داخستنی گەرووی هورمز لە 4/3/2026، لاوازییەکی بنەڕەتی و بونیادیی ئابووری عێراقی ئاشکرا کرد. لەدۆخی ئاساییدا نزیکەی %93 هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکە لە ڕێگەی کەنداوی فارسەوە دەگوازرێتەوە1. بەڵام دوای ڕاگرتنی کاتیی چالاکییەکانی بەندەرەکانی بەسڕە بە هۆکاری ئەو داخستنە، فرۆشتنی نەوتی خاو لە سەرتاسەری وڵاتدا بە ڕێژەی زیاتر لە %90 دابەزی. بە جۆرێک هەناردەکردن لە 3.567 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ تێکڕای 329 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە  مانگی 5، کەمبۆوە.[2] لەگەڵ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە دەریاوە، مانەوەی سەروەریی عێراق وابەستەبوو بە تاکە کەناڵێکی بۆریی باکوور بەرەو تورکیا، هاوکات ئەم ڕێڕەوەش لە ژێر کاریگەریی ناکۆکی سیاسیی دایە.

ئەم ڕاپۆرتە کاریگەرییە تەکنیکی و دارایی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەو داڕمانە لە هەناردەکردنی نەوتدا هەڵدەسەنگێنێت. هەروەها شیکاری کێشە و کۆسپەکانی بەڕێوەبردنی هێڵی بۆری باکووری عێراق–تورکیا دەکات، لە پێش بەسەرچوونی پەیماننامەکە لە مانگی 7ی 2026، هاوکات ئەلتەرناتیڤەکانی هەمەچەشنکردن بۆ هەناردەکردن لە ڕۆژئاوا و باشووری عێراق هەڵدەسەنگێنێت، لەوانە بۆرییەکانی بەسرە-حەدیسە، بەسرە-عەقەبە، کەرکوک-بانیاس و سعودیە. لە کۆتاییدا ئەم ڕاپۆرتە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بژاردە ستراتیژییانە دەکات کە لەبەردەستی عێراقدایە لە ژێر ڕۆشنایی ناکۆکییە بەردەوامەکانی دەوروبەری هورمز و هەروەها پێشنیاری ڕاسپاردەی سیاسی دەکات بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی درێژخایەنی وڵات بە یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن.

لە دوای نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، بە هۆی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا گەرووی هورمز چەند جارێک کرایەوە بۆ کەشتیە بارهەڵگرەکان و دووبارە داخرایەوە و دۆخەکە نائاسایی بۆیەوە. ئەم پێشهاتانە هەستیاری و لاوازیی بەردەوامی سیستەمی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەخەنەڕوو. ئەوە نیشان دەدەن کە  دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بۆ ئاستی پێشوو، وابەستەیی بونیادیی وڵاتەکەیە بە تەنیا یەک رێڕەوی دەریاییەوە. دووبارەبوونەوەی ئەم قەیرانە پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ژێرخانی هەناردەکردنی عێراق و بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی درێژخایەنە.

شیکاری قەیرانێکی بونیادیی لە گەروویەکی ستراتیژدا

بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوتی خاوی برێنت لە سەرەتای مانگی 3ی 2026، کە نرخەکان لە 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕی، ڕاستەوخۆ دەرئەنجامی شۆکێکی بونیادیی بوو لە خستنەڕووی نەوت لە کەنداوی فارسەوە. [3] دوای دەستپێکردنەوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران لە کۆتایی مانگی 2'ی ئەمساڵدا، سنووردارکردنی چالاکییە دەریاییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر گەشتکردنی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە ڕاگرت. ئەو گەرووە ڕێڕەوی گواستنەوەی-ئاویی سەرەکییە بۆ نزیکەی %20ی نەوتی جیهان. [4]هەربۆیە، تا کۆتایی مانگی 4، بازاڕەکانی وزەی جیهانی ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی پێشبینیکراوی تا 1 ملیار بەرمیل لە کۆی بەرهەمهێنانی نەوت بوونەوە.[5]

بۆ عێراق، داخستنی ئەم دواییەی ڕێگای گواستنەوەی دەریایی، یەکێک بوو لە قورسترین ئاڵنگارییەکانی هەناردەکردن لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتدا. ئەم قەیرانە ئاشکرای کرد کە سەقامگیریی دارایی عێراق چەند خێرا  دەکەوێتە ژێر کاریگەری روداوەکان و لاواز دەبێت، ئەگەر لە کەنداوی فارس داببڕدرێت.

بە پێچەوانەی وڵاتانی هاوشێوەی ناوچەکە، هەرگیز عێراق بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی هەمەچەشن نەکردووە. شایەنی ئاماژە پێدانە کە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2025، نزیکەی %98.3ی بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بە کەنداوی فارسدا تێپەڕیووە.[6] بەڵام کاتێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران لە 12/3 تانکەرە بازرگانییەکانی بارکردنیان لە تێرمیناڵەکانی باشووری عێراق کردە ئامانج، حکومەتی فیدراڵی چالاکییەکانی بەندەری باشووری ڕاگرت، بەمەش سەرچاوەی سەرەکی داهاتی وڵاتی وەستاند، کە دەوڵەت بۆ زیاتر لە 90%ی بودجەی ساڵانەی خۆی پشتی پێدەبەستێت.[7]

هێڵکاری 1: نەخشەی تۆڕی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق و ناوچەکە، کە لەلایەن تیمی ناوەندی ضياء جعفر ئامادەکراوە. هێڵە سەوزەکان ئەو بۆرییانەن کە لە ئێستادا کاران؛ هێڵە سوورەکان ئەو بۆرییانەن کە لە ئێستادا ناکاران؛ هێڵە پچراوە زەردەکەش ئەو بۆرییە نیشان دەدات کە پێشنیار کراو ە بەڵام هێشتا دروستنەکراوە.

شارەزایانی وزەی عێراق لە مێژە تێبینیان کردووە، “جوگرافیا بڕیاردەرە”. سنوورداربوونی لە ڕادەبەدەری عێراق بۆ دەستڕاگەیشتن بە ڕێڕەوی ئاویی، هۆکارە بۆ ئەوەی تەواوی مۆدێلی ئابووریی وڵاتەکە لە ڕووی بونیادییەوە بکەوێتە ژێر کاریگەریی شەڕێکی ناوچەیی وەک ئەوەی کە لە نێوان ئێران وئەمریکا ڕوویدا.  [8]هاوکات لێکەوتە تەکنیکی و دارایییەکانی ئەم پشتبەستنە تاک ‌لایەنەش دەستبەجێ دەرکەوتن:

  • داڕمانی دارایی کارەساتبار: فرۆشی نەوت لە سەرانسەری وڵاتدا بە تێکڕایی و پێش قەیرانەکان لە مانگی 2'دا 3.567 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، پاشان بۆ تێکڕای 329 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگەکانی 4 و 5 دا دابەزی.[9] داهاتی گشتی نەوت لە مانگی 2'دا لە 6.81 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیکەی1  ملیار دۆلار لە مانگێکدا لە مانگەکانی 4 و 5 دا، دابەزیوە. ئەگەر بڕی وەرگرتنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان (%17 بۆ %25) بۆ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی لێ دەربهێندرێت، تەنها نزیکەی 750 – 830 ملیۆن دۆلار وەک داهات بۆ دەوڵەت دەمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایا کە بڕی پێویست بۆ بەڕێوەبردی کاروبارەکانی دەوڵەت دەگاتە نزیکەی 7.2 ملیار دۆلار بۆ هەر مانگێک (مانگانە 3.88 ملیار دۆلار بۆ مووچە و 1.22 ملیار دۆلار بۆ تێچووی خانەنشینی دابین دەکرێت).[10]

  • دارایی و قەیرانی سەروەری: لە هەوڵێکدا بۆ تێپەڕاندنی قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی، حکومەت لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026 دا 8 ملیار دۆلاری لە ناوخۆدا قەرزکرد، ئەمە بووە هۆی دابەزینی خێرای یەدەگی دراوی بیانی بۆ نزیکەی 97 ملیار دۆلار لە کۆتایی مانگی 4ی 2026 بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی کەڵەکەبووی خەرجییەکانی بەڕێوەبردن لە ماوەی سێ مانگدا، کە نزیکەی  17.5ملیار دۆلار بوو.[11]  لەکاتێکدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند کە حکومەت توانای دارایی خۆی فراوان کردووە بە چاپکردنی 25 ترلیۆن دیناری عێراقی (واتە نزیکەی 19 ملیار دۆلار) بۆ دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی. لە دوای مانگی 7ی 2026، بانکی ناوەندی عێراق ڕوونی کردەوە کە ئەمە لەڕێگەی فرۆشتنی بۆندەکانی گەنجینەوە بەدەست هاتووە، نەک چاپکردنی دراو بە بەبێ پشتیوانی. بەڵام بەکارهێنانی بانکە بازرگانییەکان وەک ناوەندێک بۆ دابینکردنی قەرزە داراییەکانی حکومەت بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی یەدەکی دراوە بیانییەکانی بانکی ناوەندی عێراق. لە دەرئەنجامدا کۆمپانیای (S&P) ، کە کۆمپانییەیەکی هەڵسانگاندنی دۆخی دارایی وڵاتانە، دۆخی دارایی عێراقی خستە ژێر چاودێرییەکی توندەوە، لە کاتێکدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات ئابووریی نیشتیمانی عێراق لە ساڵی 2026 دا بە ڕێژەی  %6.8 توشی داکشان ببێت.[12]

 

  • گرفتی هەڵگرتن لە قۆناغی دەرهێنانی نەوتدا:  بەهۆی نەبوونی توانای هەڵگرتنی نەوت و سنوورداری پێویستی ناوخۆ، عەمبارەکانی هەڵگرتنی نەوت لە بەسڕە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا و دوای ڕاگرتنی درێژخایەنی گواستنەوەی دەریایی بە تەواوی پڕبوون و ئەمەش بەڕێووبەرانی ناچار کرد لە دۆخێکی فریاگوزاریدا بیرەکان دابخەن.[13] ڕاگرتنی درێژخایەنی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییە سەرەکییەکانی باشوور، لەوانە ڕومەیلە، قوڕنەی ڕۆژئاوا-1، قوڕنەی ڕۆژئاوا-2، زوبەیر، حەلفایە و میسان، دەکرێت گرفت دروست بکات بۆ بەڕێوەبردنی دیوی ناوەەوەی بیر و چاڵە نەوتەکان کە بەپێی بارودۆخی جیۆلۆجی و شێواز و مەرجەکانی بەڕێوەبردنی هەر کێڵگەیەک، گرفتەکان جیاواز دەبن. لەو بیرەنەوتانەی کە بە پاڵپشتی ئاو کار دەکەن، داخستنی درێژخایەن دەتوانێت مەترسی دزەکردنی ئاو زیاد بکات، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کارایی بەرهەمهێنان و بەرهەمی گشتی کەم دەکاتەوە.[14] هەروەها درێژبوونەوەی ماوەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان دەتوانێت مەترسییەکانی ژەنگاوی بوون پەیوەست بەگیراوەی دروستبوونی خوێ و سولفایدی هایدرۆجین لە بیرەکاندا زیاد بکات، ئەمەش دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان ئاڵۆز دەکات و ئەگەری هەیە پێویستی بە تێچووی زۆر هەبێت بۆ چاککردنەوەی بیرەکە.[15]

ڕێڕەوی باکوور: سەروەری، پەیماننامەکان و دوا وادەی مانگی  7ی 2026

قەیرانی کەنداو و رێڕەوی هورمز، ڕێگای هەناردەکردنی باکووری لە هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیای گۆڕی بۆ سەرەکیترین بژاردە و جێگرەوە بۆ بەغدا، هەرچەندە ئەم ڕێڕەوە توانای سنووردارە و کۆمەڵێک ئاستەنگی کارگێڕی و تەکنیکی هەیە.[16] بەکارهێنانی ئەم ڕێڕەوە پێویستی بە چارەسەکردنی کۆمەڵێک ناکۆکی و ئاڵۆزیی یاسایی، دارایی و پەیوەندیدار بە سەروەری هەیە. بەکارهێنانی هێڵی بۆری عێراق–تورکیا لەمێژە خاڵی سەرەکی ململانێی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی نیمچە سەربەخۆی هەرێمی کوردستان بووە.

 

بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە مێژوودا نەوت و غاز وەک ئامرازێکی سەرەکی کاریگەریی سیاسی و دارایی بوون، بەڵام قەیرانە یاسایی و ئەمنییە بەردەوامەکان، سەربەخۆیی ئەم حکومەتەی بە توندی بەرتەسک کردۆتەوە و کەرتی وزەی هەرێمی گۆڕیوە بۆ پێگەیەک کە بەردەوام لە ژێر فشاردا بووە. [17] لە ساڵی 2013 و  دوابەدوای دەستپێکردنی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەغدا ڕێوشوێنی دادگای ناوبژیوانی لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەستپێکرد. [18] لە مانگی 3'ی ساڵی 2023 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی بەغدا بڕیاریدا کە پێویستە تورکیا  1.47 ملیار  دۆلار وەک قەرەبوو بدات بە عێراق لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی خاوی کوردستان بەبێ مۆڵەت لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، ئەمەش هۆکاربوو ئەنقەرە کارەکانی سەرجەم بۆرییەکە ڕابگرێت.[19]

ڕێککەوتنێکی کاتی بە نێوەندگیری ئەمریکا لە مانگی 9ی 2025 ڕێگەی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان دا، کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نیشتیمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ی حکومەتی فیدراڵ و بەبڕی سەرەتایی هەناردەکردن لە نێوان 180 بۆ 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستپێبکات. [20]بەڵام، شەڕی دواتری نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل بووە هۆی ڕاگرتنی ئەم هەناردەیە، چونکە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان دوای هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە کارەکانیان ڕاگرت.

دەستبەجێ و دوای کەمبوونەوەی پشێوییە ئەمنییەکان، لە سەرەتای مانگی 3ی 2026 دا ناکۆکییەکی سیاسیی نوێ سەری هەڵدا، کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی کەرکوک لە ڕێگەی هێڵی بۆری کوردستانەوە بکات. ئەم بڕیارە بەهۆی ناکۆکی لەسەر داهاتی باج و گومرگ و جێبەجێکردنی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتاکانی گومرگ (ناسراو بە ئەسیکۆدا) هاتەکایەوە. هاوکات ناکۆکی داراییش فراوانتر بوو، کە پەیوەندی بە دەستڕاگەیشتنی بازرگانانی کوردستانەوە هەیە بە نەختینەی دۆلاری ئەمریکیی لە ڕێگەی بانکی ناوەندی عێراقەوە.

لە ژێر فشاری نوێی دیپلۆماسیی ئەمریکا، بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 17/3 گەیشتنە ڕێککەوتنێکی کاتی، کە ڕێگەیدا بە دەستپێکردنەوە و تێپەڕبوونی نزیکەی 170 بۆ 183 هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی کەرکوک لە ڕۆژێکدا و لە ڕێگەی ژێرخانی هەناردەکردن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.[21] ئەم بووژانەوەیە لە سەرەتای مانگی 6ی 2026'دا خێراتر بوو، کاتێک کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە هێواشی دەستیان بە بەرهەمهێنان کردەوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژداێکدا بۆ بڕی هەناردەکردنی باکوور زیاد کرا.[22]

چوارچێوەی یاساییی هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیا، کە یەکەمجار لە ساڵی 1973 واژۆ کرا و لە ساڵی 2010 هەموار کرایەوە، لە 27/7/2026 بەسەر دەچێت. تورکیا بە فەرمی عێراقی ئاگادار کردۆتەوە کە بەهەمان مەرجەکانی پێشوو ڕێککەوتنامەکە نوێ ناکاتەوە، چونکە عێراق پابەند نەبووە بە دابینکردنی کەمترین بڕی دیاریکراو کە لە پەیماننامەکەدا هاتووە ئەویش بڕی 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

لە ئێستادا تورکیا داوای کرێی گواستنەوە دەکات زۆر زیاتر لە نرخی بنەڕەتیی ئێستای (1.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک)، هەروەها بڕێک پارەیش بۆ بۆتاش، کە کارپێکەری حکومی بۆرییە تورکییەکانە بۆ تێچووی چاککردنەوەی بۆرییەکان، لەگەڵ یەکلاکردنەوەی قەرزە نەدراوەکانی تورکیا بەپێی بڕیارەکەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2023 دەرچوو.[23]

جگە لەوەش، دەرکەوتووە کە کارپێکەرەکانی بۆرییەکانی تورکیا یەکێک لە دوو هێڵی هاوتەریبی هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیایان بۆ مەبەستی گواستنەوەی نەوتی خاوی ناوخۆیی بەرهەمهاتوو لە چیای گاباری تورکیا بۆ جەیهان بەکارهێناوەتەوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی عێراق وەربگرن. ئەم دوو هێڵە پێکهاتوون لە هێڵێکی 46 ئینچ و هێڵێکی 40 ئینچ، کە بە کۆی گشتی توانای گواستنەوەی دیاریکراوی 1.6 ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەیە. [24]

بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی باکوور ڕانەگیرێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 27/5/2026 دا بڕیارنامەی ژمارە 254'ی هەموارکردەوە و ماوەی دانوستانی گرێبەستەکەی بۆ 4 مانگی دیکە درێژکردەوە.[25] هاوکات بەغدا نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک–فیشخابووری خێراتر کردووە، کە بەشی سەرەکیی ئەم ڕێڕەوی هەناردەکردنە لە ناوخۆی عێراقدایە. ئەم بەشە لە هێڵەکە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی دایە، لە کەرکوکەوە بە ناو پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوادا تێدەپەڕێت و بە تەواوی خۆی لادەدات لە تۆڕی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەم هێڵە لە ساڵی 2014'ەوە لەکارکەوتووە، لە دوای چەندین ساڵ ململانێ و تێکدانی بەرفراوان و دزینی نەوت و تێکچوونی ژێرخانی ئابووری. بۆ ئەوەی بە تەواوی کار بکاتەوە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیەکی تەواو هەیە. [26]

لە ئێستادا توانای هەناردەکردنی دەستبەجێی بۆرییەکە تەنیا بەهۆی کێشەکانی ژێرخان و دانوستانەکان لەگەڵ تورکیا سنووردار نەکراوە، بەڵکو پەیوەندیداریشە بە شێوازی ئێستای بەرهەمهێنان لەلایەن عێراقەوە. بەرهەمی ئێستای کەرکوک و هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەرخان کراوە، بۆیە تەنیا بڕێکی سنووردار بۆ هەناردەکردن بەردەستە. لە ئەنجامدا، بەغدا و ئەنقەرە لەسەر ڕێکخستنێکی ستراتیژیی فراوانتر کار دەکەن، لەوانە ئەگەری دروستکردنی هێڵێکی بۆری نوێ کە بەسڕە بە کەرکوکەوە ببەستێتەوە. ئەم پرۆژەیە دەتوانێت ڕێگە بدات نەوتی خاوی باشوور بگاتە ڕێڕەوی هەناردەکردنی تورکیا و لە درێژخایەندا بەها و توانای بازرگانیی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق–تورکیا  بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

بەرهەمی ئێستای کەرکوک و هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر بۆ خواستی پاڵاوگەکانی ناوخۆ تەرخانکراوە و تەنیا بڕێکی کەم بۆ هەناردەکردن دەمێنێتەوە. لە ئەنجامدا بەغدا و ئەنقەرەش هەوڵ بۆ ڕێکخستنێکی ستراتیژی فراوانتر دەدەن، لەوانە ئەگەری دروستکردنی بۆرییەکە کە بەسرە بە کەرکوک ببەستێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەوتی خاوی باشوور بتوانێت بگاتە ڕێڕەوی هەناردەکردنی تورکیا و توانای بازرگانی درێژخایەنی بۆری نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بکات.

لە هەوڵێکی گرنگدا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی هەناردەکردن پاش بەسەرچوونی وادەی پەیماننامەکە لە 7/27، کار جێبەجێکەری دەوڵەتی بۆریی تورکی (بۆتاش)، سۆمۆی عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکوور لە 1/ 8 ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد. لە ڕێککەوتنەکەدا، ڕێککەوتن لەسەر بڕی  750  هەزار بەرمیل نەوت کراوە لە ڕۆژێکدا. بەڵام لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکەدا، بەرهەمهێنان و گواستنەوەکان لە سنووری 170 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا مانەوە؛ هەر بۆیە 750  هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەبێت وەک بڕی ناو ڕێککەوتنەکە سەیربکرێت نەک وەک بڕی ڕاستی بەرهەمهێنان و گواستنەوە. [27]

 

جێگرەوەکانی بۆری ڕۆژئاوا: هەڵسەنگاندنەوە و گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکان

لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ستراتیژی و درێژخایەن، پلاندانەرانی عێراقی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی بۆریی وشکانییان خێراتر کردووە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە. ئەم پرۆژانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی تەکنیکی تایبەت و بەربەستی جیۆپۆڵەتیکی دەبنەوە، بەڵام بۆ هەر جۆرە هەمەچەشنکردنێکی ڕێگاکانی هەناردەکردن زۆر گرنگن.

1. بۆری بەسڕە–حەدیسە: بڕبڕە ستراتیژییەکە

بۆرییە 4.6-5 ترلیۆن دۆلارییەکەی بەسڕە-حەدیسە باشترین پرۆژەی گواستنەوەی عێراقە لە ئێستادا ئەگەر جێبەجێ بکرێت. ئەم سیستەمە تیرەکەی 56 ئینچە و  685-700 کم درێژە و دەتوانێت تا 2.25 بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بگوازێتەوە لە بەسڕەوە بەرەو وێستگەی K-3 حەدیسەکە دەکەوێتە پارێزگەی ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.[28]

گرنگی ستراتیژیی هێڵەکە لە هەمەچەشنی بەکارهێنانەکەیدایە. دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، دەتوانێت نەوت بۆ پاڵاوگەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراق دابین بکات و پەیوەندی بە ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن بەرەو جەیهان لە ڕێگەی باکوورەوە بکات و هاوکات وەک هێڵی سەرەکی بۆ پرۆژەکانی بۆریی وشکانی بەرەو ئوردن و سووریا بەکاربهێندرێت.

پرۆژەکە بە فەرمی لە 1/5/2026 چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. [29]حکومەت بۆ ساڵی 2026 تەرخانکردنی سەرەتایی بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار پەسەند کرد، کە لە ڕێگەی میکانیزمی «نەوت لە بەرامبەر ژێرخان»دا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی دوولایەنەی عێراق–چین پاڵپشتی دارایی دەکرێت.[30] پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسڕە و کۆمپانیای پرۆژەکانی نەوت(SCOP)سەربە وەزارەتی نەوت جێبەجێ دەکرێت، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنەکانی کڕینی کەرەستە و ئامێر کە لە مانگی 1'ی 2025 لەگەڵ کۆمپانیای ئاسن و ستیڵ ی دەوڵەتی عێراق واژۆ کراون.[31] سەرەڕای ئەم دەستپێکە خێرایە، بەڵام تا کۆتایی مانگی 7ی 2026 هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە لە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەکە تۆمار نەکراوە.

لە 4/7/2026، ئەنجوومەنی وەزیران ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ هەڵسەنگاندنی چەند ڕێڕەوێکی ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوت پەسەند کرد، لەوانە ڕێڕەوی بەسڕە–حەدیسە–کەرکوک–جەیهان و بەسڕە–حەدیسە–بانیاس. هەروەها دەسەڵاتی بە کۆمپانیای نەوتی بەسڕە بەخشی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای نێودەوڵەتی کار بکات بۆ هەڵسەنگاندنی توانای تەکنیکی و دارایی پرۆژەکە و هاوکات  کار بکات لەگەڵ کۆمپانیای ئەندازیاری ئەمریکی KBR وەک ڕاوێژکار بۆ پڕۆژەی بۆری بەسڕە–حەدیسە.  لە کاتێکدا ئەم ڕێککەوتنانە هیچ پابەندییەکی داراییان نییە، بەڵام نیشانەی ئاگایی و هاوکات پابەندییەکی چالاکی بەغدایە بۆ هەمەچەشنکردنی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق.[32]

2. ڕێڕەوی بەسڕە–عەقەبە (ئوردن)

بیرۆکەی ئەم ڕێڕەوە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1983، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق، پێشنیار کرا بۆ دوورخستنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە خاڵە تەنگەبەرە دەریاییەکانی کەنداوی فارس. پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی ڕێگەن و کۆمپانیای بێکتێل پاڵپشتی کرا، هەروەها بانکی هەناردە و هاوردەکردنی ئەمریکا (US Ex-Im Bank) نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار گەرەنتی دارایی پێشکەش کرد. بەڵام دانوستانەکان بەهۆی نیگەرانییەکانی عێراق لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر تێرمیناڵی بۆڕیەکە لە بەندەری عەقەبەی ئوردن ڕاگیران. [33]

سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییە نهێنییەکان ، کە تێیدا بروس ڕاپاپۆرت، پسپۆریی دارایی سویسری، و شیمۆن پێرێسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەشدارییان کرد و پێرێس بەڵێنێکی نووسراوی هێرشنەکردنی پێشکەش کرد لە بەرامبەر دابینکردنی پارەی نهێنی بۆ پارتی کرێکاران. بەڵام عێراق لە کۆتایی ساڵی 1985 پێشنیارەکەی بێکتێلی ڕەتکردەوە بەبیانوی بەرزیی تێچوونە خەمڵێنراوەکان. [34]

پرۆژەکە لە مانگی 4ی 2013 دووبارە زیندوو کرایەوە وەک ڕێڕەوێکی هەناردەکردنی نەوت بە درێژایی زیاتر لە 1,680کیلۆمەتر، بەڵام لە ساڵی 2014 کاتێک رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) کۆنترۆڵی پارێزگای ئەنباری کرد، کارەکان وەستان. [35] بەپێی خەمڵاندنە نوێکانی ساڵی 2025، دووبارە جێبەجێکردنی پرۆژەی بەسڕە–عەقە بە نزیکەی 10.55 ملیار دۆلاری تێدەچێت.[36] بەڵام ئەحمەد موسا جیاد، پسپۆڕی وزە، هۆشداری دەدات کە هۆکاری زۆرێک لە کێشەکانی پڕۆژەکە خەمڵاندنە ناجێگیرەکان و نەبوونی شەفافیەتە. [37]

لە ئێستادا، هێڵی بۆرییەکە لە قۆناغی پێش دروستکردندا ماوەتەوە و ڕووبەڕووی دژایەتیی سیاسیی ناوخۆیی توند دەبێتەوە. ڕەخنەگران دەڵێن ئەم هێڵە نەوتی خاوی عێراق زۆر نزیک دەکاتەوە لە ئیسرائیل. جگە لەوەش، لەبەر ئەوەی دەریای سوور هێشتا لەژێر هەڕەشەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی حوسییەکاندایە، بۆیە ئەم ڕێڕەوە تەنها تەنگەبەرێک دەگۆڕێت بۆ دانەیەکی دیکە.

3. ڕێڕەوی کەرکوک–بانیاس (سووریا)

ئەم هێڵی بۆرییە لە ساڵی 1952 لەلایەن کۆمپانیای بێکتێل بۆ کۆمپانیای نەوتی عێراق دروستکرا کە توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەبوو. مێژووی ئەم بۆرییە کە بەرەو سووریا دەڕوات، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ ناکۆکییە سیاسییەکان تێهەڵکێش بووە.[38]

دوای بە نیشتیمانیکردنی نەوتی عێراق لە مانگی 6ی 1972، سووریا دەستی بەسەر ئەو بەشەی بۆرییەکەدا  گرت کە لە ناو خاکی خۆیدا بوو، پاشان داوای دوو هێندەکردنی کرێی گواستنەوەی کرد. ئەمەش هۆکاربوو کە بەغدا لە ساڵی 1975 "بۆریی ستراتیژی" دروست بکات بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی کەرکوک بەرەو باشوور و کەنداوی فارس.

عێراق لە ساڵی 1976 پەمپکردنی نەوتی لە ڕێگەی سووریاوە ڕاگرت.[39]هەرچەندە هەناردەکردن لە ساڵی 1979 بۆ ماوەیەکی کورت دەستی پێکردەوە، بەڵام ڕژێمی سووریا لە مانگی  4ی 1982، بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق، بۆرییەکەی ڕاگرت. بۆرییەکە لە ساڵی 2000 بۆ ماوەیەکی کورت دووبارە کرایەوە بۆ دەربازبوون لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام لە ساڵی 2003 بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا زیانی زۆری پێگەیشت و لەو کاتەوە تا ئێستا لەکارخراوە. [40]

دانوستانە دووقۆڵییەکان بۆ دووبارە چالاککردنەوەی ئەم بۆرییە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد چڕتر بۆیەوە. لیژنە تەکنیکییە هاوبەشەکان توێژینەوەی ئەندازیاری ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا گونجاوترە بۆرییەکەی ئێستا نۆژەن بکرێتەوە یان سیستەمێکی دووانەی هاوتەریب بە توانای  1.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بنیات بنرێت بە تێچووی مەزەندەکراوی زیاتر لە 4.5 ملیار دۆلار لەگەڵ ماوەی نزیکەی 36 مانگ بۆ جێبەجێکردن. [41]

ئاڕاستەی ستراتیژی پرۆژەکە، لە مانگی 1'ی 2026'دا، گۆڕانی بەسەردا هات، کاتێک هێزەکانی حکومەتی دیمەشق کۆنترۆڵی چەند کێڵگەیەکی نەوتی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کردەوە. ئەم یەکخستنە سەروەت و سامانە گرنگەکانی هێنایەوە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت، ئەمەش ژینگەیەکی سەقامگیرتری بۆ مۆڵەتدان و گرێبەستکردن خوڵقاند.[42]

4. هێڵی بۆریی نەوتی عێراق لە سعودیە (IPSA)

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکرا و درێژییەکەی 1,568 کیلۆمەتر بوو. ئەم هێڵە بۆ خۆ بەدوورگرتن لە گەرووی هورمز لە کاتی شەڕی ئێران–عێراق داڕێژرابوو و توانای گواستنەوەی تا 1.6ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەبوو لە نێوان کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق بەرەو بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور. لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە وابەستەیی عێراقی بە گەرووی هورمز و مەترسییەکانی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئێرانەوە کەم کردەوە، بەڵام ڕیاز دوای جەنگی کەنداو (1990 - 1991) بە شێوەیەکی هەمیشەیی دایخست.[43]

سعودیە لە مانگی 6'ی 2001'دا بە فەرمی دەستی بەسەر ئەم هێڵەدا گرت و حکومەتی عێراقی ئاگادارکردەوە کە ئەم بۆڕیە لەگەڵ وێستگەکانی پەمپکردن و تێرمیناڵە دەریاییەکان، وەک قەرەبووی قەرزە نەدراوەکانی عێراق دەستی بەسەرداگیراوە. لە ئەنجامدا، دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنی گواستنەوەی دوولایەنە لەژێر بارودۆخەکانی ئێستادا وەک ئەگەرێکی زۆر لاواز دەمێنێتەوە.[44]

لەبری ئەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق پرۆژەی هێڵی بۆریی بەسڕە–حەدیسەی بەرەو تورکیا لە پێشینەی کارەکانی داناوە، بەهۆی سێ فاکتەری سەرەکییەوە، ئەوانیش یەکەم: ئەگەری داواکاری سعودیە بۆ بەکارهێنانی هێڵەکە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی ناوخۆیی، دووەم: تێچووی سەرمایەی زۆر بۆ جێگرتنەوەی بەشە لەکارکەوتووەکان، سێیەم: نیگەرانییە ئەمنییە بەردەوامەکانی ڕیاز سەبارەت بە سەقامگیری سیاسی عێراق.[45]

سیناریۆ ستراتیژییەکان بۆ جوگرافیای وزەی عێراق

ئاسایش و سەقامگیری داهاتووی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەوەوە پەیوەستە کە حکومەتەکەی زەیدی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگە ژێرخانیی و حوکمڕانییەکانی بەردەمیدا دەکات. توانای حکومەت و هەڵبژاردە سیاسییەکانی بە پێی ئەم سیناریۆیانەی خوارەوە دەگۆڕێت:

سیناریۆی یەکەم: بەردەوام پشتبەستن بە بەسڕە

ئەگەر گەرووی هورمز دووبارە بکرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، عێراق دەتوانێت نزیکەی %94'ی هەناردەکردنی نەوتی خاوی خۆی لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانی باشوورەوە دەستپێبکاتەوە، کە ڕاستەوخۆ فشارە داراییەکانی کەم دەکاتەوە. بەڵام بەردەوامبوونی پشتبەستن بە تەنیا یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن، وڵاتەکە ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و دابڕانێکی جیۆپۆلەتیکی بەرچاو دەکاتەوە لە داهاتوودا.

سیناریۆی دووەم: زیادبوونی پشتبەستن بە ڕێگای تورکیا

ئەگەر پڕۆژەکانی بۆریی ڕۆژئاوا جێبەجێ نەکرێن، عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە بۆریی نەوتی عێراق–تورکیا،  لە ڕێگەی جەیهانەوە، دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی خۆی. ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت سەبارەت بە هەناردەکردن و میکانیزمەکانی پارەدان هەیە، لە هەمان کاتدا وابەستەیی بونیادیی عێراق بە تورکیا، وەک وڵاتێکی سەرەکیی گواستنەوە بۆ هەناردەکردن زیاد دەکات.

سیناریۆی سێیەم: هەمەچەشنکردنی هەناردە بەرەو دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست

بە تەواوکردنی بۆری بەسڕە–حەدیسە–عەقەبە و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ میسڕ و دەریای ناوەڕاست، عێراق دەتوانێت ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی لە دەرەوەی گەرووی هورمز و ڕێڕەوی جەیهان هەمەچەشن بکات، کە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاسایشی هەناردەکردن سەقامگیردەکات. بەڵام تێچووی سەرمایەی بەرز، مەترسییە ئەمنییەکانی دەریای سوور و دژایەتیی سیاسیی ناوخۆیی دەبنە هۆی کەمکردنەوەی توانای بازرگانی و متمانەی کارکردنی ئەم ڕێڕەوە.

سیناریۆی چوارەم: ستراتیژیی هەناردەکردنی فرە-ڕێڕەوی

عێراق دەتوانێت تۆڕێکی هەمەچەشنی هەناردەکردن پەرە پێبدات بە تەواوکردنی بۆری بەسڕە–حەدیسە و نۆژەنکردنەوەی بۆری عێراق–تورکیا و دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان بۆرییەکانی تورکیا و سووریا و سعودیە. ئەمەش ڕێگە بە عێراق دەدات کە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە نێوان چەندین ڕێڕەودا بگۆڕێت بە پێی گۆڕانی دۆخی جیۆپۆڵەتیکی یان گۆڕانکارییە بازرگانییەکان، کە بە شێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و سەربەخۆیی ستراتیژی عێراق.[46]

ئەزموونی ساڵی 2026 نیشانی دا کە هەمەچەشنکردن چیتر تەنیا ئامانجێکی ژێرخانی نییە، بەڵکو بووەتە بەشێکی سەرەکی لە ئاسایشی ئابووریی نیشتمانی عێراق. بەڵام سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە پشتبەستووە بە چاکسازییەکانی ئاسایشی ناوخۆ و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کێبرکێ جیۆپۆڵەتیکییەی کە هەیە لەسەر تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا.

پێشنیارە سیاسییەکان بۆ حکومەتەکەی زەیدی

بۆ دەستەبەرکردنی سەروەریی نیشتمانی و بەردەوامیی ئابووری، پێویستە حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوانەی خوارەوە لە پێشینەی سیاسەتی خۆیدا دابنێت:

1. خێراکردنی کارەکان لەسەر هێڵی سەرەکی بۆری بەسڕە–حەدیسە

چاودێریی خێرایی و بەردەوامیی کارە بیناسازییەکانی پرۆژەی بەسڕە–حەدیسە، لەگەڵ دڵنیابوون لەوەی دەستەی باڵای چاودێری و پاڵپشتییە داراییەکانی  چین "نەوت بۆ ژێرخان" دووربن لە دواخستنە بیرۆکراتییەکان.

2. چارەسەرکردنی قەیرانی وزە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

داڕشتنی یاسایەکی هەمەلایەنە و درێژخایەنی فیدراڵی بۆ سەرچاوە نەوتی و غازییەکان، کە بە ڕوونی دابەشکردنی داهات یەکلا بکاتەوە و هەردوو لا پابەند بکات بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی گەڕان و دەرهێنانی نەوت بە مەبەستی دروستکردنەوەی متمانە بۆیان و ڕۆلی سۆمۆ بە ڕوونی دیاریبکرێت لە بەبازاڕیکردنی نەوتی باکوور.

3. داڕشتنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ دانوستانەکانی پەیماننامەی تورکیا

بەکارهێنانی ماوەی درێژکراوەی چوار مانگی پەیماننامەکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ و درێژخایەن دەربارەی بۆریی نەوتی عێراق–تورکیا. پێویستە عێراق هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات و قەرزە نەدراوەکانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەوڵەکانی تورکیا بکات بۆ سەپاندنی کرێیەکی بەرزی نەخوازراو بۆ بۆڕیەکە.

4. هەڵوەشاندنەوەی ئابووری قاچاخچێتی و بەهێزکردنی ئاسایش

بەردەوامبوون لە هەنگاوەکانی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا لە ژێر چەتری وەزارەتە ئەمنی و سەربازییەکانی دەولەتی فیدراڵی عێراقدا. هەروەها پێویستە عێراق ڕێگریی گواستنەوەی نایاساییی نەوت و ڕێگاکانی قاچاخ و تێکەڵکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوور بکات و سەرچاوە داراییە نایاساییەکان کەم بکاتەوە کە پشتگیری گروپە چەکدارە  سەربەخۆکان دەکەن.

5. کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تەنگەبەرە دەریاییەکان لە ڕێگەی ڕێڕەوی دەریای سوور–دەریای ناوەڕاست

هەڵسەنگاندنی توانای تەکنیکی و دارایی لەگەڵ ئوردن و میسڕ بۆ درێژکردنەوەی پرۆژەی بۆریی بەسڕە–عەقەبە بەرەو دەریای ناوەڕاست و دامەزراندنی ڕێڕەوێکی گواستنەوەی وشکانی لە چوارچێوەی عەممان–بەغدا–قاهیرە، کە بتوانێت وابەستەیی بە گەرووی هورمز و مەترسییەکانی دەریای سوور کەم بکاتەوە.

قەیرانی گەرووی هورمز لە ساڵی 2026، لەگەڵ ناسەقامگیرییەکانی دواتر، نیشانیدا کە پشتبەستنی عێراق بە یەک ڕێڕەوی هەناردەکردنی دەریایی هێشتا لاوازییەکی ستراتیژیی و گەورەیە. ئەگەر عێراق نەتوانێت ڕێگاکانی هەناردەکردن هەمەچەشن بکات، بەڕێوەبردنی کەرتی وزەی فیدراڵی بەهێز بکات وەبەرهێنانی گەورەی تیادابکات، ناکۆکییە ناوچەییەکانی داهاتوو بەردەوام دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەقامگیریی ئابووریی وڵاتەکە


سەرچاوەکان


[1] Shokri, Umud. ‘Iraq’s Northern Exports Return, but Supply Risks Persist’. Middle East Forum, 19 March 2026. https://www.meforum.org/mef-observer/iraqs-northern-exports-return-but-supply-risks-persist.

[2] The National Context. ‘Baghdad Turns to the Printing Press as Oil Revenue Holds Near $1 Billion’. Economic Intelligence. The National Context, 8 June 2026. https://thenationalcontext.com/baghdad-turns-to-the-printing-press-as-oil-revenue-holds-near-1-billion/.

[3] MEXC, ‘Iran War 2026: Why Oil Prices Are Surging Again — And What Smart Investors Are Doing About It’.

[4] IEA. ‘Strait of Hormuz - About’. IEA, February 2026. https://www.iea.org/about/oil-security-and-emergency-response/strait-of-hormuz.

[5] Moore, Malcolm, and Tom Wilson. ‘Oil Market Has Lost a Billion Barrels Due to Iran War, Vitol Boss Warns’. Financial Times, 21 April 2026.

[6] Merza, Taba’at Naftiyya Li-Harb al-Khalij 2026: Durus Wa-’Ibar" [Oil Implications of the 2026 Gulf War: Lessons and Insights], 7.

[7] Hidayat, Muflih. ‘Iraq’s Oil Export Route Crisis: Collapse, Pipelines & Alternatives 2026’. Discovery Alert, 26 May 2026. https://discoveryalert.com.au/iraq-oil-export-routes-hormuz-pipeline-collapse-2026/.

[8] Jiyad, ‘Basra - Aqaba Crude Oil Pipeline: Economic, Legal, Geopolitical, Geostrategic and National Security Perspectives’, 8.

[9] The National Context, ‘Baghdad Turns to the Printing Press as Oil Revenue Holds Near $1 Billion’.

[10] Ibid.

[11] Ibid.

[12] Ibid.

[13] Shafaq News. ‘Iraq Ranks Lowest in Gulf Oil Storage Capacity’. Shafaq News, 9 March 2026. https://shafaq.com/en/Economy/Iraq-ranks-lowest-in-Gulf-oil-storage-capacity.

[14] Sheng, James J. ‘Shut-in Effect on Oil Recovery under Different Reservoir and Operation Conditions’. Petroleum Science and Technology 42, no. 8 (2024): 939–57. https://doi.org/10.1080/10916466.2022.2143809.

[15] Alsubaih et al., ‘A Comprehensive Review of Well Integrity Challenges and Digital Twin Applications Across Conventional, Unconventional, and Storage Wells’.

[16]  Iraq Oil Report. ‘Iraq’s Northern Exports at Risk with Imminent Expiration of Turkey Treaty’. Iraq Oil Report, 2 June 2026. https://www.iraqoilreport.com/news/iraqs-northern-exports-at-risk-with-imminent-expiration-of-turkey-treaty-47824/.

[17]  Azeez, Shwan Jamal. ‘Oil Governance and Institutional Development in de Facto States: A Comparative Study of the Kurdistan Regional Government and Rojava’. The Extractive Industries and Society 25 (November 2025). https://doi.org/10.1016/j.exis.2025.101818.

[18] Iraq Oil Report, ‘Iraq’s Northern Exports at Risk with Imminent Expiration of Turkey Treaty’.

[19] Ibid.

[20]  Victoria J. Taylor and Yerevan Saeed. ‘Is the Baghdad-Erbil Oil Deal a Blueprint for Settlement—or a Stopgap?’ Atlantic Council, 30 September 2025. https://www.atlanticcouncil.org/blogs/menasource/is-the-baghdad-erbil-oil-deal-a-blueprint-for-settlement-or-a-stopgap/.

[21] Saeed |, ‘Iraq’s Oil Export Crisis Needs a Durable Baghdad-Erbil Deal’; Shokri, ‘Iraq’s Northern Exports Return, but Supply Risks Persist’.

[22] Iraq Oil Report, ‘Iraq’s Northern Exports at Risk with Imminent Expiration of Turkey Treaty’.

[23] Ibid.

[24] Ibid.

[25] John Lee, ‘Iraq-Turkey Pipeline Contract to Be Negotiated | Iraq Business News’ John Lee. ‘Iraq-Turkey Pipeline Contract to Be Negotiated | Iraq Business News’. Iraq Business News, 27 May 2026. https://www.iraq-businessnews.com/2026/05/27/iraq-turkey-pipeline-contract-to-be-negotiated/.

[26] Toomey, Bridget. ‘Iraq Is Envisioning New Oil Pipelines — But They Are Likely a Pipe Dream’. FDD, 5 May 2026. https://www.fdd.org/analysis/2026/05/05/iraq-is-envisioning-new-oil-pipelines-but-they-are-likely-a-pipe-dream/.

[27] StringersHub. “Iraq: Iraq, Türkiye Sign Agreement to Transport Crude Oil Exports via Ceyhan Port.” Video, 00:51. August 2, 2026. Reuters Connect. https://www.reutersconnect.com/item/iraq-iraq-turkiye-sign-agreement-to-transport-crude-oil-exports-via-ceyhan-port/dGFnOnJldXRlcnMuY-29tLDIwMjY6bmV3c21sX09XU0hCQzExNzI0MDU.MOFA. ‘A High-Level Iraqi Delegation Visits Ankara to Discuss the Iraqi-Turkish Pipeline Agreement and Strengthen Cooperation in the Energy Sector’. MOFA, 3 July 2026. https://mofa.gov.iq/2026/63121/.

[28] Salem, Amr. ‘Iraq Seeks to Revive Oil Pipeline via Saudi Arabia to the Red Sea’. Iraqi News, 15 April 2026. https://www.iraqinews.com/iraq/iraq-seeks-to-revive-oil-pipeline-via-saudi-arabia-to-the-red-sea/.

[29]  Iraq Starts Work on Basra-Haditha Oil Pipeline, State News Agency Says’. Energy. Reuters, 1 May 2026. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-starts-work-basra-haditha-oil-pipeline-state-news-agency-says-2026-05-01/.

[30]  Todd Riggs. ‘Iraq Basra-Haditha Pipeline Push’. Oil & Gas Middle East, 28 April 2026. https://www.oilandgasmiddleeast.com/news/iraq-basra-haditha-pipeline-push.

[31]  ‘Iraq to Start Receiving Bids for Basra-Haditha Oil Pipeline Project’. Iraqi News, 8 April 2026. https://www.iraqinews.com/iraq/iraq-to-start-receiving-bids-for-basra-haditha-oil-pipeline-project/.

[32]  Reuters. ‘Iraq Approves Preliminary Agreements to Study Strategic Oil Export Pipeline Projects’. Energy. Reuters, 5 July 2026. https://www.reuters.com/business/energy/iraq-approves-preliminary-agreements-study-strategic-oil-export-pipeline-2026-07-05/.

[33]  Ahmed Mousa Jiyad. ‘Debating the Iraq-Jordan Oil Pipeline’. Iraq Business News, 12 July 2022. https://www.iraq-businessnews.com/2022/07/12/debating-the-iraq-jordan-oil-pipeline/.

[34] Lefebvre, ‘The Diplomacy of Imperialism’; Ahmed Mousa Jiyad, ‘Debating the Iraq-Jordan Oil Pipeline’; Saeed, ‘A New Opportunity for the Basra-Aqaba Pipeline?’

[35] ‘Iraq to Build Twin Oil and Gas Pipeline to Jordan Port City’. Rudaw, 6 February 2018. https://rudaw.net/english/middleeast/iraq/060220181.

[36] Merza, Ali. Taba’at Naftiyya Li-Harb al-Khalij 2026: Durus Wa-’Ibar" [Oil Implications of the 2026 Gulf War: Lessons and Insights]. Iraqi Economists Network, 2026.

[37] Jiyad, Ahmed Mousa. ‘Basra - Aqaba Crude Oil Pipeline: Economic, Legal, Geopolitical, Geostrategic and National Security Perspectives’. 19 September 2022, 18

[38] Karam Shaar, ‘Iraq-Syria Oil Pipeline’.

[39] Pipeliner. ‘The Kirkuk – Banias Pipeline’. Pipeliner, 28 March 2011. https://www.pipeliner.com.au/internationalnews/the-kirkuk-banias-pipeline/.

[40] Ibid.

[41] Karam Shaar, ‘Iraq-Syria Oil Pipeline’.

[42] Ibid.

[43] Salem, ‘Iraq Seeks to Revive Oil Pipeline via Saudi Arabia to the Red Sea’.

[44]  Abdulrahman Salah. ‘3 مصادر: لا مفاوضات عراقية–سعودية لإعادة إحياء خط أنابيب النفط | Three Sources: No Iraq–Saudi Arabia Negotiations on Reviving the Oil Pipeline’. Attaqa, 16 April 2026. https://attaqa.net/2026/04/16/3-%d9%85%d8%b5%d8%a7%d8%af%d8%b1-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a7%d9%82-%d9%84%d9%85-%d9%8a%d9%81%d8%a7%d9%88%d8%b6-%d8%a7%d9%84%d8%b3%d8%b9%d9%88%d8%af%d9%8a%d8%a9-%d9%84%d8%a5%d8%b9%d8%a7%d8%af%d8%a9/.

[45] Ibid.

[46] The Jerusalem Post. ‘Iraq, Turkey Discuss Protocol to Keep Oil Exports Flowing, Iraqi Foreign Ministry Says’. The Jerusalem Post, 3 July 2026. https://www.msn.com/en-us/news/world/iraq-turkey-discuss-protocol-to-keep-oil-exports-flowing-iraqi-foreign-ministry-says/ar-AA278qLI.