لە ڕووی مێژووییەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی چیندا شوێنێکی گرنگی نەبوو، بەڵام ئەم دۆخە بەردەوام لە گۆڕاندایە. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، پێگە و کاریگەریی چین لەم ناوچەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بووە و لەوانەیە ئەم ڕەوتە لە داهاتووشدا بەردەوام بێت.

عێراق شوێنێکی گرنگ و چارەنووسسازی لە ستراتیژیی چیندا هەیە، چونکە جگە لەوەی توانایەکی ئابووریی بەرچاو و هەلی فراوانی بۆ گەشە و پەرەپێدان هەیە، هاوکات کاریگەرییەکی بەرچاویشی هەیە لەسەر سیاسەت و مامەڵەی وڵاتانی دراوسێی خۆی. لە هەمووی گرنگتر، عێراق بە هۆی ئابووری و ژینگە سیاسییە نیمچە-کراوەکەیەوە ئاستێکی بەرچاو ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێدایە، بەڵام هێشتا زۆر تایبەتمەندی هەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی جیای دەکاتەوە.

ئەم تایبەتمەندییانە هەل بۆ چین دەڕەخسێنێت تا پێگەی خۆی لە کایەی سیاسیی عێراقدا پەرەپێبدات، لە ڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان و هەروەها دامەزراندنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان. لە بواری ئابووریشدا، چین توانیویەتی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان و هاوبەشە ئابوورییەکانی لە عێراق دروست بکات، بە شێوەیەک کە ئەم پەیوەندییانەی لە ئاستی کۆمپانیا بە کۆمپانیا لە سەرانسەری وڵاتدا پەرەپێداوە.

ئەم ڕاپۆرتە هەوڵێکە بۆ شیکارکردنی سیاسەتی وزەی چین لە عێراق نەک تەنیا لە ڕێگەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت یان ئامارە بازرگانییەکان، بەڵکو لە ڕێگای ئاوڕدانەوەش لە مێژووی سیاسەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خواستی بۆ وزە و هاوکات هەوڵی پاراستنی ئاسایشی وزەی نیشتمانی[1]. بەڵام ئەم تێڕوانینە بە تەنیا بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی هاوچەرخی چین لە عێراق بەس نییە. چونکە ستراتیژیی چین لە ئێستادا زۆر فراوانترە و وەبەرهێنان، بازرگانی، پەرەپێدانی ژێرخان، مامەڵەی دیپلۆماسی، هاوبەشیی دامەزراوەیی و تۆڕەکانی دەستەبژێر لەخۆدەگرێت. ئەم چالاکییانە پێکەوە پێگەی درێژخایەنی سیاسی و ئابووری و ستراتیژیی چین لە عێراق بەهێزتر دەکەن.

پەیوەندی چین وعێراق: مێژوویەکی کورت

بۆ تێگەیشتن لە ستراتیژیی هاوچەرخی چین لە عێراق، پێویستە لێکۆڵینەوە لە مێژووی پەرەسەندنی ئەم پەیوەندییە بکرێت. پێگەی ئێستای چین لە عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لەناکاو سەری هەڵنەدا، بەڵکو لە ڕێگەی چەند قۆناغێکی جیاوازەوە پەرەی سەندووە و هەریەکەیان پانتایی بەشداریکردنی چینیان فراوانتر کردووە.

پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان چین و عێراق لە کۆتاییەکانی دەیەی 1950'وە، کاتێک عێراق لە سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری گۆڕا، دەستیان پێکرد. بەڵام، چین تا ماوەیەکی درێژ بە شێوەیەکی بەرچاو لە بواری ئابووریدا ئامادەبوونێکی کاریگەری نەبوو. یەکەم هەنگاوی گرنگی چین لە عێراق لە ماوەی جەنگی ئێران–عێراق لە دەیەی 1980'کاندا دەستیپێکرد، کاتێک لە ڕووی سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەوە پەیوەندییەکانی فراوانتر کرد. دواتر، لە ماوەی سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا، بەشداریی خۆی لە کەرتی وزەی عێراق دەست پێکرد.

چین لە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەو جەنگەدا دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو: یەکەم: فرۆشتنی چەک بە دەوڵەتان، دووەم: ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت. لەو کاتەدا، وادیار بوو کرێملین بە هێواشی لە بەغدا دوور دەکەوێتەوە و زیاتر لە تاران نزیک دەبێتەوە. دێنگ شیاوپینگ، سەرکردەی ئەوکاتی چین، بە بیرکردنەوەیەکی پراگماتیک ئامادە بوو بە شێوەیەکی نهێنی چەک بە بەغدا بدات، بۆ ئەوەی عێراق لە ژێر کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت دەربهێنێت.[2]

کۆمپانیای پیشەسازی باکووری چین - نۆرینکۆ (NORINCO)، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و دامەزراوە سەرەکییەکانی فرۆشتنی چەک، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای ڕزگاریی گەل (PLA) هەبوو و ڕۆڵێکی سەرەکی لە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەدا گێڕا. هەروەها ئەم پەیوەندییە بۆ پەکین سەرچاوەیەکی گرنگی دەستکەوتنی دراوی بیانی (hard currency) بوو. [3]بە فرۆشتنی چەک بە عێراق، چین توانی کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت سنووردار بکات، دەرگای بازاڕێکی نوێ بۆ خۆی بکاتەوە، لە هەمان کاتدا هاوسەنگی لەنێوان دوو وڵاتی دوژمن، واتە عێراق و ئێران، بپارێزێت.[4]

 ئەم پەیوەندییە سەربازییە سەرەتاییانە گرنگ بوون، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی بناغەی پەیوەندیی دوولایەنەیان دانا، بەڵکو ئەو تایبەتمەندییەشیان پیشاندا کە بەشداریی چین زۆرجار ئاوێتەیەکە لە بەرژەوەندییە ئابووری، سیاسی و ستراتیژییەکان، کە یەکتر بەهێز دەکەن نەک ئەوەی بە جیاواز کار بکەن. ئەم ڕێبازە یەکگرتووە، بە تێپەڕبوونی کات لە کەرتی وزەشدا بە ڕوونی و زیاتر دەردەکەوێت.

لە ناوەڕاستی دەیەی 1990'کاندا، چین بە شێوەیەکی چالاک دەستی بە بەشداریی لە کەرتی نەوتی عێراقدا کرد. لەو کاتەدا، بەغدا بەهۆی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر سنووردار کرابوو. لە چوارچێوەی بەرنامەی «نەوت بەرامبەر خۆراک» (Oil-for-Food Programme)، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1996 ڕێگەیان بە عێراق دا لە ماوەی 180 ڕۆژدا نەوت بفرۆشێت بە بەهای تا 2  ملیار دۆلار.[5]

لە مانگی 6ی 1997، کۆمپانیای نۆرینکۆ بە سوودوەرگرتن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سەددام حوسێن، توانی گرێبەستێکی 22 ساڵەی بەرهەمهێنانی هاوبەش (Production Sharing Contract) لەگەڵ عێراق واژۆ بکات. ئەم گرێبەستە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی چین (CNPC)یشی لەخۆگرت بە مەبەستی گەشەپێدانی نیوەی کێڵگەی نەوتی ئەلئەحدەب دوای هەڵگرتنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەغدا.[6]  دواتر CNPC و نۆرینکۆ بە هاوبەشی کۆمپانیای ئەلواحە Al-Waha 'یان دامەزراند بۆ گەشەپێدانی ئەم کێڵگە نەوتییە.[7]

ئەم هەنگاوەی چین بەرەو کەرتی نەوتی عێراق، هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی لە سیاسەتی ئابووریی چین، کە بە پێی ئەوە پەکین دەستی بە فراوانکردن و قووڵکردنەوەی وەبەرهێنانەکانی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی کرد. ئەم سیاسەتە بە ناوی «ستراتیژیی چوونە دەرەوە (Going Out Strategy 走出去战略)ناسراوە، کە لەلایەن حکومەتی چینەوە وەک بەشێک لە ستراتیژیی گەشەی ئابووری و لە کۆنفڕانسی پلانی پێنج ساڵەی نۆیەمی چین لە ساڵی 1995 پێشکەش و جێبەجێ کرا.

هەربۆیە، چوونە ناو کەرتی نەوتی عێراق لەلایەن چینەوە تەنیا بڕیارێکی بازرگانی نەبوو کە کۆمپانیاکان بە تەنیا خۆیان دایاننابێت، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیژیی گشتیی نیشتمانیی چین. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، وەبەرهێنانە دەرەکییەکانی لە بواری وزە وەک ئامڕازێک بۆ فراوانکردنی پێگەی جیۆپۆڵەتیکی و ئابووریی خۆی لە دەرەوەی وڵات بەکاریهێنا.

لە نێوان مامەڵەکانی فرۆشتنی چەک لە دەیەی 1980 و گرێبەستە نەوتییەکانی دەیەی 1990، عێراق بڕێکی زۆر قەرزی چینی لەسەر کەڵەکەبوو. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حکومەتی ئەمریکا داوای لە کۆمەڵەی وڵاتانی قەرزدەر لە یانەی پاریس کرد تا لە 80% ی قەرزەکانیان لەسەر عێراق خۆش ببن. چینیش ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەڵسەنگاندنەوە و لێخۆشبوونی قەرزەکانی لە لای عێراق[8].

لە کاتێکدا کە یانەی پاریس میکانیزم و مەرجە هاوبەشەکانی خۆی بۆ بەخشینی عێراق لە قەرزەکان جێبەجێ دەکرد، پەکین پڕۆسەکەی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی دوولایەنە و بە وریاییەوە بەڕێوەبرد. ئەمەش بۆ چین ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە ڕێککەوتنەکانی بە پێی بارودۆخی دیاریکراوی عێراق ڕێکبخات و لە هەلومەرجە سیاسییەکانی وڵاتەکەش سوود وەربگرێت.

هەروەها چین هەوڵی دا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی نوێی عێراق، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هاتبوونە سەر دەسەڵات، پەرەپێبدات. پەکین لە ساڵی 2007 بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراقی کرد بۆ سەردانیکردنی چین. پێش ئەم سەردانە، تاڵەبانی داوای کرد چین عێراق ببەخشێت لە 8 ملیار دۆلاری قەرزەکانی.[9] بە گوتەی جۆن لی ئەندەرسۆن، تاڵەبانی بە مەیلی لایەنگری چین و سەرسامی قووڵی بە چەمکی شەڕی گەلی ماو ناسرابوو، کە لە چیاکان دژی ڕژێمە ستەمکارەکان دەجەنگن.[10] ئەم ڕێبازەی چین، کە هەم لە هاندان و هەم لە دابینکردنی هەندێک داواکاریی سەرکردە نوێکانی عێراق سوود وەردەگرێت، یارمەتیی دا پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵات دووبارە بژێندرێنەوە.

دواتر، بەغدا کۆمپانیا چینییەکانی بانگهێشت کرد بۆ بەشداریکردن لە پێشکەشکردنی تەندەرەکانیان بۆ گرێبەستەکانی گەڕان بەدوای نەوتدا، هەروەها ڕێککەوتنی گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی ئەلئەحدەب، کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا واژۆکرابوو، دووبارە چالاک کرایەوە. لە هەمان کاتدا، عێراق بەردەوام داوای لێخۆشبوونی قەرزەکانی لە چین دەکرد و لە کۆتاییدا، پەکین لە زۆرینەی ئەو قەرزانەی خۆشبوو. [11]

بۆیە لێخۆشبوون لە قەرزەکان تەنیا ئامانجێکی دارایی نەبوو بەڵکو هاوکار بوو بۆ بنیاتنانەوەی متمانەی سیاسی لە نێوان بەغدا وپەکین. ئەمەش هەلومەرجێکی دروستکرد کە ئاسانکاری کرد بۆ گەڕانەوەی چین بۆ کەرتی وزەی عێراق، دەرفەتەکانی بۆ هاوکارییکردنی ئابووری فراوانتر کرد. ئەم داینامیکیەتە لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی کردووە.

لە مانگی 5ی 2024، عێراق دەستیکرد بە خولی مۆڵەتدانی «پێنجەم-زیادکراو» و «شەشەم» بۆ گرێبەستەکانی نەوت وغاز. ئەم خولە، زیاتر لە هەر ڕووداوێکی دیکە، باشتر وێنەی پەیوەندیی هاوچەرخی چین و عێراق نیشان دەدات. لە ماوەی سێ ڕۆژی بەڕێوەچوونی ئەم خولەدا، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بانگهێشت کران بۆ پێشکەشکردنی داخوازی بۆ 29 پڕۆژەی نەوت و غاز. کۆمپانیا نەوتییە چینییەکان توانیان لە زۆربەی ڕکابەرەکانیان ببەنەوە، لەوانەش کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان. لە کۆتاییدا، لە کۆی 13 بلۆک 10 بلۆک بە کۆمپانیا چینییەکان درا، کە ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەبوون و پێگەی ئەوانی لە کەرتی نەوتی عێراقدا فراوانتر کرد.[12] 

براوەکان تەنیا کۆمپانیا گەورەکانی دەوڵەت نەبوون وەک Sinopec و CNOOC، بەڵکو کۆمپانیا تایبەت و بچووکەکانیش بوون، وەک Geo-Jade Petroleum و Zhenhua Oil[13]

لەگەڵ ئەوەی بەشداریی چین لە کەرتی وزەی عێراقدا زیاتر لەسەر بنەمای دەرفەتخوازی و ناسینەوەی لاوازییە سیاسییەکان بوو[14]، بەڵام گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی چین کە لە ستراتیژیی چوونە دەرەوە (Going Out Strategy) دا داڕێژرابوون، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی خواستی چین بۆ نەوت، هۆکار بوون بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات بەشداری و پەیوەندییەکانی چین لە عێراقدا پتەوترببن.

بەهێزکردنی پەیوەندییەکان

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ئاڕاستەیەوە، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و چین ساڵ لە دوای ساڵ گەشەیەکی بەردەوامی دەکرد. چین لە ماوەی کەمتر لە دەیە و نیوێکدا لە یاریکەرێکی سنووردار لە کەرتی نەوتی عێراقەوە گەیشتووەتە ئاستی یەکێک لە سەرەکیترین ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لەم کەرتەدا. ئەمە هەندێک جار ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی دروست کردووە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تەنیا لەسەر بەرژەوەندییەکانی وزە بنیات نراون؛ بەڵام ئەم دیدگایە سنووردارە و تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکە دەخاتەڕوو. چونکە هاوکات عێراق بازاڕێکی گرنگی بەکاربەرە بۆ بەرهەم و کاڵا چینییەکان. بۆ تێگەیشتن لە فراوانبوونی ئەم پەیوەندییانە، دوو ڕوانگەی سەرەکی بۆ لێکدانەوەی ئەم گەشەیە هەن.

یەکێک لە ڕوانگە گرنگەکان ئەوەیە چین وەک وڵاتێک ببینرێت کە لە قۆناغی گواستنەوە بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدایە، پرۆسەیەک کە لە کۆتایی 1970 دەستی پێکردووە و هێشتا بەردەوامە. لە پێناو بەردەوامبوونی ئەم گواستنەوەیەدا، چین پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سروشتییەکان، بازاڕی نوێ و دەروازەی هەناردەکردنی کاڵاکانی هەیە. یەکێک لە گرنگترین دەربڕینەکانی ئەم ستراتیژییە دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگایە  (Belt and Road Initiative)یاخود ڕێگەی ئاوریشمی نوێ، کە ئامانجی بریتییە لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بۆ فراوانکردنی بازاڕەکان و زیادکردنی هەناردە و دابینکردنی سەرچاوە گرنگەکان بۆ ئابووری چین. [15]

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چین ئەم ستراتیژییانە لە ڕێگەی کۆمپانیا دەوڵەتییەکانەوە جێبەجێ دەکات، ئەوەش سنووری نێوان دەوڵەت و سوپا و کەرتی تایبەت و دامەزراوە ئابوورییەکان ئاڵۆزتر دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ژمارەیەک لە توێژەران و زانایان چین بە نموونەیەکی نیۆمێرکانتیلیستی (Neo-mercantilist) دەناسێنن، واتە وڵاتێک کە هێزی دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پشتگیریی بازرگانی، فراوانکردنی هەژموونی ئابووری و دابینکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکان بەکاردەهێنێت.

ڕوانگەی دووەم ئەوەیە کە بۆ ئەوەی چین پێداویستی وزە لە ماوەی درێژخایەندا بۆ خۆی مسۆگەر بکات، پێویستە چالاکییەکانی لە عێراق لە سنووری کەرتی نەوت تێپەڕێنێت. بۆیە، جگە لە وەبەرهێنان لە نەوت، لە بازرگانی، پەرەپێدانی ژێرخان، دیپلۆماسی و بنیاتنانی دامەزراوەکانیش چالاک دەبێت.

ئەم چالاکیانە بە یەکەوە پەیوەستن و ئامانجەکەیان بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی وزە، دەستگەیشتن بە بازاڕەکان و بەهێزکردنی کاریگەریی سیاسی و ئابووریی چین لە عێراقدا. ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ بنەماکانی تیۆری نیۆ-مێرکانتیلیزم یەکدەگرێتەوە، کە تێیدا دەوڵەت ئامرازەکانی وەک وزە، بازرگانی، دیپلۆماسی و لە هەندێک باردا، هێزی سەربازی، بە شێوەیەکی یەکگرتوو بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی بەکاردەهێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، دامەزراوە و کۆمپانیا دەوڵەتییەکان، تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەش کە بە شێوەیەکی فەرمی سەربەخۆ دەردەکەون، زۆرجار لەگەڵ ئامانجە گشتییە ستراتیژییەکانی دەوڵەت هاوتەریب دەبن و لە سنووری ئەو سیاسەتانەدا چالاکی ئەنجام دەدەن.

ئەمە پەیوەندییەکی یەک ‌لایەنە نییە. بۆ عێراق، نەوت تەنیا کاڵایەکی بازرگانی نییە، بەڵکو بابەتێکی ستراتیژیی و نیشتمانیشە. لە ڕاستیدا، دەستووری عێراق لە ماددەی 111'دا دەڵێت: "نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا".[16] گرنگی ئابووریی ئەم سەرچاوەیە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی دەوڵەت و بنەمای ئابووریی وڵاتەکەیە.

 هەروەها، نەوت ڕۆڵێکی سیاسی گرنگیشی هەیە چونکە عێراق نموونەی دەوڵەتێکی کرێخۆرە (Rentier State)؛ ئەو جۆرە دەوڵەتەی کە زۆربەی داهاتی لە رانت و سەرچاوە سروشتییەکان، بە تایبەتی نەوت، وەردەگرێت نەک لە باج یان بەرهەمهێنانی ناوخۆ. ئەم جۆرە سیستەمە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شێوازی حوکمڕانی، دامەزراوە سیاسییەکان و پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا هەیە.

مێژووی تایبەتی عێراق و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە هۆکاری دروستبوونی کلتوورێک لە گومان و نائاسودەیی بەرامبەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییە ڕۆژئاواییەکانی نەوت بوون. ئەم بارودۆخە بۆ چین، کە خاوەنی ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژی و مێژوویەکی دژە-کۆلۆنیالیزمە، بەرژەوەندییەکی گرنگی دروست کرد. ئەم ناسنامەیە، بە تایبەتی لەنێوان ئەو دەستەبژێرە سیاسییانەی شیعەی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران، پەسەند بوو؛ ئەوانیش هەوڵیان دەدا هەژموونی کۆمپانیا نەوتییە زەبەلاحە ئەمریکییەکان کەم بکەنەوە.[17] بۆیە سەیر نییە کە لە سەرەتاوە ڕوویان لە کۆمپانیا نائەوروپی و نارۆژئاواییەکانی وەک کۆمپانیا چینییەکان کرد.

هاوکات لەگەڵ مامەڵە و ڕێکەوتنە ئاسایی و ڕاستەوخۆکانی نەوت، حکومەتی عێراقیش پشتی بە چین بەستووە بۆ وەرگرتنی قەرز، بە مەبەستی دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ پرۆژەکانی گەشەپێدان. حکومەت تێگەیشتووە کە بە تەنیا ناتوانێت وڵاتەکە بونیاد بنێتەوە، چونکە %61.7'ی بودجەکەی بۆ خەرجییە کارگێڕییەکانی وەک مووچە، خانەنشینی، بیمەی کۆمەڵایەتی و پاڵپشتییەکان[18]  تەرخان دەکرێت. لە ئەنجامدا، عێراق ڕووی لە پەکین کردووە بۆ وەرگرتنی قەرز بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژە گەورەکانی تایبەت بە ژێرخانی وڵات.

لەگەڵ ئەوەشدا، چین هێشتا بەردەوامە لە ناسین و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دەستەبژێرە سیاسییانەی کە بە دۆستی نزیکی خۆی دەزانێت. بەپێی وتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، کە وەک ڕاوێژکار لە چەندین کابینەی جیاوازی حکومەتی عێراق خزمەتی کردووە، عادل عەبدولمەهدی ئەو کەسە بووە کە لە دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و عێراق گێڕاوە. وەک جەلال تاڵەبانی، ئەویش بە کەسێکی دڵبەستەی چین ناسراوە. لە ماوەی کارکردنی لە وەزارەتی نەوت و دواتر وەک سەرۆک وەزیران، بەرنامەی «نەوت لە بەرامبەر ژێرخان»ی پەرەپێدا.[19]

کاتێک چین بوو بە هاوبەشێکی قبوڵکراو لە کەرتی وزەدا، هاوکارییەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەرەو کەرتەکانی دارایی و پەرەپێدانی ژێرخانیش فراوان بوون. ئەمە گۆڕانێکی جۆریی لە پەیوەندییەکەدا دروست کرد چونکە نەوت چیتر تەنیا بابەتی هاوکاری نەبوو، بەڵکو بوو بەو میکانیزمە داراییەی کە لە ڕێگەیەوە پەیوەندییە ئابوورییە فراوانترەکان ئەنجام دەدران.

بڕیارەکەی عێراق لە ساڵی 2015 بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی پشتێنە و ڕێگا نموونەیەکی دیاری ئەم گۆڕانکاریەیە. عادل عەبدولمەهدی وتی: لەگەڵ هاوڕێ چینییەکانمان، هەوڵمان دا ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ گەشەپێدان لە عێراق بقۆزینەوە. پێشنیارمان کرد نەوت بۆ گەشەپێدانی عێراق بەکاربهێنرێت چونکە پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەی گشتگیری ژێرخان و دامەزراوەکانی دیکەی هەیە. [20] ئەم هەنگاوە ڕێگەی بە چین دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی بەهێزتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر بکات؛ بە شێوەیەک کە بۆ هەردوولا سوودمەند بوو.

چۆن چین عێراق بەڕێوە دەبات؟

ئەگەر وزە خاڵی سەرەکی هاتنە ژوورەوەی چین بێت بۆ عێراق، پرسیاری دواتر ئەوەیە کە چۆن چین ئەو بەرژەوەندییانە لە درێژخایەندا دەپارێزێت؟ وەڵامەکە لە ستراتیژییەکی فرەلایەنەدایە کە دیپلۆماسی، بەشداریکردنی دامەزراوەیی، بوونی بازرگانی و هێزی نەرم ئاوێتە دەکات.

چین باڵیۆزخانەیەکی لە بەغدا و دوو کونسوڵخانەی دیکەی دامەزراندووە، کونسوڵخانەیەک له هه ولێر له ساڵی 2014 [21]  به ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چین له ڕێگەی بنیاتنانی په یوەندی له گه ڵ دەستەبژێری ناوخۆدا. کونسوڵخانەی دووەم لە بەسرە [22]  لە ساڵی  2023 دەستی بەکارەکانی کرد و بە پلەی یەکەم تیشکی خستۆتە سەر کەرتەکانی نەوت و غاز. بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەستەبژێرەکان و سەرنج ‌دان لە کەرتە ئابوورییە گرنگەکان دوو ئاڕاستەی جیاواز نین بەڵکوو لەگەڵ یەکتردا هاوتەریبن. لە ڕاستیدا، هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی چین لە عێراق هاوکات هەردوو ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن: پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و دروستکردنی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.

هەروەها، چین لە ڕێگەی بەرنامە فراوانەکانی بانگهێشت و گەشت و ڕاهێنانەوە تۆڕی پەیوەندییەکانی خۆی لە عێراق فراوان دەکات. ئەم بەرنامانە فەرمانبەرانی حکومەتی عێراق لە ئاستی ناوەندی و هەرێمی، هەروەها کرێکار و پسپۆڕانی کەرتی نەوت دەگرنەوە. چین نزیکەی دوو دەیەیە بەردەوام ئەم شێوازی هاوکاریکردنەی بەکارهێناوە. لە ڕێگەی ئەم بەرنامانەوە، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی خۆی بە دەستەبژێر و فەرمانبەرانی عێراقی فراوان بکات و ئاشناییان بە چین و شێوازی کارکردنی دامەزراوەکانی زیاد بکات. بەڵام ئەم بەرنامانە زۆرجار لە چوارچێوەی بەرنامە و ڕاگەیاندنی فەرمیی چیندا بەڕێوە دەچن، کە سنووری دەستگەیشتنی میوانانی عێراقی بە دیدگا و زانیارییە جیاوازەکان کەم دەکات. لە ئەنجامدا، تێگەیشتنی زۆرێک لە بەشداربووان لە چین زۆرجار لە چوارچێوەی وێنەیەکی هەڵبژێردراو و کۆنترۆڵکراودا دروست دەبێت، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دابنێت.

تایبەتمەندییەکی گرنگی شێوازی کارکردنی چین ئەوەیە کە چالاکییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئامانجە گشتی و ستراتیژییەکانی دەوڵەتدا هاوتەریب دەکات. لە چوارچێوەی ئەم ڕێبازەدا، کۆمپانیا نەوتییەکان، کۆمپانیا ئەندازیارییەکان، بەڵێندەرانی بیناسازی، دابینکەرانی کەلوپەل و ئامێر، دامەزراوە داراییەکان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان زۆرجار بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ کار دەکەن. هەرچەندە هەریەکەیان ئامانج و بەرژەوەندیی بازرگانیی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام چالاکییەکانیان لە ئاستێکی گشتیدا یەکتری تەواو دەکەن بە بەهێزکردنی ئامانجە ستراتیژییەکانی چین لە عێراق.

بۆ نموونە، وەبەرهێنانە گەورەکانی چین لە بەشی بەرهەمهێنانی کەرتی نەوت (بەشی گەڕان و دەرهێنان) خواست بۆ خزمەتگوزارییە ئەندازیارییەکانی کۆمپانیا چینییەکان دروست دەکات. ئەم خزمەتگوزارییانەش زۆرجار لەگەڵ پەرەپێدانی ژێرخان، هاوکاری لە بواری کەرتی گەیاندن و پەیوەندییەکان، ڕاهێنانی تەکنیکی و فراوانبوونی بازرگانیی ئەلیکترۆنیدا تێکەڵ دەبن. بەم شێوەیە، چین تەنیا لە یەک بواردا وەبەرهێنان ناکات بەڵکو تۆڕێکی پەیوەست لە چالاکییە ئابوورییەکان دروست دەکات کە هەریەکەو پشتگیری ئەوی تر دەکەن.

لە ئەنجامدا، پەیوەندیی ئابووریی عێراق بە چین تەنیا لە هەناردەکردنی نەوتی خاو قەتیس و سنووردار نامێنێت، بەڵکو بوارەکانی ژێرخان و تەکنەلۆژیا و کارەبا و بازاڕی بەرهەمە بەکارهێنەرەکان و گەشەپێدانی پیشەسازییش دەگرێتەوە. ئەم پەیوەندییە فراوان و پێکەوە گرێدراوانە، پێگەی ئابووری و ستراتیژیی چین لە عێراق لە ماوەی درێژخایەندا بەهێزتر دەکەن.

ئەم ستراتیژییە فراوانترە و لە جۆراوجۆریی ئەو کۆمپانیا چینیانەوە دەردەکەوێت کە لە عێراق کار دەکەن. دامەزراوە حکومییە گەورەکان، کۆمپانیا تایبەتەکان، کۆمپانیاکانی ئەندازیاری، و دابینکەرانی خزمەتگوزاری، بە یەکەوە سیستەمێکی بازرگانی فراوان دروست دەکەن.

خشتەی 1: کۆمپانیا چینییە چالاکەکان لە کەرتی نەوتی عێراق بەپێی زنجیرەی بەرهەمهێنان (2026)

سەرچاوە: کۆکراوەتەوە لەلایەن توێژەری یاریدەدەری ناوەندی ضياء جعفر، بە سوود وەرگرتن لە بڵاوکراوە گشتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی، ڕاپۆرتی کۆمپانیاکانی نەوت، هەروەها ڕاپۆرتە هەواڵیەکان.


ئاسایشی وزەی چین بەرامبەر نائارامی عێراق (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)

فراوانبوونی کاریگەریی چین پرسیارێکی ستراتیژیی گرنگ دەوروژێنێت: لە کۆتاییدا کام لایەن زیاتر پشت بە ئەوی دیکە دەبەستێت؟ بۆ ماوەیەکی درێژ بۆچوونی باو ئەوە بوو کە چین بە شێوەیەکی زۆر پشت بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی عێراق، دەبەستێت. هەروەها، نائارامییە بەردەوامەکانی ناوچەکە بە لاوازیی ستراتیژیی چین (پاژنەی ئەخیل) دادەنرا، چونکە پەکین توانایەکی سنوورداری هەبوو بۆ دانانی کاریگەری لە سەر پێشهاتەکانی ناوچەکە.[23]

بەڵام، پێشهاتەکانی دەیەکانی ڕابردوو، بە تایبەتی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، ئەوەیان پیشاندا کە ئەم تێڕوانینە بە تەواوی دروست نییە. لە بەرامبەردا، ئێستا زیاتر ئەوە دەردەکەوێت کە عێراق و دەوڵەتە بەرهەمهێنەرەکانی وزە لە ناوچەکەدا زیاتر پشت بە چین دەبەستن، چونکە بووەتە گرنگترین بازاڕ و هاوبەشی بازرگانی ئەوان.

لە ڕاستیدا، عێراق زیاتر پشت بە چین دەبەستێت نەک بە پێچەوانەوە. جگە لەوەی چین گەورەترین بازاڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە، هەروەها سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی کاڵای هەرزانیشە بۆ هاوڵاتیانی عێراق. سەرباری ئەوە، کۆمپانیا چینییەکان لە بوارەکانی گرێبەست، کارەبا و وزەی نوێبووەوەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن. لە ئەنجامدا، ئەو پرسیارەی بە جدی دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا عێراق زیاد لە پێویست پشتی بە چین نەبەستووە؟ هەروەها، ئایا پێویستی بە گۆڕانکارییە بونیادییەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت؟

هەندێک لە لایەنەکانی عێراق، بە تایبەتی دەستەبژێری دەسەڵاتدار و گروپە سیاسییە شیعەکان، دەیانەوێت چین وەک هێزێکی هاوسەنگەر لە بەرامبەر هێز و کاریگەری ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵ ببینێت. بەڵام چین ئەم ئامانجە ستراتیژییە هاوبەشەی نییە. لە ڕوانگەی چینەوە حوکمڕانی خراپ بەڕێوەبردنی نادروستی ئابووری لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە، ڕکابەری و ناکۆکییە بێهۆکارەکانی نێوانیان، هەروەها دەستێوەردانە جیۆپۆلەتیکییە بەردەوامەکان، هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری و نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

ئەم پێشهاتانە ئاماژەیەکی گرنگ بە ڕێڕەوی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان چین و عێراق دەدەن. ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، پێگەی چین بە شێوەیەکی قووڵتر لە ئابووریی سیاسیی عێراقدا جێگیر دەبێت. چین ئێستا گەورەترین ئەکتەری نێودەوڵەتییە لە بەرهەمهێنانی  پیشەسازیی نەوت و غاز، واتە لە بواری گەڕان و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز. [24]

هەروەها، چین بەراورد بە هاوڕکابەرەکانی، لە زۆر لە بوارە گرنگەکانی دیکەش وەک گواستنەوە و پەیوەندیکردن، ژێرخان و بازاڕی کاڵاکانی ڕۆژانە، لە پێگەیەکی بەهێزتردایە. ئەمە، جگە لە هێزی نەرمی چین، ئاستێکی دیکەی دەرفەت و توانای کاریگەری بۆ دابین دەکات. لە کۆی گشتیدا، ئەم ڕەهەندانە چین لە پێگەیەکی بەهێزتردا دادەنێن، نەک تەنیا لە بەرامبەر دەستەبژێرەکانی عێراق، بەڵکو لە بەرامبەر کۆمەڵگەی فراوانی عێراقیش.

 

ئەنجام

ئەو بەڵگانەی لە سەرانسەری ئەم ڕاپۆرتە پێشکەش کراون، پیشانی دەدەن کە هەڵکشانی ڕۆڵی چین لە عێراق ناتوانرێت تەنیا بە زیادبوونی هاوردەکردنی نەوت یان سەرکەوتن لە وەرگرتنی گرێبەستە گەورەکان ڕوون بکرێتەوە. بەڵکو عێراق نمونەیەکە لەوەی کە چۆن چین ئاسایشی وزە وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و دامەزراوەیی و دیپلۆماسییەکان بەکاردەهێنێت، وە چۆن ئەم پەیوەندییانەش بە تێپەڕبوونی کات یەکتر بەهێزتر دەکەن.

وەزیری نوێی نەوت، باسم محمد خدیر، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە «هەر پارێزگایەک دەبێت ببێتە پارێزگایەکی نەوتی». ئەم وتەیە نیشانەی ئەوەیە کە عێراق هێشتا ستراتیژییەکی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت و زیادکردنی پشتبەستن بە داهاتی نەوت پەیڕەو دەکات[25]. ئەم ئاڕاستەیە وابەستەیی عێراق بە بازاڕی جیهانی وزە زیاتر دەکات و وڵات لە بەرامبەر نائارامی و ناسەقامگیرییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا لە  پێگەیەکی هەستیارتر و مەترسیدارتردا دەهێڵێتەوە [26].

بۆیە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی عێراق و چین لە دەرەوەی کەرتی وزە هەم ڕەنگدانەوەی ستراتیژیی درێژخایەنی چینە و هەم ئەنجامی تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سیاسی عێراقە لە ناوچەکەدا، سیستەمێک کە ڕێگە بە پەکین دەدات لە چەندین ئاستەوە بچێتە ناو دامەزراوە و پێکهاتەکانی دەوڵەت و کاریگەری لەسەر دەستەبژێرە سیاسییەکان و کۆمەڵگا بە گشتی دابنێت. هەرچەندە وزە هێشتا بناغەی سەرەکیی ئەم پەیوەندییەیە، بەڵام تەنیا ڕەهەندی دیاریکەری ئەم هاوبەشییە نییە.



  1. Jon B. Alterman and John Garver, The Vital Triangle: China, the United States, and the Middle East (Washington, DC: Center for Strategic and International Studies, 2008). https://www.csis.org/analysis/vital-triangle-0

  2. Razoux, Pierre. The Iran-Iraq War. Harvard University Press. 2015. 86.

  3. NORINCO Group. Brief of NORINCO Group. (no date)  http://en.norincogroup.com.cn/col/col432/index.html

  4. Razoux, Pierre. The Iran-Iraq War. Harvard University Press. 2015. 87.

  5. Office of the Iraq Programme Oil-for-Food. 2023.

  6. Downs, Erica Strecke. China’s quest for energy security. Rand. 2026.  https://www.rand.org/pubs/monograph_reports/MR1244.html

  7. Al-Waha Petroleum. Our history. 2024.  https://www.petroalwaha.com/portal/portlets/informationissues/manage/content/show.php?id=110

  8. Acker, Kevin, Deborah Brautigam, and Yufan Huang. Debt Relief with Chinese Characteristics. 2020. Working Paper No. 2020/39. China Africa Research Initiative, School of Advanced International Studies, Johns Hopkins University, http://www.sais-cari.org/publications.

  9. Qin Jize. 2007. China to substantially forgive Iraq's debt. (China Daily)
    https://www.chinadaily.com.cn/china/2007-06/22/content_899832.htm

  10. Jon Lee Anderson. 2007. Mr. Big. Where is Jalal Talabani taking Iraq? The New Yorker. https://www.newyorker.com/magazine/2007/02/05/mr-big

  11. Wikileaks. China-Iraq Oil Contract Highlights Pressure in CNPC. 2008.  https://wikileaks.org/plusd/cables/08BEIJING3575_a.html

  12. Yesar Al-Maleki. Iraq Bidding: Chinese Firms Dominate. Middle East Energy Survey. 2024.  https://www.mees.com/2024/5/17/oil-gas/iraq-bidding-chinese-firms-dominate/c82ba250-1452-11ef-a899-9dc8d011780e

  13. Iraq Oil Report. Iraq awards 7 new projects in first day of 5-plus/6th licensing round. 2024. https://www.iraqoilreport.com/news/iraq-awards-7-new-projects-in-first-day-of-5-plus-6th-licensing-round-46518/

  14. Downs, Erica Strecker. China’s quest for energy security.. Rand. 2000. https://www.rand.org/pubs/monograph_reports/MR1244.html#:~:text=China%20thus%20is%20having%20to,the%20motivations%20behind%20those%20measures

  15. Charles E. Ziegler, Rajan. Menon Neomercantilism and Great-Power Energy Competition in Central Asia and the Caspian. Strategic Studies Quarterly, 2014. Vol. 8, No. 2 (SUMMER). https://www.jstor.org/stable/26270802?seq=1

  16. Iraqi Constitution. 2005. Article 111. Available on https://iq.parliament.iq/en/wp-content/uploads/sites/3/2024/04/Constitution-of-the-Republic-of-Iraq.pdf

  17. Iraq Oil Report. New details emerge in Iraqi oil deal with China. 2008. https://www.iraqoilreport.com/news/new-details-emerge-in-iraqi-oil-deal-with-china-283/

  18. Ahmed Tabaqchali. Iraq’s 2024 budget is not what it appears when it first meets the eye. 2024. Atlantic Council. https://www.atlanticcouncil.org/wp-content/uploads/2024/11/Iraqs-2024-Budget-Not-What-It-Appears.pdf

  19. Mazhar Muhammad Saleh. Discusses the reality of the agreement with China and Iraq's joining. 2023. WTV. the Belt_and_Road initiative. https://www.youtube.com/watch?v=qeUsSnch-3s WTV. (2023). د.مظهر محمد صالح: يتحدث عن حقيقة الاتفاق مع الصين والتحاق العراق بمبادرة

  20. Adil Abdul-Mahdi. China's modernization is enlightening for Iraq. China Daily. 2022. https://www.chinadaily.com.cn/a/202211/22/WS637c0741a31049175432b0e3.html

  21. Anadolu Agency. China opens consulate in northern Iraq. 2014. https://www.aa.com.tr/en/politics/china-opens-consulate-in-northern-iraq/88226

  22. CGNT. Official Opining of the Chinese General Consulate Basra. 2023. افتتاح القنصلية العامة لجمهورية الصين الشعبية في البصرة رسميا. https://arabic.cgtn.com/news/2023-10-17/1714231650309967874/index.html

  23. Ministry of Foreign Affairs, PRC. Chinese Consul General in Erbil Liu Jun Attends Launch Ceremony and Networking Event of the Great Wall Association. 2025. https://www.fmprc.gov.cn/eng/xw/zwbd/202512/t20251211_11770814.html

  24. Oxford Analytica. China will dominate Iraq’s energy sector. 2023.  https://www.emerald.com/expert-briefings/article-abstract/doi/10.1108/OXAN-DB281733/479181/China-will-dominate-Iraq-s-energy-sectorIRAQ-China?redirectedFrom=fulltext

  25. Iraqi Ministry of Oil. Oil and Gas are the People’s Resources. 2026.  النفط والغاز قوت الشعب ح2https://www.youtube.com/watch?v=TBYUtP_XDq0

  26. Bloomberg News. China's Declining Appetite for Oil Laid Bare by Iran War. 2026.  https://www.bloomberg.com/news/articles/2026-05-28/china-s-declining-appetite-for-oil-laid-bare-by-iran-war