بكرێت، بەڵکو هاوکاری هەرێمیی و دیپلۆماسێتییەکی بەهێزتری ئاو زۆر پێویستن. هاوکات، سەرۆکی بەشی یاسا لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی ئاماژەی بەوە دا کە چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن پشتگیری لە هەوڵەکانی عێراق بکەن بۆ پاراستنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانی ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجام بدرێن.

بە گشتی، گفتوگۆی مێزگردەکە ئەوەی دووپاتکردەوە کە قەیرانی ئاوی عێراق تەنها پەیوەست نییە بە ئاوەوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی وزە، کشتوکاڵ، گۆڕانی کەشوهەوا، سیاسەتی نێودەوڵەتی، و گەشەپێدانی درێژخایەن.

بە کۆکردنەوەی پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان، ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان بەردەوامە لە ڕەخساندنی سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی بەپێز و چارەسەری پشتبەستوو بە داتا لەلایەن پسپۆڕانەوە. ئەوەی ڕوون بۆیەوە لە دەرئەنجامی گفتوگۆکانمان ئەوەیە کە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق تەنها لەپێشینەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو زۆر پێویستە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر.