ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان مێزگردێکی دەربارەی ئەم بابەتەێکخست بە میوانداری د.هاری ئیستپانیان، کە دامەزرێنەری ناوەندی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق (IC3+) و پسپۆڕێکی سەربەخۆی سیاسەتی وزەیە.
پێشکەشکردنی بابەتەکە لەلایەن هاری ئیستپانیان بە پرسیارێکی سادە، بەڵام گرنگ دەستی پێکرد: ئەگەر قەیرانی کەرتی کارەبا چیتر بە بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر چارەسەر نەکرێت، کەواتە چارەسەر چیییە؟
کێشەی کارەبا تەنها بەرهەمهێنان نییە
خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆکە ئەوەبوو کە چیتر ناتوانین هۆکاری قەیرانی کەرتی کارەبا تەنها بەکەمی وێستگەکانی کارەبا ببەستینەوە. لە هاوینی 2026 لوتکەی خواستی کارەبا لە 55 گێگاوات تێپەڕی، لەکاتێکدا ئەو بڕەی خراوەتە ڕوو هەر لە نزیکی 22 گێگاوات بوو.هۆکارەکانی ئەم جیاوازییە زۆرە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواست و گەشەی دانیشتووان و شارنشینی و زیادبوونی ئامێرە کارەباییەکان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی فێنککردنەوە و چڕتربوونی شەپۆلەکانی گەرما.
هەروەها پرسیار لەسەر ئەوە کرا کە ئایا لە ئێستادا تا چەند بە شێوەیەکی کاریگەر یەکەکانی کارەبا بەڕێوەدەبرێن و پلانیان بۆ داندراوە؟ لە کاتێکدا لەو251 تۆرباینییە غازی و تێکەڵانەی (gas and combined cycle turbines) لە ئێستادا لە عێراق بەردەستن، نزیکەی % 30 بەهۆی کێشەی تەکنیکی، کەمی پێداویستییەکانی چاککردنەوە، یان کەمی سووتەمەنی، لە کار کەوتوون.
هەروەها تۆڕە کارەباییەکان لاوازییەکی بەرچاویان پێوە دیارە. وێستگەکانی کارەبا بە تێپەڕبوونی کات زیاد کراون بەبێ هیچ پلانێکی گشتگیری پێویست، ئەمەش سیستەمێکی ئاڵۆزی دروستکردووە کەهەماهەنگی نێوان بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنی و دابەشکردنی کارەبای قورستر دەکات. لە هەمان کاتدا زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا کێشەکانی قوڵتر دەکەنەوە کاتێک دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان تووشی تێکچوون یان پچڕان دەبن.
تێگەیشتن لە حوکمڕانیی کارەبا و "فەلسەفەی وزە"
ئاراستەی گفتوگۆکە بە سروشتی لە پرسیارە تەکنیکییەکانەوە گۆڕا بەرەو ئەو سیستەم و دامەزراوانەی کە بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی کەرتی کارەبا. لە هەمان کاتدا، پرسیار کرا دەربارەی تواناکانی عێراق بۆ پلاندانان و ڕووبەڕووبوونەوە خێرایی زیادبوونی خواست. ئاماژە بەوەش کرا کە لە ئێستادا پێشبینییەکان پشت بە گریمانە کۆنەکان دەبەستن، لەوانەش ژمارەی دانیشتوان و پێشبینییەکانی گەشەسەندن، بەڵام دەتوانین پێداویستییەکانی داهاتوو لەسەر بنەمای مۆدێلێکی پێشکەوتووتر بونیادبنێین.
بەشداربووان لێکدانەوەیان بۆ کێشەیەکی گرنگ کرد کە تێنەگەیشتنی "فەلسەفەی وزەیە" لەلایەن کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارانەوە. دەرئەنجامەکەشی بریتییە لە کەمی هەماهەنگیی لە نێوان سەرانسەری وەزارەتەکانی وزەی عێراق. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە کەرتی کارەبا سیستەمێکە لەناو کەرتێکی فراوانتری وزە، بۆیە یەکێک لە پێشنیارەکان بریتی بوو لە ڕۆڵی وەزارەتێکی فراوانتری وزە بە مەبەستی کۆکردنەوەی وەزارەتە جیاوازەکانی وزە لە ژێر یەک چەتردا و ببێتە داڕێژەری سەرەکی بنەماکانی سیاسی نەوت، و غاز و کارەبا،هەروەها ئاو و وزە نوێبووەکان.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان فشارە داراییەکان بوو کە بەردەوام سەرهەڵدەدەنەوە. بۆ نموونە، تێچووی خەمڵێندراوی ساڵانەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 15–20 ملیار دۆلارە، لەگەڵ زیانە بەرچاوەکانی کەرتەکان و لاوازیی کۆکردنەوەی داهات. ئەمەش ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە قەیرانەکە تەنها بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا چارەسەر نابیت، بەڵکو شێوەی پلان دانان و بەڕێوەبردن و دابینکردنی دارایی کەرتەکەش پەیوەندیدارن.
لە بەڕێوەبردنی قەیرانەوە بۆ چاکسازیی بونیادی
مێزگردەکە بە کۆمەڵێک پێشنیاری پراکتیکی کۆتایی هات کەئامانجی چارەسەرکردنی هەندێک لەو ئاڵەنگارییە پێکبەستراوانە بوون. هەندێک لە خاڵە سەرەکییەکان بریتی بوون لە:
- جەختکردنەوە لەسەر دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی کارگێڕی و پسووڵەدان لە سەرتاسەری وڵاتدا
- پۆلێنکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەسەر پارێزگا و ناوچە جیاوازەکاندا بۆ بەڕێوەبردنێکی ئاسانتر لە نێوانیاندا
- فراوان کردنی بەکارهێنانی پێوەرە زیرەکەکان
- یەکخستنی داتاکانی کارەبا لە ڕێگەی سیستەمە ناوەندییەکانەوە
لە دەرئەنجامدا، مێزگردەکە گرنگی و پێویستیی بەهێزکردنی ئەم سیستەمە پێکەوەبەستراوانەی خستەڕوو، بە مەبەستی بونیادنانی کەرتێکی کارەبای جێگیرتر و خۆڕاگرتر.