ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان (DJCENR) گفتوگۆیەکی بازنەیەیی داخراوی ڕێکخست بە ئامادەبوونی چەندین شارەزا و کەسانی ئەکادیمی کەرتی وزەی عێراق و کوردستان بە مەبستی لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەردەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەدا.
گفتوگۆکە لە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی بنیادنرابوو، لەوانە: کەرتی وزەی عێراق تا چەند خۆڕاگرە بەرامبەر بە ناسەقامگیرییە هەرێمایەتیە گەورەکان؟
قەیرانی ئێستای گەرووی هورمز و رادەی پشتبەستنی زۆری عێراقی نیشاندا بە چەند ڕێگەیەکی سنووردار بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئەمەش جارێکی تر خۆڕاگری کەرتی وزەی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە.
بەشداربووان لێکدانەوەیان بۆ کاریگەرییەکانی ئاستەنگیە درێژخایەنەکانی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوەوە کرد و جەختیان کردە سەرگرنگی دۆزینەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردنی جێگرەوە و گونجاو.
لە هەمان کاتدا، باسیان لە گرنگی ڕێڕەوەکانی باکوور و ڕۆژئاوا لە ڕێگەی تورکیا و سوریا و ئوردنەوە کرد. تاوتوێی مەرجە پێویستەکانی ئەم ڕێگانەی هەناردەکردنیان کرد کە بریتین لە هەلومەرجی سیاسی لەبار، دابینکردنی ئاسایش، بونیادنانی ژێرخانی پێویست لە رێگای وەبەرهێنانەوە.
لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر گرنگی خاڵێکی فراوانتر: ئاسایشی وزە لە عێراق چیتر تەنها مانای بڕی بەرهەمهێنانی نەوت نیە، بەڵکو پەیوەندی هەیە بەوەی کە ئایا عێراق دەتوانێت بەردەوام بێت لە هەناردەکردن و پاراستنی وزە لە کاتی قەیراندا؟
ئەو داتا و نەخشانەی کە پێشکەشکران یارمەتیدەر بوون بۆ ئاڵوگۆڕێکی چالاک لە نێوان بەشداربووان سەبارەت بە لاوازییە ژێرخانییەکان، ڕێڕەوە جێگرەوەکانی هەناردەکردن و پەیوەندییە ناوچەییەکانی وزە.
غازی سروشتی وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی
دووەم تەوەری سەرەکی گفتوگۆکە بریتی بوو لە گرنگی ستراتیژی غازی سروشتی.
سەرەڕای بنەمای مانەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە غاز ڕۆڵێکی جیاواز و زۆر گرنگ دەبینێت. پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی ناوخۆیی دەتوانێت ئاسایشی کارەبا بەهێز بکات و پشتبەستن بە وزەی هاوردەکراو کەم بکاتەوە وە پشتگیری لە گەشەپێدانی پیشەسازی بکات و دەرفەتی نوێ بۆ یەکخستنی بواری وزەی ناوچەیی دروست بکات.
وەک ئەوەی کە لە گفتوگۆکاندا دەرکەوت: نەوت کۆی گشتی ئابوریەکە پارەدار دەکات لە ئێستادا، غازیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پیشەسازی و پاڵپشتی گەشەی ئابوری و دابینکردنی ئاسایشی وزە لە ئاستی ستراتیجیدا.
بەشداربووان چەند دەرفەتێکی گرنگی بەبازاڕیکردنی غازیان لە عێراق و کوردستان خستەڕوو، لەوانەش پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکان هاوتەریب لەگەڵ ژێرخانی گواستنەوەی بەرهەمەکە بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباو ئینجا بازاڕەکانی دەرەوەی وڵاتیش وەک بەشێک لە ستراتیجێکی یەکگرتووی غاز، نەک تەنها پڕۆژەیەکی سەربەخۆ ودابڕاو.
ئاسایش، وەبەرهێنان، حوکمڕانی
لە کۆبوونەوەکەدا بنەما فیزیکی و بازرگانییەکانی ئاسایشی وزە تاوتوێ کرا.
باس لەوە کرا کە دەبێت گرنگی لەپێشینە بدرێتە ستراتیژی پاراستنی سامانی نەوت و غازی بە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سەر کێڵگە نەوتی و غازییەکان و هێڵی بۆرییەکان و ژێرخانە گرنگەکانی دیکە. لە هەمان کاتدا بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە وەبەرهێنانی درێژخایەن پێویستی تەنها بە خاک و نەوت نییە، بەڵکو پێویستی بە دڵنیایی گرێبەست و یاسای ڕوون وهەماهەنگی سیاسی و ئاسایشی فیزیکی وە هەروەها ڕێکارێکی جێگیری پارەدان هەیە، کە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بەدەستهێنانی متمانەی وەبەرهێنەکان.
کۆبوونەوەکە باسی لە هەماهەنگی بەغدا و هەولێر و گرنگی هاریکاری زیاتر بۆ پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی عێراق کرد.
بونیادنانی داهاتوویەکی خۆڕاگرتر
ئەم مێزگردە تێگەیشتنێکی فراوانتری ئاسایشی وزەی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای هەمەچەشنکردنی ڕێڕەوی هەناردەکردن و پاراستنی ژێرخان و پەرەپێدانی ستراتیژی غازی سروشتی و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی جێگیر بۆ وەبەرهێنان و پەیوەندییەکی پتەوتری ناوچەیی بنیاتنراوە.
لەجیاتی ئەوەی تەنیا لە کاتی ڕوودانی قەیرانەکاندا کاردانەوەی هەبێت، عێراق دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە کە ژینگەی ئێستای ناوچەکە وەک بزوێنەرێک بۆ پلاندانان و وەبەرهێنانی درێژخایەن بقۆزێتەوە.
ئامانجێکی سەرەکی ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان لەم جۆرە مێزگردانە کۆکردنەوەی کەسانی ئەکادیمی و شارەزای پیشەسازی بڕیاربەدەستانی بوارەکەیە بە مەبەستی دروستکردنی لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش. لە هەمان کاتدا، سەکۆیەکیش بێت بۆ شارەزاو تەکنیکیەکانی بوارەکە تا بتوانن شارەزاییە مەیدانییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو و لە رێگای دامەزراوە ئەکادیمییەکانی وەک ئەم ناوەندەو زانکۆی ئەمریکی لە عێراق سلێمانی.