سیستەمی پاڵپشتی حکومەت بۆ نرخی وزە و بەرهەمە نەوتییەکان لە عێراق بە یەکێک لە گەورەترین و بەردەوامترین سیستەمەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. چەندین ساڵە، بەتایبەتی لە دوای گۆڕینی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003، داڕێژەرانی سیاسەت، ئابووریناسان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام مشتومڕیان کردووە دەربارەی بڕی تێچوو و ئاستی دادپەروەری سیستمەکە و کاریگەرییە خوازراوەکانی. سەرەڕای هەوڵەکان، مشتومڕەکان بە دەگمەن چاکسازییەکی ئەوتۆیان بەرهەم هێناوە.
هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکی بەرچاو لە سامانی گشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا بە نرخی پاڵپشتی کراو تەرخان دەکەن. لۆژیکێکی ئاشنا لە پشت ئەم بابەتەوەیە: ڕاگرتنی نرخی وزە لە ئاستێکی گونجاودا دەبێتە هۆی پاراستنی داهاتی خێزانەکان و سوودێکی بەرجەستە دەگەیەنێت بە هاوڵاتیان. ئەمانە هەمووی هۆکاری گونجاون بۆ هەبوونی ئەم سیستەمە، بەڵام بەم شێوازەی ئێستای کە هەیە، نە کارامەیە و نە دادپەروەرانەیش.
یارمەتییەکانی عێراق لە بواری وزەدا زۆر نا دادپەروەرانەیە، چونکە بەبێ گوێدانە ئاستی داهاتی خەڵک، کەرتی ئابووری، یان پێویستیی کۆمەڵایەتی، جێبەجێ دەکرێن. بۆ نموونە، خێزانێکی دەوڵەمەند کە بڕێکی زۆر سووتەمەنی و کارەبا بەکاردەبات، یارمەتییەکی زۆر زیاتر وەردەگرێت بەراورد بەو خێزانە کەمداهاتانەی کە کارەبا و سووتەمەنی بە بڕێکی کەم، یان مامناوەند، بەکارهێناوە. ئەم سیستەمە کەمتر سەرنجی لەسەر پێویستییەکانی خەڵکە، ڕوون و ئاشکرا نییە چۆن کاردەکات، هاوکات میکانیزمێکی باشی نییە بۆ ئەوەی پاڵپشتییەکان بگەیەنێتە ئەو کەسانەی کە زیاتر پێویستیان پێیەتی.
ڕەنگە هەندێک بپرسن: بۆچی ئێستا ئەم پرسە دەوروژێنرێت لە کاتێکدا ئابووری عێراق لەژێر فشارێکی توندی ململانێ هەرێمایەتییەکاندایە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەر لەم دۆخە پڕ ئاڵنگارییەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕاستە کێشەکانی سیستەمەکە نوێ نین، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی ئاشناین بە کێشەکان و دەمێکە هەن، واتای ئەوە نییە کە گرنگییەکەی لەدەستداوە. کاتێک داهاتە نەوتییەکانی عێراق لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە %80 دابەزی، پێویستە حکومەت ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببێتەوە کە بژاردە داراییەکانی کەمتر و سنووردارتر دەبن. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش ئەوەیە حکومەت پارەیەکی زۆر بۆ یارمەتییە گشتییەکان خەرج دەکات بە بێ ئەوەی بگەن بە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێی هەیە.1
سیستەمی پاڵپشتی حکومەت بۆ نرخ بە دەربڕینێکی ووردتر بەشێکە لە هەمان لاوازی پێکهاتەیی کە لە کاتی قەیران و ململانێکاندا زیاتر دەردەکەوێت: ئەمە پابەندییەکی درێژخایەنی دارایی دروست کردووە و فشارە داراییەکان توندتر دەکەن لەو کاتانەی کە دەوڵەت بە هیچ جۆرێک توانای بەرگەگرتنی نییە. بۆ ڕاگرتنی دۆخی ئێستا، حکومەت ناچارە قەرز بکات بۆ دابینکردنی کارەبا و گاز و بەنزین تا بە نرخێکی پاڵپشتیکراو و کەمتر لە نرخەکانی بازاڕ بیفرۆشێتەوە. هەربۆیە ئەگەر چاکسازی لە سیستەمەکەدا نەکرێت، ئەوا بەشێکی سامانە نیشتمانییەکان بەردەوام بەهەدەر دەدرێن و زەمینەیەکی لەباریش بۆ بەفیڕۆدان و گەندەڵی زیاتر دەڕەخسێنرێت. مەرجی چاکسازیش بۆ ئەو ئامانجە ئەوەیە کە سوودمەندانی پاڵپشتی حکومەت بۆ نرخ ئەو کەسانەبن کە پێویستیان پێیەتی. یان دەبێت پاڵپشتییەکە بۆ پشتگیری ئەو کەرتانە تەرخان بکرێت کە هەلی کاری زیاتر دروست دەکەن نەک تەنیا بۆ زیادکردنی بەکارهێنانی وزە.
ئەم ژمارە و هێڵکارییانەی خوارەوە گەورەیی قەبارەی پاڵپشتی حکومەت بۆ نرخی وزە لە عێراق نیشان دەدەن: بڕی تێچوو لە بودجەی حکومەت، تێچووەکانی لەسەر ئابووری گشتی، هەروەها بەراوردکردنی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا.
ئەم شیکارییە پشت-بەستووە بە داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەربارەی پاڵپشتی حکومەت بۆ نرخی بەرهەمە نەوتییەکان، 2 کە زیاتر لە 160 وڵات دەگرێتەوە و زانیاری لەسەر نرخی وزە، بەکارهێنان ، باج و تێچووی ژینگەیی کۆ دەکاتەوە.
جیاوازییەکی سەرەکی لە سەرانسەری شیکارییەکەدا هەیە: "پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکان" ڕەنگدانەوەی تێچووی دارایی ڕاستەوخۆیە یان ئەو بودجەیەی حکومەت خەرجی دەکات بۆ ئەوەی نرخی وزە لە خوار نرخی بازاڕ بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا "پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکان" تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتی فراوانتر دەگرێتەوە کە لە بودجەدا دەرناکەون، لەوانەش زیانەکانی ژینگە، کاریگەرییە تەندروستییەکان و کەمکردنەوەی باجی سەر بەرهەمە نەوتییەکان. کۆی گشتی ئەم جۆرە یارمەتییانە پێکەوە، واتە تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بارگرانییەکی زۆر گەورەتر ئاشکرا دەکەن بەراورد بە ئەو ئامارە فەرمییانەی لە ناو لیستی خەرجییەکانی حکومەتدا بڵاودەکرێنەوە.
هێڵکاری 1. پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی سووتەمەنی بەردینی لە عێراق، 2015 - 2025 (% لە کۆبەرهەمی ناوخۆیی) 3

بڕی خەرجییە ڕاستەوخۆکان بۆ پاڵپشتی نرخ لە کەرتی وزە لە عێراق پشکێکی گەورە بووە لە بودجە. لە دەیەی ڕابردوودا، ئەم ڕێژەیە بەگوێرەی گۆڕانی نرخی نەوت زیاد و کەمی کردووە بەڵام زۆرجار بڕەکەی زۆر بووە و بە دەگمەن دابەزیوە بۆ ئاستێک کە بتوانرێت وەک ئاسایی لە قەڵەمبدرێت. ئەمەش، بۆ حکومەتێک کە بەردەوام بەدەست کێشەکانی دابینکردنی مووچە و پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات و خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە دەناڵێنێت، نیشانەی کەمتەرخەمییەکی گەورەیە لە دیاریکردنی پێشینەیی کارەکانیدا.
لە نێوان ساڵانی 2017 و 2022، پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە ، لە نزیکەی %1.5کۆبەرهەمی ناوخۆییەوە بۆ زیاتر لە %5.5 بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لەو ماوەیەدا تۆمارکرابێت. دوای ئەوەی داهاتی نەوت لە ساڵی 2022 دا گەیشتە لوتکە، ڕێژەکە دابەزی و دواتر لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2025 لە نزیکەی %2.9'دا جێگیر بوو. بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکان بە ڕێژەیەک لە سەرووی ئاستی پێش ساڵی 2018، تەنانەت لە کاتێکیشدا کە داهات تا ڕادایەک بەرز بوو ، نیشانەی ئەوەیە کۆی گشتی پاڵپشتی و خەرجییەکانی وزە تا ڕادەیەک قاڵبێکی وەرگرتووە . بە واتایەکی دیکە، تەنانەت لە کاتی زۆری داهاتیشدا چاکسازی ئەنجام نەدراوە.
هێڵکاری 2. پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی حکومەت بۆ کەرتی سووتەمەنی، 2015 - 2025 بەدۆلاری ئەمریکی، (بەهای جێگیری 2021) 4

کاتێک بڕی پاڵپشتییەکانی نرخ بە دۆلار بڵاودەکرێتەوە، ئەوە ئاشکرا دەبێت کە خەرجی پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی عێراق نەخشێکی خولیی کلاسیکی دووبارە دەکەنەوە: بەو واتایەی کاتێک داهاتی نەوت زیاد دەکات خەرجی پاڵپشتییەکانیش زیاد دەبن، بەتایبەتی لە ساڵانی 2018-2019 و دیسانەوە لە 2022-2024. کاتێک دۆخی دارایی باش دەبێت، لەبری ئەوەی ئەم زیادەیە پاشەکەوت بکرێت یان بەکاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی بنەڕەتی و درێژخایەن، حکومەت بڕی پاڵپشتییەکان زیاد دەکات لەگەڵ زیادبوونی داهات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر چەسپاندنی سیستەمەکە. ئەم سیستەمەش تا زیاتر بەردەوام بێت، لە ڕووی سیاسییەوە هەڵوەشاندنەوەی قورستر دەبێت.
پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکومەت بۆ وزە لە عێراق لە ساڵی 2022 گەیشتە نزیک 14.5 ملیار دۆلاری ئەمریکی، دواتر تا ساڵی 2025 بۆ نزیکەی 8 ملیار دۆلار دابەزی، کە هێشتا نزیکەی سێ هێندەی ئاستی ساڵی 2016 یە کە 1.8 ملیار دۆلار بوو. پاڵپشتی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان بە بەردەوامی گەورەترین پشکی پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی حکومەت پێکدەهێنن، لە کاتێکدا پاڵپشتییەکانی کارەبا بە پلەی دووەم دێن. ئەم خەرجییە نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش ساڵی 2018 سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت لە ماوەی 2023-2025، ئەمەش قورسی چاکسازی لە کەرتێکی هەستیاری وەک وزەدا دەردەخات.
هێڵکاری 3. کۆی گشتی پاڵپشتییەکان بۆ وزەو سوتەمەنیە نەوتیەکان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، نیشان دەدات، 2015-2025 ، (بڕەکە بە دۆلاری ئەمریکی، بەهای جێگیری2021).

پێویستە ئاماژە بەوە بدەین بە تەنیا ئامارەکانی بوودجە، تێچووی ڕاستەقینەی سیستەمی پاڵپشتی حکومەت بۆ کەرتی وزەی عێراق نیشان نادەن. کۆی گشتی پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکان، واتە تێچووی زیانە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە لە بودجەکەدا، یان لە خەرجییە داراییە ڕاستەوخۆکان دیارنین. هەربۆیە ئەمانە ژمارەیەک ئاشکرا دەکات کە زۆر زیاترە لەوەی لە هەژماری فەرمی حکومەتدا بڵاو دەکرێتەوە. وەک لە هێڵکاری 3'دا دەردەکەوێت. تێچووی ناڕاستەوخۆی پاڵپشتی نرخی سووتەمەنی دوو بۆ سێ هێندەی تێچووە ڕاستەوخۆکانە بە درێژایی ساڵانی 2015 بۆ 2025. تەنانەت لە ساڵی 2016'دا، کە پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکان لە کەمترین ئاستدابوون، پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکان هێشتا زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو. لە ساڵی 2025، ئەم بڕە بەرزبۆیەوە بۆ نزیکەی 30 ملیار دۆلار، ئەمە جگە لە پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکان کە نزیکەی 8 ملیار دۆلار بوو.
بۆ داڕێژەرانی سیاسەت ئەم بابەتە تەنیا تیۆری ئابووری و دارایی نییە. بەڵکو تێچووی ڕاستەقینەن و کاریگەری نەرێنیان لەسەر ژیانی دانیشتووانی عێراق هەیە لە شێوەی پیسبوونی هەوا، تەندروستی گشتی وەک زیادبوونی نەخۆشی، تێکچوونی ژێرخانی ئابووری، و پشتگوێخستنی وەبەرهێنان لە سەرچاوە خاوێنە جێگرەوەکاندا. لەم دۆخەدا، نرخی کەمی وزە باجێکی زۆر گەورەتری هەیە، کە لە شوێنێکی دیکەوە دەبێت بیبژێرین.
هێڵکاری 4. پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی سووتەمەنی بەردینی بەپێی جۆرەکان، 2015-2025 بە دۆلاری ئەمریکی دانراوە، (بەهای جێگیری 2021)

تێچووی هەموو پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی وزە وەک یەک نین. هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکانی وەک پیسبوونی هەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، تێکچوون و قەرەباڵغی ڕێگاوبانەکان، ڕووداوی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی باج لەسەر بەرهەمە سووتەمەنییەکان بە یەکسانی لەسەر نرخی وزە ڕەنگدانەوەیان نییە، بەڵام هەموویان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خێزان و بازرگانییەکان و دامەزراوە گشتییەکان هەیە. ئەم بابەتە بۆ داڕشتنی سیاسەت زۆر گرنگە، چونکە هەر جۆرێک لەو کێشانە پێویستی بە چارەسەری جیاواز هەیە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون، باجی سووتەمەنی، وەبەرهێنان لە هاتووچۆ، و تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ کەرتی تەندروستی گشتی. لە کۆتاییدا، ئەم کێشانە نیشانی دەدەن کە هەرزانبوونی نرخی وزە کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر وەزارەتی دارایی نییە، بەڵکو لە هەموو کۆمەڵگەدا دەبینرێت.
هیڵکاری 4 نیشانی دەدات کە کاریگەرییە دەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت و تێچووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گەورەترین بەشی پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی عێراق پێکدەهێنن، هەر یەکێکیان تا ساڵی 2025 نزیکەی 10 تا 23 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا پێکدێنن، لەگەڵ ئەوەشدا پیسبوونی هەوای ناوخۆ سێیەمین جۆری ئەو تێچووانەیە و لە هەمووشیان زیاتر لە گەشەسەندندایە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی زیادبوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و بەرهەمهێنانی کارەبایە لە عێراق، لە کاتێکدا کاریگەرییەکانی خراپی ڕێگاوبان و قەرەباڵغی، تاڕادەیەک کەمترە.
باڵادەستی دوو جۆری یەکەم بەو مانایەیە کە کێشەی پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکانی عێراق لە بنەڕەتدا کەلێنێکە لە نرخی کاربۆندا: عێراق هیچ باجێک وەرناگرێت بۆ ئەو زیانانەی کەشوهەوا کە لە دەرئەنجامی بەکارهێنانی سووتەمەنیدا دروستدەبن. ئەمە نیشانی دەدات کە کێشەی سەرەکی عێراق لە نرخدانانی وزەدا ئەوەیە کە هیچ باج یان نرخێک بۆ زیانی کەشوهەوا دانەنراوە. بە واتایەکی تر، سووتەمەنی و وزە بە شێوەیەک بەکاردەهێنرێت وەک ئەوەی هیچ زیانێکی ژینگەیی دروست نەکات، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر زیانمەندە.
ئاماری پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆکان خەمڵاندنێکە لەسەر بنەمای مۆدێلی ئاماری پاڵپشتییەکانی بەرهەمە نەوتییەکان لە ڕاپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگیراون، نەک داتای5 دارایی ڕاستەوخۆی چاودێریکراوی حکومەت. ئەوان تێچووی کۆمەڵایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتین بۆ کاربۆن، زیانەکانی پیسبوونی ناوخۆیی و گریمانەکانی تێچووی قەرەباڵغی لەخۆدەگرن کە هەموویان شایستەی مشتومڕ و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەن. بۆ عێراق، پێکهاتەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی باج زیاتر زاڵن و بەیەکەوە تێچوویەکی زۆر گەورە دروست دەکەن بە بەراورد بە کۆبەرهەمی ناوخۆیی.
هێڵکاری 5. پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی سووتەمەنی بەردینی وەک بەشێک لە کۆبەرهەمی ناوخۆیی، عێراق و وڵاتەکانی ناوچەکە

کاتێک پاڵپشتییە ڕاستەوخۆکانی عێراق بۆ کەرتی وزە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی هەناردەکاری نەوت بەراورد دەکرێت، دەبینرێت عێراق لە ناوەڕاستی ڕیزبەندییەکەدایە. پاڵپشتییەکانی عێراق زیاترە لە عومان، بەڵام کەمترە لە ئێران و جەزائیر و سعودیە. لە ساڵی 2025، پاڵپشتییەکان لە عێراق نزیک %2.9ی کۆبەرهەمی ناوخۆیی بووە، کە ئەمەش کەمترە لە تێکڕای ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە نزیکە لە %4 ، هەروەها کەمترە لە تێکڕای ئاستی ئەو وڵاتانەی کە نەوت دەفرۆشن کە نزیکە لە%3.1، و زۆر کەمترە لە جەزائیر کە یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکان بە بڕی %9.5.
ئەم ڕیزبەندییەی عێراق ڕەنگە دڵخۆشکەربێت، بەڵام پێوەرێکی لاوازە. نزیک بوون لە تێکڕایی لە هەرێمێکدا کە بە زۆری پاڵپشتییەکانی ناسراوە، ئاماژەیەکی باش نییە. خوێندنەوەیەکی بەرهەمدارتر دەکرێت لە ڕێگەی توانای چاکسازییەوە بێت: چەندین وڵاتی دراوسێ بەرنامەی گۆڕانکارییان لە سیستەمی پاڵپشتییەکانیان ئەنجامداوە کە بە پلەی جیاواز سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. ئەو ئەزموونانە ڕێپیشاندەر دەبن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی سەرکەوتن و هاوکات چ بارودۆخێکی سیاسی پێویستە بۆ ئەوەی چاکسازی ئەنجام بدرێت و بەردەوامبێت.
سەرچاوەکان
1. IEO Editorial team. “Iraq’s Wartime Oil Revenue Crisis.” Print. Page 14-18.
2. International Monetary Fund, Fossil Fuel Subsidies, ArcGIS Online, accessed June 8, 2026, URL.
3. Ibid
4. Ibid
5.Parry, Ian, Simon Black, and Nate Vernon. Still Not Getting Energy Prices Right: A Global and Country Update of Fossil Fuel Subsidies. IMF Working Paper WP/21/236. Washington, DC: International Monetary Fund, 2021.