1-قەیرانەکەی گەرووی هورمز و لاوازییە بونیادیەکانی سیستەمی هەناردەکردنی نەوتی عێراق

گەرووی هورمز: — کەشتی جۆن شوێرمان شانبەشانی کەشتییەکی ڕووکاری بێ سەرنشین ڕێڕەوی ئاوەکە دەبڕێت لە رۆژی 19ی نیسانی 2023. وێنەکە وەرگیراوە لە تەکنیکاری سیستەمی زانیاری پلە یەک ڤینسێنت ئاگویر.
چی ڕوویدا؟ شەڕی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز پەکخست. ئەمەش دەستبەجێ لاوازییە بوونیادی و درێژخایەنەکەی سیستەمی هەناردەکردنی نەوتی عێراقی ئاشکرا کرد. نزیکەی ٩٣%ی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێی ژێرخانی هەناردەکردنی بەسرەوە ئەنجامدەدرێت، ئەمەش بەتەواوی پشت بە ڕێڕەوە کراوەکەی کەنداوی عەرەب\فارس دەبەستێت بێ پچڕان و گرفت. لە مانگی پێش شەڕەکە و داخستنی گەرووی هورمز، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی عێراق لێرەوە نزیکەی ٣.٢٦ ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، بە نزیکەی ٦٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. وەستانی تەواوەتی ئەم هەناردەکردنە بە نزیکەی ٢٢١ ملیۆن دۆلار زیانی لە داهاتی ڕۆژانەی عێراق دا. ئەم ئامارانە مایەی تێڕامانە چونکە نەوت نزیکەی ٩٠%ی داهاتی حکومەتی فیدراڵی عێراق پێک دەهێنێت.
بۆ ڕوویدا؟ جوگرافیا و وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ماوەی دەیان ساڵە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. زۆربەی هەناردەکردنی وڵاتەکە لە تێرمیناڵ و بەندەرەکانی بەسرە و چەندین وێستگەی دەریایی هەمان ناوچەوە دەگاتە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداو. ڕێڕەوی جێگرەوە، لەوانە هێڵی بۆری عێراقی لە سعودیە (IPSA) بۆ دەریای سوور، هێڵی بۆری عێراق-سوریا بۆ دەریای ناوەڕاست و هێڵی بۆری عێراق-تورکیا (ITP)، هەموویان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بنیاتنراون. ئوردن و عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە تاوتوێی بنیاتنانی بۆری عێراق و ئوردن ئەکەن، بەڵام ڕێکەوتنەکە هەر لە بواری رێکەوتن-نامەی لێکتێگەیشتندا ماوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە.
ئەمڕۆ تەنیا هێڵی بۆری عێراق-تورکیا ITP بەردەوامە لە کارکردن. لێرەوە نزیکەی ٢٥٠،٠٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە دەکرێت، لە کاتێکدا توانای هەناردەکردنی ١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیلە. بەڵام ئەم ڕێڕەوەش سنووردارە بەهۆی تێکچوونی ژێرخانی گواستنەوەی نەوتی ناوخۆی وڵاتەکە، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی باکوور، شەڕ و ناسەقامگیری ناوچەکە. هاوکات ڕێگاکانی دیکە بەهۆی چەند کێشەیەکی جیاوازەوە بەکارناهێرن وەک تێکچوونی فیزیکی بۆڕییەکان و ناکۆکییە سیاسییە چارەسەرنەکراوەکان و گۆڕانکاری پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی.
بۆچی بۆ عێراق گرنگە؟ چڕبوونەوەی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە بەسرە تەنیا کێشەیەکی لۆجستی نییە، بەڵکو کاریگەری ئابوری و دارایی بەرچاوی هەیە. لە ڕووی تیۆریەوە ڕێڕەوی باکوور دەیتوانی ٤٠٠ تا ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بگوازێتەوە، بەڵام نادڵنیایی ئەمنی و نانکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد دوای داخستنی گەرووی هورمز، هەرچەشنە دەستپێکردنەوە و هەناردەکردنێکی بۆ نزیکەی ١٨ ڕۆژی دیکە دواخست. نەبوونی دڵنیایی و متمانە بۆ کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە کوردستان کاردەکەن وایکردووە ڕۆژانە ٢٠٠هەزار بەرمیل نەوتی کەمتر هەناردە بکرێن. پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەکرا ڕێڕەوی جێگرەوە بن وەک سعودیە، ئوردن و سوریا بەردەوام لە ئاڵۆزبووندایە بەهۆی فشارە سیاسییە ناوخۆییەکان کە ڕێگرن لە بنیاتنانی پەیوەندی ئاسایی دوولایەنە.
چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین؟ تا ئەم قەیرانە بەردەوام بێت، عێراق لە زیان و نەهامەتییەکی دارایی سەختدا دەمێنێتەوە. حکومەتی نوێی عێراق پێویستە ئەوە نیشان بدات کە تا چەند وەبەرهێنان لە پرۆژە ستراتیجیە ژێرخانیەکان دەکاتە پێشینەی کارەکانی. عێراقیەکان باش ئاگاداری ئەو سیاسەت و گفتوگۆ تەکنیکیانەن کە دەربارەی هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا ئاستەنگیە دامەزراوەییەکان، کورتهێنانی دارایی، لاوازی متمانەی وەبەرهێنەران، ئابوریی سیاسی پۆپۆلیزم و تایەفەگەری جارێکی تر ڕێگەدەدەن حکومەتەکە وانەیەک لەم قەیرانە سەختەی ئەمڕۆوە فێر ببێت؟
2- هاتنی شێڤرۆن بۆ عێراق ئاماژەیە بۆ گۆڕینی کەشی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا

مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستی شیڤرۆن و عێراق لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦ لە بەغداد بەڕێوەچوو، وێنەکە لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی وەرگیراوە.
چی ڕوویدا؟ لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦، عێراق پاکێجێک ڕێککەوتننامەی واژۆکرد کە رێگەخۆشکەرن بۆ هێنانی کۆمپانیای شیڤرۆن (یەکەێک لە کۆمپانیا نەوتیە گەورەکانی ئەمریکا) بۆ کێڵگەی قورنەی ڕۆژئاوا-٢. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتیە بەرهەمهێنەرەکانی عێراق. ئەم رێکەوتنانە دوای دەرچوونی پێشبینیکراوی کۆمپانیای لوکئۆیڵی ڕووسی بوو کە لەژێر زەبری سزاکانی ڕۆژئاوادا ناچارکرا کێڵگەکە جێ بهێڵێت دوای ١٧ ساڵ کارکردن تیایدا. ئەم گرێبەستە بەڕێوەبردنی کاتی کێڵگەکە دەگوازێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسرە و ماوەی دەرفەتی ساڵێکیش دەدات بە کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ دانوستان دەربارەی گرێبەستێکی نوێ. سەرەڕای ئەمە، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی تر ئیمزاکرا بۆ ئەگەری هاریکاری نێوان عێراق و شێڤرۆن لە کێڵگەی نەوتی بەلەد و دواتر چەندین بلۆکی گەڕان و پشکنین لە پارێزگای زیقار.
ئەمە بۆ ڕوویدا ؟ ئەگەری هاتنی کۆمپانیای شیڤرۆن ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی دیاری سیاسییە لە کەرتی نەوت و غازی عێراقدا. ئەمەش دوای هێنانی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز لە ڕەتاوی بەسرە، بانگهێشتی ئێکسۆن مۆبیل بۆ گەڕانەوە بۆ مەجنوون و گەڕانەوەی بی پی بۆ کێڵگەکانی کەرکوک دێت. لە دە ساڵی رابردوودا، کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان وردە وردە کارکردنیان لە عێراقدا کەمکردەوە، لە کاتێکدا کە کۆمپانیا ڕووسی و چینییەکان بەشداریکردنیان فراوان دەکرد.
بەڵام سزاکانی ئەم دواییەی سەر کۆمپانیا نەوتیەکانی ڕووسیا ئەم ڕەوتەیان پێچەوانە کردەوە. پێدەچێت بەغداد ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، نەک تەنیا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ڕۆیشتنی ڕووسەکان دروستی دەکەن، بەڵکو دوور نیە بیەوێت بە گۆڕینی وەبەرهێنەر و هاوبەشەکانی لە کەرتی نەوتدا جارێکی تر هەڵوێستی خۆیشی لە هاوکێشە سیاسی و هەرێمایەتییەکان بگۆڕێت.
بۆچی بۆ عێراق گرنگە؟ کێڵگەی نەوتی قورنەی ڕۆژئاوا-٢ رۆژانە نزیکەی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش بڕێکی بەرچاوە لە کۆی گشتی بەرهەمی عێراق. بۆیە هێشتنەوەی ئەم کێڵگەیە بە کارایی، بۆ ستراتیژی بەرهەمهێنان و دروستکردنی داهاتی دەوڵەت زۆر گرنگە. هاتنە ناوەوەی شێڤرۆن لێرەدا ئاماژەیەکی فراوانتریشی لە گەڵ خۆیدا هەڵگرتووە: عێراق دەتوانێت کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت لە کاتێکدا کە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە ئەوە دیاری دەکات کێ وەبەرهێنان کەرتی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و لە کوێ.
عێراق کێشەی زۆری هەبوو لە ڕاکێشانی کۆمپانیا نەوتیە گەورە ڕۆژئاواییەکان لە دوو خولی یەکەمی خستنەڕووی کێڵگەکانی بۆ وەبەرهێنەران لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە. لەم ڕێکەوتنەدا، گواستنەوەیەکی نەرمی خاوەندارێتی، یان بەڕێوەبردنی کێڵگەکە، بە شێوەیەکی گونجاو و دوور لە پەکخستنی بەرهەمهێنان، بەردەوامی داهاتە نەوتیەکانی دەوڵەت دەپارێزێت لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لە ژێر فشاری داراییدایە.
بەڵام لێرەدا مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم ڕێککەوتنە چونکە لە گەڵ حکوومەتێکی کاربەڕێکەردا ئەنجامدراون و پێگەی یاسایی و ماوەی سیاسییان بە نادیاری ماوەتەوە، تا ئەو کاتەی حکومەتی نوێی عێراق پێکدەهێنرێت و پەسەندیان دەکات.
چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین؟ دانوستانەکانی قورنەی ڕۆژئاوا-٢ بە شێوەیەکی کاریگەر پێشینەیەک دروست دەکات بۆ ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی عێراق. توانای بەغداد بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە ستراتیژییە تا ڕادەیەک پێمان دەڵێت کە چۆن گەشەی بەرهەمهێنانی درێژخایەن و بەکارهێنانی غازی هاوەڵ بۆ کارەبا مسۆگەر دەکات و دواجاریش داهاتە نەوتیەکانی دەولەت زیاتر دەکات.
لەگەڵ ئەمەشدا، چۆن پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییە ناوچەییەکانی پەیوەست بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کاردەکەنە سەر ئابوری و ئاسایشی عێراق، بە تایبەتی کەرتی وزە و ژینگەی کارکردنی شیڤرۆن، دیسان هەر گۆڕاوێکی سەرەکییە و دەبێت چاودێری بکرێت.
3-شەڕو نائارامییە هەرێمایەتییەکان بازاڕی سووتەمەنی ناوخۆیی تێکدەدەن

تەنکەرێکی سوتەمەنی لە کاتی بارکردنی بەرهەمە نەوتیەکان لە مەسفای کەربەلار. فۆتۆ: سایتی فەرمی مەسفای کەربەلا
چی ڕوویدا؟ شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل بووە هۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی لە سەرانسەری عێراق، هاوکات کاریگەری لەسەر خستنەڕووی بەنزین و گازی شل (LPG) هەبووە. ئەوەبوو حکومەتی عێراق بەپەلە ڕێگەیدا بەنزین هاوردە بکرێت و کۆمپانیای بەبازاڕیکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی راسپارد بۆ هاوردەکردن و سازشی کرد لە گشت یاسا و ڕێساکانی سنووردارکردنی هاوردەی سوتەمەنی. کەمبونەوەی بەرهەمە نەوتیەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان کاتێک دەستی پێکرد کە هەندێک بەشی پاڵاوگەکان داخران، کارمەندە بیانییەکانی هەندێکیان عێراقیان جێ هێشت بە هۆی شەڕەکەوە، بەرهەمی غازی هاوەڵی کێڵگەنەوتیەکانی بەسرەش زۆر کەمی کرد.
ئەمە بۆ ڕوویدا؟ ئەم گرفتانە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری تایبەتەوە بوون، لەوانە: کارمەندانی بیانی پاڵاوگەی کەربەلایان بەجێهێشت، ئەمەش بووە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی ئەو بەشەی کە بەنزینی محەسەنی (کواڵیتی بەرز)ی بەرهەم دەهێنا. لە پاڵاوگەکانی تردا، کەمی توانای عەمبارکردنی نەوتەرەشە (کە پاشماوەی پالاوگەکانە) ناچاری کردن بڕی پاڵاوتن کەم بکەنەوە چونکە جێگایان نەبوو نەوتە رەشەکەی تیا هەڵبگرن و دەرفەتی فرۆشتنیشی نەبوو بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە. ئینجا لە هەرێمی کوردستان، داخستنی بەشی پاڵاوتنی کێڵگەی کۆر و مۆر بۆ دابینکردنی غازی شلی LPG (غازی ماڵان) بە شێوەیەکی بەرچاو نرخی غازەکەی گرانکرد و بڕەکەی لە بازاڕدا کەمکردەوە.
بۆچی بۆ عێراق گرنگە؟ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکان ڕاستەوخۆ و نەرێنی بوون. تا سەرەتای مانگی نیسان، نرخی فەرمی غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان لە دەوروبەری ٤٢٥ دینارەوە بۆ هەر لیترێک بەرزبویەوە بۆ نزیکەی ١١٠٠ دینار (یان لە ٩ هەزارەوە بۆ ٢٠ هەزار دینار بۆ هەر بتڵێک غاز).
هاوکات نرخەکان لە بازاڕی ڕەشدا زیاتر بوون. بەهۆی گۆڕینی سوتەمەنی لە غازەوە بۆ نەوت، نرخی نەوتی سپی لە دەوروبەری ٧٠٠ دینارەوە بۆ ٩٥٠ دینار بۆ هەر لترێک بەرزبویەوە. بۆ خێزانە کەمدرامەتەکان یان بزنسە بچووکەکان کە پشت بە وزەی پاڵپشتیکراو دەبەستن، ئەمانە تەنیا هەڵئاوسانی بچووک نین، بەڵکو شۆکن. پشتبەستن بە هاوردەکردنی خێرای بەنزین و غاز تیشک دەخاتە سەر ئەو پارادۆکسەی کە عێراق (یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی خاو لە جیهاندا) هێشتا بەدەست لاوازی بوونیادییەوە دەناڵێنێت لە کەرتەکانی پاڵاوتن و پرۆسێسکردنی غازدا.
چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین؟ لە ماوەی ئەم قەیرانەدا، لاوازی و گرفتەکانی کەرتی نەوت و غازی عێراق بە باشی دەرکەوتن. ئەمە پێویستی وەبەرهێنان لە کەرتەکەدا زیاتر نیشان دەدات، بە تایبەتی پێویستی زیادکردنی توانای عەمباکردن و بەرهەمهێنانی غازی شلی ماڵان. بەڵام ئەوەی کێشەی بنەڕەتییە، کەمی بەدواداچوونی دامەزراوەیی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێش ئەوەی قەیرانی داهاتوو ڕووبدات.
٤- عێراق ڕێگای هەناردەکردنی سوریای کردەوە بۆ چارەسەری تەنگەبەرییەکانی کەرتی سووتەمەنی

تانکەری عێراقی کە نەوتی سووتەمەنی قورس دەگوازنەوە بۆ بەندەری بانیاس لە سوریا، لە 1ی نیسانی ٢٠٢٦. وێنەکە لە وەزارەتی وزەی سوریا وەرگیراوە.
چی ڕوویدا؟ لە ١ی نیسانی ٢٠٢٦ کۆمپانیای سۆمۆ دەستیکرد بە هەناردەکردنی نەوتە رەشە (پاشماوەی پاڵاوگەکان) لە رێی تەنکەری بارهەڵگرەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا، لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئەمەش یەکەم هەناردەی لەو جۆرەیە لە ماوەی دەیان ساڵدا. لەسەرەتادا ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ بارهەڵگر بوو، لەگەڵ بوونی پلانی زیادکردنی ئەم ژمارەیە بۆ ٥٠٠ بارهەڵگر. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا هات کە عێراق ڕووبەڕووی سنوورداریەکی سەختی هەناردەکردن بۆتەوە دوای وەستانی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە کەنداو. ئاماژە سەرەتاییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دەتوانرێت هەمان ڕێڕەو بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاویش بەکاربهێنرێت، ئەگەر ڕێڕەوی هورمز نەکرێتەوە.
ئەمە بۆ ڕوویدا؟ پاڵنەرێکی دەستبەجێ بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوی هەناردەکردنە، کەڵەکەبوونی نەوتە ڕەشە بوو لە ناو پاڵاوگەکانی عێراقدا. لەبەرئەوەی زۆربەی پاڵاوگەکان تاڕادەیەک سادەن و کۆنن، بە ڕێژەی ٤٠% بۆ ٥٠%ی کۆی ئەو نەوتەی دەیپاڵێون دەبێتە نەوتە رەشە. ئەمە بەرهەمێکی لاوەکییە کە پێویستە بەردەوام بگوازرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی پرۆسەی پاڵاوتن. کاتێک ڕێگاکانی هەناردەکردنی کەنداو داخران و توانای عەمبارکردن لە شوێنی پاڵاوگەکان بۆ نەوتە رەشە گەیشتە کۆتا سنووری خۆی، زۆرێک لە پاڵاوگەکان ناچاربوون کارکردن کەم بکەنەوە یان بە تەواوی رایبگرن. ئەمەش ڕاستەوخۆ بەشدار بوو لە کەمبوونەوەی بڕی بەنزین و گاز و غازی ماڵان بۆ دانیشتوانی عێراق.
بۆچی بۆ عێراق گرنگە؟ لە کاتێکدا عێراق بڕێکی زۆر لە داهاتە نەوتیەکانی لەدەستداوە، بەهۆی داخستنی ڕێڕەوی دەریاییەوە، بەکارهێنانی ڕێڕەوی بانیاس، هەرچەندە چارەسەری تەواو نییە، بەڵام هەنگاوێکی مانادارە بۆ فراوانکردنی بژاردەکانی هەناردەکردن بۆ عێراق. بارهەڵگرەکان لە بنەڕەتدا چارەسەرێکی گران و بچوکن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق. تێچووی هەر بەرمیلێک زۆر زیاترە لە گواستنەوە لە ڕێی بۆرییەوە. تەنانەت بڕی هەناردەکراویش بەهۆی توانای ڕێگاوبان و ئاڵنگاریی لۆجستییەوە لێرە هەر بە سنوورداری دەمێنێتەوە. ڕێگەکەش جارێ هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی هەردوو دیوی سنوورەکە.
بەڵام، کردنەوەی دەروازەی بانیاس وەک ڕێوشوێنێکی فریاگوزاری سەیر دەکرێت نەک ستراتیجێک بۆ هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق. لە راستیدا دەرچەیەکی بەپەلەی پێویست بوو بۆ پاککردنەوەی کۆگاکان و گەڕاندنەوەی توانای کارکردنی پاڵاوگەکان.
چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین؟ پرسیاری هەرە گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا عێراق وەک چارەسەرێکی کاتی مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕێڕەوە دەکات یان وەک بناغەیەک بۆ چارەسەرێکی دوورمەوداتر؟ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بۆرییەکانی نێوان عێراق و سوریا لە بنەڕەتدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئابوری و بەهای ستراتیجی ئەو ڕێگایەدا دەکات. ئایا بەغداد بەم ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت؛ یان ئایا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دیمەشق و هەموو ناوچەکەش ڕێگە بەمە دەدەن؟ دواجار، ئایا ئەم پەرەسەندنە دەبێتە وەرچەرخانێک لە هەمەڕەنگکردنی کەناڵەکانی هەنانردەکردنی نەوتی عێراق؛ یان زۆر بە سادەیی دەبێتە دەرفەتێکی لەدەستچووی دیکە.
سەرچاوەکان:
[1] Staff of Iraq Oil Report. “Iraq begins nationwide production shutdowns.” March 4, 2026. https://www.iraqoilreport.com/news/iraq-begins-nationwide-production-shutdowns-47571/
[2] Iraqi Ministry of Finance data on public revenues and expenditures, https://mof.gov.iq/Budget-implementation-Archive.aspx
[3] Media Office of Iraqi Prime Minister Mohammed Shi a Sudani. https://www.facebook.com/photo/?fbid=1399847452189210&set=d41d8cd9
[4] Iraqi Ministry of Oil: https://www.oil.gov.iq/?article=2201
[5] “Uncertainty surrounds Iraq’s West Qurna-2 oilfield.” https://www.iraqinews.com/iraq/uncertainty-surrounds-iraqs-west-qurna-2-oilfield/#google_vignette
[6] Formal Facebook account of the company: https://www.facebook.com/photo?fbid=1337847318377739&set=pcb.1337847445044393
[7] “Majeed, Ghareeb. “Gas prices has soured by three folds, and some bakeries have closed.” March 22, 2026. Rudaw. Published in Kurdishhttps://www.rudaw.net/sorani/business/220320262
[8] “The Prime Minister chairs the 12th regular meeting of the Council of Ministers in the presence of the Deputy Prime Minister for Energy Affairs and Minister of Oil.” Ministry of Oil, Government Media and Communications Office. March 24, 2026.https://www.facebook.com/ministryofoil201/posts/pfbid02Fin4UZUqtiFbVUJCzWjbSJi1P76Qj6e89QKUsmyqxACZB6W9toSr3FbbxVgY1cAcl?rdid=QqadTWTookZhAw98
[9] Syrian Petroleum Company, Public Statement, April 1, 2026. https://www.facebook.com/photo?fbid=122127675807122430&set=a.122115497445122430