قەیرانی کەرتی کارەبای عێراق هەموو هاوینێک سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام لەوانەیە هاوینی 2026 لە هەموو ساڵەکانی دیکە قورستر بێت. پێشبینی دەکرێت لوتکەی خواست لەسەر کارەبا لە 55 گێگاوات تێپەڕێت، لەکاتێکدا ئەو بڕەی خراوەتە ڕوو هەر لە خوار 20 گێگاوات دەمێنێتەوە. ئەمە کەمترە لە نیوەی بڕی پێویست، کەواتە لایەنی کەم 35 گێگاوات کورتهێنانمان دەبێت.1

چەندین ئاڵنگاریی جیاواز لە یەک کاتدا سەریانهەڵداوە کە دەبنە هۆی دروستکردنی قەیرانێکی سەختتر بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. هەڵکشانی زۆری خواست، کەمبوونەوەی دابینکردنی غاز لە لایەن ئێرانەوە، دواکەوتنی پرۆژە ژێرخانییەکان، کەمبوونەوەی بڕی بەردەستی غازی سروشتی و لاوازییە بونیادییە بەردەوامەکانی کەرتەکە پێکەوە دۆخێکی زۆر ناجێگیریان دروست کردووە بۆ کەرتی کارەبای عێراق.

حکومەتی فیدراڵی دەیویست تا ساڵی 2026 ، لە ڕێگەی پلانی "ستراتیژی"ەوە، کێشەکانی دابینکردنی کارەبا چارەسەر بکات.2 ئەوەش لە ڕێگەی فراوانکردنی ژێرخانی هاوردەکردنی غازی شلی سروشتی (LNG)، تەواوکردنی پەیوەندی تۆڕەکانی کارەبا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها دابینکردنی سووتەمەنی بە شێوازێکی بەردەوام و جێگیر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. بەڵام زۆرێک لەو چارەسەرانە دواکەوتوون یان پەکیان کەوتووە وعێراقیش هێشتا وابەستەی هاوردەی غازی ئێرانە. قەیرانی کارەبای عێراق لە ساڵی 2026دا چیتر تەنها کێشەی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو قەیرانی ئاسایشی سووتەمەنی و کارایی سیستەمەکان و حوکمڕانییە.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەردەم دووڕیانێکدا

لە دوای ساڵی 2003ەوە، توانای بەرهەمهێنانی  کارەبا لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا نزیکەی251  تۆرباینی غاز و تێکەڵ (gas and combined cycle turbines) بەڕێوەدەبات کە توانای بەرهەمهێنانیان نزیکەی  21 گێگاواتە. بەڵام، تەنها نزیکەی 45٪ ی ئەم یەکانە بە غازی سروشتی کار دەکەن، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە پشتدەبەستن بە نەوتی خاو، نەوتە ڕەشە، یان غاز.

توانای کارکردنی یەکەکانی کارەبا هێشتا سنووردارە، بە جۆرێک، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەی پێدەکرێت، نزیکەی 30٪ کۆی یەکەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکی، کەمی پێداویستییەکانی چاککردنەوە، یان کەمی سووتەمەنی، لە کار کەوتوون. بەپێی هەندێک خەمڵاندنی پسپۆڕانی تەکنیکی وەک ئەوەی لە خشتەی یەکەمدا دەردەکەوێت، بەرزترین ئاستی بەرهەمی تۆمارکراو لە تۆرباینەکاندا بۆ نزیکەی 17 گێگاوات سنووردار کراوە، کە ئەمەش تەنها نزیکەی 80٪ی توانای بەرهەمهێنانیانە.

خشتەی 1: توانای بەرهەمهێنانی کارەبا و بڕی بەرهەمهاتوو لە عێراق بەپێی جۆری سووتەمەنی، چارەکی سێیەمی 2025

سەرچاوە: لەلایەن نووسەرەوە ئامادەکراوە، بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حکومەت، بڵاوکراوەی فەرمی کۆمپانیاکان، و ڕاپۆرتە پیشەسازییە بەردەستەکان.

ئەگەر هەموو یەکە غازی و تێکەڵاوەکان  لە عێراق بە غازی سروشتی کار بکەن، هێشتا پێویستیان بە نزیکەی137 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەبێت لە ڕۆژێکدا،کە هاوتای نزیکەی 48 ملیار مەتر سێجایە لە ساڵێکدا. بەڵام بڕی غازی دابینکراوی ئێستا زۆر کەمترە لەو بڕە.

بەپێی ئامارەکانی کەرتی  وزە، دابینکردنی غاز لە ناوخۆدا بۆ وێستگەکانی کارەبا تەنیا نزیکەی 31.5 ملیۆن مەتر سێجایە لە ڕۆژێکدا. لەم بڕە، لە ساڵی 2025، نزیکەی 24 ملیۆن مەتر سێجای لە ڕۆژێکدا لە ئێرانەوە هاوردە کراوە، کە نزیکەی 2.8 ملیار دۆلار تێچووی ساڵانەیەتی. تەنیا 7.5 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا لە ناوخۆی عێراق بەرهەم دێت.

ئەم سەرچاوانە پێکەوە نزیکەی 11.5 ملیار مەتر سێجا غاز لە ساڵێکدا دابین دەکەن، لە کاتێکدا پێویستی خەمڵێنراو بۆ کارپێکردنی تەواوی وێستگە غازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا نزیکەی 48 ملیار مەتر سێجایە. ئەمەش واتای کورتهێنانی دابینکردنی غازە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی75%. هاوکات  تیشک دەخاتە سەر ئەو کەلێنە گەورە بونیادییەی کە هەیە  لە نێوان توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق و بڕی بەردەستی سووتەمەنی گونجاو.

 کەرتی کارەبایەکی زۆر گران

بڕی بودجەی ساڵانەی وەزارەتی کارەبای عێراق لە نێوان ساڵانی2025-2023  نزیکەی 15.5 تریلیۆن دیناری عێراقی بوو.3 لەو بڕە 11.6 تریلیۆن دینار بۆ خەرجییە کارگێڕییەکان و 3.9 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان و پرۆژەکان تەرخان کرا.4 لە ساڵی 2024دا، نرخی کارەبای فرۆشراو لەلایەن حکومەتی عێراق نزیکەی 3 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تەنیا 2.3 تریلیۆن دینار کۆکراوەتەوە. هاوکات قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا بە نزیکەی 9.9 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

لە ئەنجامدا، کەرتی کارەبا لە ساڵی 2024'دا بە نزیکەی 13.2 تریلیۆن دینار زەرەری کردووە. ،بەپێی نرخەکانی بازاڕی جیهانی، زیانەکە (بەدەر لە تێچووی سووتەمەنی و سوودی قەرزە وەرگیراوەکان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکانی وەبەرهێنان)، بە نزیکەی 18-16 تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، وەک لە خشتەی 2 نیشاندراوە.

خشتەی 2: بڕی بەکارهێنانی سووتەمەنی، نرخەکانی بازاڕ و بەهای خەمڵێنراوی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 2024

سەرچاوە: لەلایەن نووسەرەوە ئامادەکراوە، بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حکومەت، بڵاوکراوەی فەرمی کۆمپانیاکان، و ڕاپۆرتە پیشەسازییە گشتییە بەردەستەکان.

هۆکارەکانی وەک کەمی کارامەیی و توانای بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زۆری سووتەمەنی لە وێستگە کۆنەکاندا، دەبنە هۆی زیادکردنی بڕی تێچووەکان. لە ساڵی 2024'دا، کۆی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا ڕێژەی گەرمی (Heat Rate)  نزیکەی 10,000 کیلۆجوڵ بۆ هەر کیلۆوات‌\کاتژمێرێک تۆمار کردووە، کە هاوتایە لەگەڵ کارامەیی نزیکەی36%  ئەمە نیشانەی بەردەوامبوونی پشتبەستنە بە وێستگە کۆنەکان و تۆرباینە غازییەکان و وێستگەکانی غاز و هەروەها کوالێتییە سنووردارەکانی سووتەمەنی و خراپی بارودۆخی کارکردنی یەکەکان.

بۆیە، بەربەستی سەرەکی کەرتی کارەبا تەنیا زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان نییە، بە تایبەت ئەگەر زیادکردنی توانای نوێ ببێتە هۆی زیادبوونی داواکاری بۆ سووتەمەنی. وەک لە خشتەی 3دا دیارە، کۆی کارامەیی سیستەمی کارەبا لە عێراق لە خوار پێوانە و ئاستە نێودەوڵەتییەکانەوەیە. لەبەر ئەوە، پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بە بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی سیستەمەکە و کەمکردنەوەی ڕێژەی گەرمی  و باشتر بەکارهێنانی کەرسەتە بەردەستەکانی ئێستا.

خشتەی 3: هەڵسەنگاندنی کارامەیی یەکەکانی کارەبای عێراق بەپێی تەکنەلۆژیا، 2024

سەرچاوە: لەلایەن نووسەرەوە ئامادەکراوە، بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حکومەت، بڵاوکراوەی فەرمیی کۆمپانیاکان، و ڕاپۆرتە پیشەسازییە گشتییە بەردەستەکان.

زیانە تەکنیکی و ناتەکنیکییەکان

 زیانە تەکنیکی و ناتەکنیکییەکان لە تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبادا گەورەترین ئاڵنگارییە بونیادییەکانی ئەم کەرتەن.6 لە هەر هەنگاو و هەوڵێکدا بۆ چاکسازی، پێویستە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە وەک یەکێک لە ئەرکە لە پێشینە و سەرەکییەکانی چاکسازی سەیر بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ڕێکارەی گرتۆتەبەر لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، کە تیایدا چاکسازی کراوە لە دابەشکردنی تۆڕەکان و بەکارهێنانی پێوەری زیرەک و چارەسەرکردنی کێشەی کۆکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە موەلیدە تایبەتەکانی ناو گەڕەکەکان. پرۆژەی ڕووناکی، بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە، توانیویەتی تا ئێستا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات کە بەشێکن لە تۆڕی پرۆژەکە.

لە ساڵی 2024'دا، کۆی گشتی کارەبای بەرهەمهێنراو نزیکەی 166 تێراوات بوو بۆکاتژمێرێک. دوای هەژمارکردنی زیانەکانی بەرهەمهێنان کە نزیکەی 4 تێراوات بوو بۆ ‌کاتژمێرێک و زیانەکانی گواستنەوە کە 12 تێراوات بوو بۆ ‌کاتژمێرێک، ئەو بڕە کارەبایەی گەیشتووەتە سیستەمی دابەشکردن کەم بووەتەوە بۆ نزیکەی 149 تێراوات بۆ ‌کاتژمێرێک. لەم بڕە، تەنیا نزیکەی 67 تێراوات بۆ ‌کاتژمێرێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنەوە بە بەکارهێنەران فرۆشراوە، لە کاتێکدا نزیکەی 82 تێراوات بۆ ‌کاتژمێرێک لە ئاستی دابەشکردندا لەدەست چووە.

هێڵکاری 1: زیانەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا لە عێراق، ساڵی 2024

سەرچاوە: هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن لەلایەن نووسەری بابەت

ئامارەکانی هێڵکاری 1 پیشانی دەدەن کە زیانەکانی تۆڕی دابەشکردن بە تەنها نزیکەی نیوەی کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو و زیاتر لە 55%ی کارەبای نێردراو بۆ تۆڕی دابەشکردن پێکدێنێت. بۆیە، چارەسەرکردنی ئەم زیانانە بە ئەندازەی زیادکردنی توانای نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا گرنگن.

بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا فشارەکانی سەر سیستەمەکە زیاتر دەکات

پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر کارەبا لە عێراق بە خێرایی و بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و شارنشینی و و فراوانبوونی چالاکییە ئابوورییەکان.7 بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA)، عێراق تا ساڵی 2030 پێویستی بە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 68  گێگاوات کارەبا دەبێت، ئەمەش بەندە بە ڕێڕەوی گەشەی ئابووری و چاکسازییەکانی ئەم کەرتە.8

لە هەمان کاتدا، خودی چاکسازییەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گەشەی داهاتووی خواست لەسەر کارەبا هەبێت. دانانی سیستەمی باشتر بۆ پسوڵە و کۆکردنەوەی پارەی کارەبا، چاکسازیی لە باج، بەڕێوەبردنی داواکاری و کەمکردنەوەی دزینی کارەبا دەتوانن کارامەیی زیاد بکەن و بەکارهێنانی کارەبا لە داهاتوودا کەمتر بکەنەوە.

هێڵکاری 2: خەمڵاندنی لوتکەی خواست لەسەر کارەبا لە عێراق، 2040-2010

سەرچاوە: هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن لەلایەن نووسەری بابەت.

هەروەها، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە ساردکەرەوەکان، وەک لە هیڵکاری 3 نیشان دراوە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خواست لەسەر بەکارهێنانی ئامێر و سیستەمە ساردکەرەوەکان زیاد دەکات لەلایەن ماڵان و یەکە بازرگانییەکان و دامەزراوە گشتییەکان، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی ئاستی بنەڕەتی کارەبا و بەرزبوونەوەیەکی زیاتری خواست لە وەرزی هاویندا. هەروەها، پێشبینی دەکرێت گۆڕانی کەشوهەوا ببێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەپۆلی گەرمای درێژخایەن و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاویندا.9

هێڵکاری 3: تێکڕای پلەی گەرمای هەوای سەر زەوی بەپێی بارودۆخی بنەڕەتی (پێش ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییەکانی کەش وهەوا).

سەرچاوە: هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن لەلایەن نووسەری بابەت. * لەسەر ئەو گریمانەیە داندراوە کە بەرزبوونەوەی ئاستی دانیشتوان و گەشەی ئابووری و دەردانی غازە زیانبەخشەکان بە ئاستێکی مامناوەند دەبێت و تەریب دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بە ئاستێکی مامناوەند.)

وابەستەیی بە غاز و ناسەقامگیری دابینکردنی سووتەمەنی

خواست لەسەر غازی سروشتی، کە بەشی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت، لە 6.8 ملیار مەتر سێجا لە ساڵی 2015ەوە بۆ 23 ملیار مەتر سێجا لە ساڵی 2025دا بەرزبووەتەوە. غازی هاوردەکراو لە ئێران هێشتا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئەم خواستە و زیاتر لە 40%ی سووتەمەنی بەکارهاتوو لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق دابین دەکات. بەڵام، متمانەی ئەم سەرچاوەیەش لەم دواییانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە. دوای ئەوەی هاوردەی غازی ئێران لە ساڵی 2023 گەیشتە نزیکەی 10 ملیار مەتر سێجا، لە ساڵی 2025دا بڕی ئەم دابینکردنە دابەزی، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە زیادبوونی خواستی ناوخۆیی لە ئێران، دووبارە وەستانی دابینکردن و سنوورداربوونی شێوازەکانی پارەدان بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر مامەڵە دارایییەکانی ئێران.10

لە مانگی 3ی 2026دا، هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوی وەستا، کە بووە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 3,000 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا. هەرچەندە دوای ماوەیەکی کورت دابینکردنی غاز بە شێوەیەکی سنووردار دەستی پێکردەوە، بەڵام ئاستی دابینکردن هێشتا تەنها نزیکەی 5 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا بوو، لە بەرامبەر ئاستی پێشووی نزیکەی 35 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا.11

لە  مانگی 4ی 2026، وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند کە دابینکردنی غازی ئێرانی بۆ پارێزگاکانی باشوور بە تەواوی وەستێنراوە، لە کاتێکدا گواستنەوەی غاز بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بۆوە. ئەم کێشانە وەزارەتی کارەبای ناچار کرد پشت بە سووتەمەنی جێگرەوە ببەستێت، بۆ ئەوەی هەندێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای پشت‌بەستوو بە غاز بەردەوام بن.12

هێشتا ڕوون نییە کە چاکسازی و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئێران دوای جەنگ چ کاریگەرییەکی لەسەر دابینکردنی غاز دەبێت. هاوکات، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی دەدات کە دۆخی بازاڕی ناوخۆیی ئێران هەمیشە کاریگەریی لەسەر دابینکردنی غاز و کارەبای هەناردەکراو بۆ عێراق هەبووە.

هێڵکاری 4 : هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق 2017 - 2025

سەرچاوە: هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن لەلایەن نووسەری بابەت.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنانی غاز لە ناوخۆی عێراق کەم ببێتەوە، بەهۆی دوو هۆکاری سەرەکی: یەکەم، بەردەوامبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان، و دووەم، ئەگەری داخستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. لە مانگی 3ی 2026، سنووردارکردنی هاتووچۆی کەشتی لەو گەرووە، هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراقی سنووردار کرد و فشارێکی گەورەی خستە سەر توانای عەمبارکردنی نەوت.13 لە وەڵامی ئەم دۆخەدا، عێراق هەڵوەشاندنەوەی پابەندییەکانی گرێبەستی بۆ کێڵگە نەوتییە بیانییەکان ڕاگەیاند و بەرهەمهێنانی نەوتی لە باشووری وڵات کەم کردەوە. لە هەمان کاتدا، ئەو بڕەی بەردەست بوو، تا ئەو شوێنەی توانرا، ئاراستەی پاڵاوگە ناوخۆییەکان کرایەوە. لەبەر ئەوەی بەشێکی گەورەی غازی عێراق لە کێڵگە نەوتییەکانەوە وەک غازی هاوەڵ بەرهەم دەهێنرێت، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت هەروەها بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەردەستبوونی غازی ناوخۆیی.

هەر لە مانگی 4ی 2026، وەزارەتی کارەبای فیدراڵی ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆیی بە ڕێژەی زیاتر لە 50% دابەزیوە.14 ئەمەش دوو کاریگەریی سەرەکی هەیە: یەکەم، کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەکردنی نەوت؛ دووەم، کەمبوونەوەی سەرچاوەی غاز بۆ دامەزراوەکانی گرتنەوەی غازی هاوەڵ و پرۆسێسکردن و بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها کەمبوونەوە و سنوورداربوونی ئەو سووتەمەنییەی بۆ کەرتی کارەبا بەردەست بوو.15

سەرەڕای چەندین ڕێککەوتن و پرۆژە بۆ کۆکردنەوە و پرۆسێسکردنی غازی هاوەڵ، عێراق هێشتا یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی جیهان بۆ غازی هاوەڵ.16 لە ئێستادا چەندین دەستپێشخەری و پرۆژە لە ئارادایە بۆ کەمکردنەوەی غازی هاوەڵ و زیادکردنی بەدەستهێنانی غازی ناوخۆیی، لەوانە پرۆژەکانی کۆمپانیای غازی بەسرە (BGC)، پرۆژەی گەشەپێدانی یەکگرتووی غاز (Gas Growth Integrated Project - GGIP) ـی TotalEnergies، پرۆژەکانی پەیوەندیدار بە بەیکەر هیوس (Baker Hughes) بۆ کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەی غازی هاوەڵ ، هەروەها پرۆژە تایبەتەکانی کێڵگەکانی حەلفایا، نەهر بن عومەر، غەراف، ناصریە و فەیحاء.17

بەڵام، ئامانجی کۆتاییهێنان بە غازی هاوەڵ تا ساڵی2028  ئاڵۆز و قورس دەردەکەوێت، بە تایبەتی لەبەر زۆری ئەو بڕە غازی هاوەڵەی لە ئێستادا هەیە، بەردەوامبوونی ڕەوتی ئەم دیاردەیە، و هەروەها کێشەکانی ژێرخان، دابینکردنی دارایی و توانای جێبەجێکردن کە کەرتی وزەی عێراق ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

خشتەی 4: پرۆژە سەرەکییەکانی کۆکردنەوە و بەکارهێنانەوەی غاز و کەمکردنەوەی غازی هاوەڵ لە عێراق

سەرچاوە: لەلایەن نووسەرەوە ئامادەکراوە، بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حکومەت، بڵاوکراوەی فەرمیی کۆمپانیاکان، و ڕاپۆرتە پیشەسازییە گشتییە بەردەستەکان.

کێڵگەی کۆرمور، لەگەڵ ئەو غازەی کە لە کێڵگەکانی خورمەڵە و سەر قەڵا دەرهێنراوە، ساڵانە نزیکەی 7.2 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت. لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەم بڕە غازە بەسە بۆ سووتەمەنی نزیکەی 5 گێگاوات توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بە سیستەمی خولی تێکەڵاو (Combined-Cycle)، کە بە شێوەی بەردەوام کار بکات، یان نزیکەی 2-2.5 گێگاوات توانای دامەزراوەیی کارەبا لە ژێر مەرجە ئاساییەکانی کارکردنی سیستەمی کارەبای عێراق.20

چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2030، بەرهەمهێنانی ناوخۆی غازی عێراق بگاتە نزیکەی 24 ملیار مەتر سێجا لە ساڵێکدا. بەڵام، تەنانەت ئەگەر هەموو پرۆژە پلاندانراوەکانی غاز بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هێشتا تەنیا نزیکەی نیوەی پێداویستییە خەمڵێنراوەکانی سووتەمەنی بۆ کەرتی کارەبا دابین دەکات. ئەمە ئەوەمان نیشان دەدات کە لە عێراقدا کەلێنێکی بەردەوام هەیە لەنێوان گەشەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای پشت‌بەستوو بە غاز و  بڕی غازی بەردەست لە ناوخۆدا.

هێڵکاری 5: خواست لەسەر غازی سروشتی عێراق و ڕەوتی غازی هاوەڵ, 2015 - 2025

سەرچاوە: هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن لەلایەن نوسەری بابەت.

هاوردەکردنی غازی شلی سروشتی

جێبەجێکردنی پلانەکانی هاوردەی غازی شلی سروشتی دواکەوتووە. ئەم پلانە بریتی بوو لە بەکارهێنانی یەکەیەکی عەمبارکردنی بەرز بۆ گۆڕینی غازەکە لە دۆخی شلەوە بۆ دۆخی غازی، لە ڕێگەی یەکەی سەر ئاوی گۆڕینی غازی شلی سروشتی (Floating Storage and Regasification Unit - FSRU) لە یەکەکانی خور زوبەیر. دواکەوتنی ئەم پرۆژەیە توانای عێراقی زیاتر سنووردار کردووە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی سووتەمەنی، لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لوتکەی خواستی کارەبا لە هاوینی 2026 ئامادە دەکات.

ئەم پرۆژەیە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2022 ڕاگەیەنرا و دواتر گرێبەستی جێبەجێکردنی لەگەڵ کۆمپانیای Excelerate Energy واژۆ کرا، پێشبینی دەکرا ڕۆژانە نزیکەی 14 ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی هاوردە بکات. ئەم بڕە غازە دەیتوانی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 3,000 تا 3,500 مێگاوات کارەبا دابین بکات.21

بەڵام، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە تا ساڵی 2027 دواخراوە. کۆمپانیای Excelerate Energy پشتڕاستی کردووەتەوە کە یەکەی FSRU ـی Acadia، کە لە سەرەتادا بۆ عێراق دیزاین کرابوو، بە شێوەیەکی کاتی بۆ ئوردن گواسترایەوە؛ لەوێ لە ناوچەی عەقەبە بەپێی ڕێککەوتنێکی نۆ مانگی لەگەڵ کۆمپانیای نیشتیمانی کارەبای ئوردن (NEPCO) بەکاردێت.22

هەروەها، پێشبینی دەکرێت نرخی غازی شلی سروشتی هاوردەکراو بەرزببێتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، نرخی غازی ئێران نزیکەی 9.20 تا 9.50 دۆلار بۆ هەر یەک ملیۆن یەکەی گەرمی بەریتانی BTU (MMBtu) ـە؛ ئەم نرخە پەیوەستە بە نرخی نەوتی برێنت و هەروەها تێچووی گواستنەوەی غاز لە ڕێگەی بۆرییەکان لەخۆدەگرێت، بەپێی نرخەکانی مانگی 2ی 2026.

بە بەراورد بە نرخی هەمان بڕی غاز کە لە ڕێگەی یەکەی FSRU ـی غازی شلی سروشتی لە بەسرە دابین دەکرێت، لە هەمان مانگدا و لەسەر بنەمایەکی گریمانەیی، دەکرێت بگاتە نزیکەی 22 دۆلار بۆ هەر MMBtu؛ واتە زیاتر لە دوو هێندەی نرخی غازی ئێرانی گرانتر دەبێت.

چەند شۆکێکی دیکە

قەیرانی کارەبا لە کاتی لوتکەی خواستدا، زیاتر قورس و ئاڵۆز دەبێت بەهۆی چەندین فشار و ڕووداوی دیکە.

دواکەوتنی پەیوەندیی کارەبا لەگەڵ تۆڕی GCCIA

دەسەڵاتی یەکخستنی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو (Gulf Cooperation Council Interconnection Authority - GCCIA)، کە تۆڕە کارەباییەکانی ناوچەکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، ئاگاداری عێراقی کردووەتەوە کە پەیوەندیی کارەبایی لە ڕێگەی کوێتەوە لە سەرەتای ساڵی 2026 دەستی پێ نەکردووە وەک پێشتر پلانی بۆ دانرابوو. قۆناغی یەکەمی ئەم پرۆژەیە، کە چاوەڕوان دەکرا 500 مێگاوات کارەبا دابین بکات، لەوانەیە تا کۆتایی ساڵی 2026 یان هەتا ساڵی 2027 دوا بکەوێت.23

هێڵکاری 6: پەیوەندی نێوان ئەلفاو (عێراق) - ئەلعەبدالی (کوێت) GCC

سەرچاوە: Open Infrastructure Map

هەرچەندە پێشبینی نەدەکرا ئەم پەیوەندییە بە تەنیا چارەسەری قەیرانی کارەبای عێراق بکات، بەڵام لە وەرزی هاوین و لە کاتی لوتکەی خواستدا پاڵپشتییەکی گرنگی تۆڕی کارەبای باشووری دەکرد، بەتایبەتی لە بەسرە کە پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە 50 پلەی سەدی زیاتر بن.

دواکەوتنی ئەم پرۆژەیە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گرژییە سیاسیی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە، کە کاریگەرییان لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە عێراق و کوێت هەیە. هەروەها، هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بە کێشە داراییەکانی عێراق دەدەن، کە پێویستە پێش دەستپێکردنی دابینکردنی کارەبا، تێچووی پەیوەندیدار بە پرۆژەکان یەکلابکاتەوە.24

پەیوەندییەکانی کارەبای عێراق و تورکیا ڕاگیرا

پەیوەندیی کارەبایی نێوان عێراق و تورکیا، کە لە مانگی 7ی 2024 بە توانای سەرەتایی 300 مێگاوات دەستی پێکرد، پێشبینی دەکرا لە قۆناغی دووەمدا بۆ 600 مێگاوات بەرزبکرێتەوە. بەڵام، ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی 9ی 2025ەوە پەیوەندیی نێوانیان ڕاگیراوە، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرز.25 لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی و گشتی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڵاونەکراوەتەوە. هاوکات، هەندێک هەواڵی پشتڕاستنەکراو ئاماژە بەوە دەدەن کە عێراق پێشنیاری کردووە بەشێک لە قەرزی کەڵەکەبووی خۆی لەبەر کارەبای هاوردەکراو لە تورکیا لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەوت بە غاز (یان نەوت بە نەوت) چارەسەر بکات.


لە مانگی 8ی 2025، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سەر کەشتی تورکی کارادێنیز بە ناوی ئۆرهان عەلی خان گەیشتە بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی کورتخایەن لەگەڵ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای سەر کەشتی کار (Kar)بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای عێراق لە کاتی بارودۆخی نائاساییدا. ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گرێبەستی کەشتییەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە و توانای دابینکردنی تا 590 مێگاواتی لە ڕێگەی دوو کەشتییەوە هەیە. هەروەها ئاماژە بەوە دەدەن کە دواتر ئۆرهان عەلی خان نزیکەی 300 مێگاواتی بۆ تۆڕەکە زیاد کردووە.26

بەڵام، وا دەردەکەوێت سەرچاوەی ئەو تێچووانەی کە لەبارەی ئەم ڕێککەوتنەوە باس کراون، پشت بە زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکان یان هەڵسەنگاندنەکانی کەرتی وزە ببەستن، نەک بە بەڵگەنامەی گشتی و بڵاوکراوەی گرێبەستەکە. ئەم زانیارییانە بریتین لە نرخی نزیکەی 0.15 دۆلار بۆ هەر کیلۆوات ‌کاتژمێرێک (USD/kWh)، لەگەڵ خەمڵاندنی تێچووی نزیکەی 1 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا بۆ توانای نزیکەی 315 مێگاوات و ئەو بانگەشەیەی کە کەشتییەکان ڕۆژانە نزیکەی 1,400 تەن نەوتە ڕەشە بەکاردەهێنن. بۆیە پێویستە ئەم ژمارانە وەک خەمڵاندن و هەڵسەنگاندن بخڕێنەڕوو، نەک وەک مەرجی گرێبەستی پشتڕاستکراوە.

ئایا ئاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت؟

وزەی ئاو دەتوانێت پشتگیرییەکی گرنگی وەرزیی بۆ سیستەمی کارەبای عێراق دابین بکات، بە تایبەتی لە وەرزی هاوین و لە ماوەی لوتکەی خواستدا. دوای ساڵانێک لە وشکەساڵی و کەمبوونەوەی هاتنی ئاو لە تورکیاوە، ئێستا ئاستی ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات باشتر بووە و توانای وێستگە گەورەکان و بەنداوەکانی ئاویان زیاد کردووە.

سەرچاوە سەرەکییەکانی توانای ئاوی عێراق بریتین لە بەنداوی موسڵ، حەدیسە، دوکان، دەربەندیخان و چەند بەنداوێکی دیکەی بچوک، کە بەگشتی توانای دامەزراوەیی زیاتر لە 2,200 مێگاواتیان هەیە. هەرچەندە ئەم توانایە بە تەنیا چارەسەری کەموکوڕییەکانی کارەبای عێراق ناکات، بەڵام دەتوانێت فشار لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبای پشت‌بەستوو بە غاز و سووتەمەنی کەم بکاتەوە، بە مەرجێک سەرچاوەکانی ئاو بە شێوەیەکی وورد و هاوئاهەنگ لەگەڵ دابینکردنی ئاو بۆ کەرتی کشتوکاڵ، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاسایشی ئاوی گشتی بەڕێوەببرێن.

خشتەی 5: وێستگە کارەبا ئاوییەکانی عێراق

سەرچاوە: لەلایەن نووسەرەوە ئامادەکراوە، بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حکومەت، بڵاوکراوەی فەرمیی کۆمپانیاکان، و ڕاپۆرتە پیشەسازییە گشتییە بەردەستەکان.

دەرئەنجام

بە کورتی، قەیرانی کارەبای عێراق چیتر تەنیا پرسی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی لاوازییەکی قوڵترە لە بونیادی ئاسایشی سووتەمەنی و کارایی سیستەم و زیانەکانی تۆڕ و پلاندانانی وەبەرهێنان و حوکمڕانی دامەزراوەیی.ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە مەترسییەکانی پشتبەستن بە غازی هاوردەکراو و دواکەوتنی پرۆژە ژێرخانییە گرنگەکانی زیاتر نیشان داوە.

بۆ دروستکردنی کەرتێکی کارەبای خۆڕاگر، فراوانکردنی بەرهەمهێنانی غازی ناوخۆیی و زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بەس نییە، بەڵکو پێویستە ئاستی کارایی بەرزبکرێتەوە و زیانەکان کەمبکرێنەوە و سەرچاوەکانی سووتەمەنی هەمەچەشن بکرێن و چاکسازییە بونیادییەکانی بازاڕ و حوکمڕانیش خێراتر بکرێن. بەبێ ئەم چاکسازییانە، قەیرانی کارەبای عێراق لە هەموو هاوینێکدا دووبارە سەرهەڵدەداتەوە.

 

سەرچاوەکان

  1. Iraqi News, ”Iraq Plans to Generate 30,000 Megawatts of Electricity in Summer,“ April 23, 2026, https://www.iraqinews.com/iraq/iraq-plans-to-generate-30000-megawatts-of-electricity-in-summer.

  2. Iraqi News Agency )INA( )October 2, 2025(. زير الكهرباء: خطة استراتيجية لحل مشكلة الطاقة بشكل جذريو. Available at: Iraqi News Agency. https://ina.iq/ar/economie/227726--.html

  3. The annual operational and investment budgets of the Ministry of Electricity during 2023–2025 accounted for 7.8% of the total federal budget, excluding fuel costs.

  4. The annual operational and investment budgets of the Ministry of Electricity during 2023–2025 accounted for 7.8% of the total federal budget, excluding fuel costs.

  5. Using approximate 2024 international market prices for power-generation fuels.

  6. Technical and non-technical losses mean illegal connections, weak metering, billing gaps, and low collection rates, and are broadly equivalent to the net electricity sold to consumers.

  7. Iraq’s nominal GDP rose from about 50 billion USD in 2005 to approximately 280 billion USD in 2024, and could exceed 430 billion USD by 2040 under baseline growth assumptions.

  8. International Energy Agency. )2026(. Iraq: Electricity. IEA. https://www.iea.org/countries/iraq/electricity

  9. Iraq’s annual mean surface air temperature increased from 22.16°C in 1923 to 23.85°C in 2023. Based on pro-jections under the SSP2-4.5 scenario, the average temperature is projected to reach 24.55°C by 2040, indicating a continued warming trend with implications for cooling loads.

  10. Organization of the Petroleum Exporting Countries. OPEC Annual Statistical Bulletin 2026, 61st edition. Vienna: OPEC, 2026.

  11. Kurdistan24. ”Iranian Gas Exports to Southern Iraq Halted, Sparking Energy Supply Concerns.“ 4 April 2026. Available at: (Kurdistan24 )accessed 27 May 2026.

  12. In March 2024, Iraq and Iran signed a five-year gas supply agreement to extend Iranian gas exports to Iraq for use in power generation. Under the agreement, Iran is to supply Iraq with up to 50 million cubic meters of natural gas per day, depending on the requirements of Iraqi power stations, for a period extending to 2029. If mports fell from the contracted/required level of around 50 million cubic meters per day to 5 million cubic meters per day, the lost gas volume would be 45 million cubic meters per day, implying a generation loss of roughly 8–10 GW )Source: Reuters. ”Iranian Gas to Iraq Resumes After South Pars Attack, Iraqi State News Agency Says.“ 21 March 2026. Available at: Reuters(.

  13. Reuters. ”Iraq Declares Force Majeure on Foreign-Operated Oilfields Over Hormuz Disruption.“ 20 March 2026. Available at: Reuters )accessed 27 May 2026(.

  14. Kurdistan24. ”Blackouts Loom for Iraq This Summer as Domestic Gas Collapses and Iranian Supply Falls Short.“ 27 May 2026. Available at: https://www.kurdistan24.net/en/story/909898/blackouts-loom-for-iraq-this-summer-as-domestic-gas-collapses-and-iranian-supply-falls-short )accessed 27 May 2026(.

  15. Iraq used roughly 10–11 bcm/year of treated domestic gas for power generation before the Iran-war disrup-tion, equivalent to about 28–31 million cubic meters per day. In energy terms, this could support approximate-ly 5–6 GW of gas-fired generation continuously, depending on plant efficiency and availability.

  16. The World Bank ranks Iraq among the leading global flaring countries, while the United States Energy Infor-mation Administration estimated that Iraq flared around 625 Bcf, or 17.7 bcm, of natural gas in 2023, making it the third-largest flaring country globally )Source: U.S. Energy Information Administration. Country Analy-sis Brief: Iraq. Washington, DC: U.S. Energy Information Administration )EIA(, last updated 14 July 2025(.

  17. Iraq Business News. ”Iraq Expands Gas Projects to Curb Flaring.“ 9 June 2025. Accessed 27 May 2026 https://www.iraq-businessnews.com/2025/06/09/iraq-expands-gas-projects-to-curb-flaring/

  18. Reuters. ”IFC Signs $500 Million Contract with Iraq’s Basrah Gas for Associated Gas, Development of Major Port.“ Reuters, 13 September 2025.

  19. Bernstein, A., Davis, M., Mitro, T., Perrine, T. )2025(. Flaring Case Study: Iraq. New York: Columbia Center on Sustainable Investment )CCSI( and Capterio, June.

  20. Currently, approximately 630 million standard cubic feet of gas per day )MMscf/d( is produced and utilised at Khurmala, equivalent to about 6.5 bcm annually. In addition, around 50 MMscf/d is flared at Khurmala, while a further 18 MMscf/d is flared from other sources. Including the flared volumes, total gas production amounts to approximately 698 MMscf/d, or about 7.2 bcm annually. However, only around 6.5 bcm per year is currently available for productive use, while approximately 0.7 bcm is lost through flaring.

  21. The vessel has a technical regasification capacity of approximately 30 million cubic meters per day, although Iraq’s contracted import volumes are lower.

  22. GIIGNL )2026(. Excelerate to deploy newbuild FSRU in Jordan. Available at: GIIGNL – Excelerate to deploy newbuild FSRU in Jordan

  23. Salem, A. )2026, May 12(. Iraq’s electrical interconnection with the Gulf States has been postponed. Iraqi News. https://www.iraqinews.com/iraq/iraqs-electrical-interconnection-with-gulf-states-postponed

  24. Arabic21. ”تعرُّثُّ الربط الخليجي يشعلان صيف العراق ويفاقمان العجز الكهربائيو ناريحرب إ“ [”Iran War and Delays to the Gulf Interconnection Inflame Iraq’s Summer and Worsen the Electricity Deficit“]. 23 May 2026.

  25. Reports indicate that Türkiye halted electricity exports to Iraq over unpaid dues, with one Al-Monitor report putting the outstanding bill at more than 70 million USD. However, the figure has not been publicly confirmed by Iraqi or Turkish authorities )Source: Al-Monitor. )2025, April(. Türkiye stops electricity sales to Iraq after Baghdad fails to settle $70M+ bill, Al-Monitor. https://www.al-monitor.com/originals/2025/04/turkey-stops-electricity-sales-iraq-after-baghdad-fails-settle-70m-bill(

  26. Reuters. )2025, August 21(. Turkey’s Karpowership to supply Iraq with up to 590 MW electricity. TradingView. https://www.tradingview.com/news/reuters.com%2C2025%3Anewsml_L8N3UC020%3A0-turkey-s-karpower-ship-to-supply-iraq-with-up-to-590-mw-electricity/