داخستنی گەرووی هورمز دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران–ئیسرائیل–ئەمریکا، یەکێک لە دیارترین لاوازییە ئابوورییەکانی عێراقی ئاشکرا کرد: ئەویش وابەستەیی بەردەوام و زۆری کەرتی دارایی گشتییە بە هەناردەکردنی نەوت. لە چەند ڕۆژێکی سەرەتای قەیرانەکەدا، بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی و بووە هۆی لەدەستدانی ملیارەها دۆلار لە داهاتی حکومەتی فیدراڵی عێراق. ئەمە بە گەورەترین شۆکی دارایی دوای ساڵی 2003 لە عێراق دادەنرێت.
یەکێک لە نیگەرانییە گەورەکان ئەوە بوو کە ئایا بەغدا دەتوانێت بەردەوام بێت لە دابینکردنی داراییی پێویست بۆ دەوڵەت؟ لە کاتێکدا داهاتی نەوت نزیکەی 90% ی داهاتە فیدراڵییەکانە و بنەمای سەرەکیی خەرجییە گشتییەکان دابین دەکات لە مووچە و خانەنشینییەوە تا ئاسایش، پاڵپشتییەکان بۆ کەرتی کارەبا و کارپێکردنی ڕۆژانەی دامەزراوەکانی حکومەت. بۆیە وەستانی هەناردەکردن بۆ ماوەیەکی درێژ دۆخی داراییی عێراق و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەشی خستۆتە مەترسییەوە.
ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن حکومەتی فیدراڵی عێراق دەستبەجێ تووشی داڕمانی دارایی نەبووەو تا ئێستا توانیویەتی ڕووبەڕووی ئەم شۆکە بێوێنەیەی نەوت و دارایی ببێتەوە. هەروەها میکانیزمە فریاگوزارییەکانی بەردەوامیدان بە دارایی حکومەت شیدەکاتەوە، بووژانەوەی هێواشی داراییی وڵات هەڵدەسەنگێنێت، و ئەو مەرجانە دیاری دەکات کە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی داراییی درێژخایەن پێویستن لە عێراقدا.
هێشتا دوورین لە بووژاندنەوەی دوای قەیرانەکە
گرژییەکانی کەنداو چەندجارێک سەریان هەڵداو هێوربوونەوە، دەرئەنجام، هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هورمز لە دۆخێکی نائاسایی و گرژی بەردەوامدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی 6 دا دەستی پێکردەوە، کە هەندێک لە فشارە داراییەکانی قەیرانەکەی کەم کردەوە، بەڵام لە مانگی 7 دا جارێکی دیکە کەم بۆیەوە، هێشتا مەترسییە ئاسایشییەکان بەردەوامن لە سنووردارکردنی هاتووچۆی بارهەڵگرە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی متمانەی کڕیاران.
حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی مووچە، خانەنشینی و ئەرکە سەرەکییەکانی دیکەی دەوڵەت بە پشتبەستن بە چەند چارەسەرێکی خێرای وەک قەرزی ناوخۆیی، دووبارە ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و گەڕاندنەوەی بەشێکی داهاتی هەناردەکردنی نەوت.[1] بەڵام نابێت ئەم هەنگاوە خێرا و چارەسەرە بەپەلانە وەک گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی لێکبدرێتەوە. چونکە عێراق تەنیا بەشێکی کەمی داهاتە نەوتییەکانی دەستدەکەوێتەوە بەراورد بە پێش قەیرانەکە. هێشتا پێگەی داراییی وڵات زۆر لەو ئاستە نزمترە کە بتوانێت بە ئاسوودەیی بودجەکەی دابین بکات.
هەربۆیە بووژانەوەی تەواو پێویستی بەوە هەیە کە داهاتی نەوت بەلایەنی کەمەوە بگەڕێتەوە بۆ ئاستەکانی پێش قەیرانی گەرووی هورمز لە مانگی 2 ی 2026. سەرەڕای ئاساییبوونەوەی دۆخەکە لەم دواییەدا بەڵام هێشتا عێراق زۆری ماوە تا بگات بەو ئامانجە. بە مانایەکی تر، بووژانەوەی تەواوی دارایی پێویستی بە چەند مەرجێکی قورستر هەیە، ئەویش گەڕاندنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوە بۆ نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئینجا بەدەستهێنانی نرخی نەوتی نێودەوڵەتی لە سەرووی 84 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.[2] هەربۆیە تەنیا لە ژێر ئەم مەرجانەدا، وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خەمڵاندوویەتی، بەغدا دەتوانێت بە ئاسوودەیی پابەندییە دارایییە بەردەوامەکانی خۆی لە مووچە و خانەنشینی و خەرجییە کارگێڕییەکانی تری دابین بکات، بەبێ ئەوەی پشت بە قەرزی ناوخۆیی ببەستێت یان پەنا بۆ ڕێوشوێنە داراییە نائاساییەکان ببات. بەڵام ئەم بووژانەوە داراییە زەحمەتە تا کۆتایی 2026 بەدیبێت.
شۆکە داراییەکە: کاتێک کە داهاتە نەوتییەکانی عێراق داڕووخا
داخستنی گەرووی هورمز قەیرانی ئەمنی ناوچەکەی گۆڕی بۆ شۆکێکی دارایی بێ وێنە بۆ عێراق. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە بۆ ئاستێک داڕووخا کە پێشینەی نەبووە لەدوای سەردەمی سزاکانی نێودەوڵەتیی ساڵانی 1990ەکان، ئەو کاتانەی بەغدا لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی داهاتی گشتی بێبەش کرابوو.[3]
لەبەر ئەوەی داهاتە نەوتییەکان بەردەوام نزیکەی 90% ی داهاتی حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێنێت، هەر بەرمیلێک نەوت کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی هەناردەکردن لەدەست چووە، ڕاستەوخۆ بۆتە هۆی کەمبوونەوەی توانای داراییی حکومەتەکە. هێڵکاری 1 وێنەیەکی ڕوونی ئەم قەیرانە نیشان دەدات لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، کە چۆن کاریکردۆتە سەر هەناردەکردنی نەوت، داهاتە نەوتییەکان و دارایی گشتیی عێراق.
هێڵکاری 1: هەناردەکردنی نەوت و داهاتی نەوتی عێراق لە ماوەی قەیرانی گەرووی هورمز (مانگیی 6 - 1 2026)
بەرمیلە نەوتەکان لە هەر مانگێکدا، بەپێی داهاتی نەوتی (بە دۆلار) و ڕێڕەوی هەناردە

سەرچاوە: داتاکان لەلایەن نووسەرەوە بە کەڵک وەررگتن لە داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕرکدنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ ماوەی لە مانگی یەک تا حوریەزانی ٢٠٢٦ کۆرکاونەتەوە و خەمڵێندراون.
عێراق لە مانگی 2ی 2026دا زیاتر لە 107 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەکرد، کە هاوتای نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا، لە ڕێگەی تێرمیناڵەکانی باشووری کەنداو و بۆری نەوتی عێراق–تورکیا. ئەم هەناردەکردنە نزیکەی 6.8 ملیار دۆلار داهاتی مانگانەی نەوتی بۆ عێراق دابین کرد. بەڵام، لە ماوەی دوو مانگدا هەناردەکردنی نەوت بۆ زیاتر لە 90% دابەزی. تا مانگی 5 عێراق کەمتر لە 9 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کرد، کە دەکاتە نزیکەی 287 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا داهاتی مانگانەی نەوتیش بۆ نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار دابەزی، کە تەنیا نزیکەی یەک لەسەر هەشتی هەمان ئەو داهاتەنە بوو لە پێش قەیرانەکە.
هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە پەککەوتنی سیستەمی هەناردەکردنی نەوت بوو لە باشووری عێراق. تێرمیناڵەکانی نەوتی بەسرە لە کەنداو، کە نزیکەی 93% ی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراقیان بەڕێوە دەبرد، بەهۆی پچڕانی هاتووچۆی بازرگانیی کەشتی لە گەرووی هورمز لەکارکەوتن. هەناردەکردنی باشوور لە زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل لە مانگی 1 ی 2026 بۆ کەمتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە مانگی 5 دابەزی، کە یەکێک بوو لە سەختترین دابەزینە تۆمارکراوەکان لە مێژووی نوێی پیشەسازی نەوتی عێراقدا.
لە بەرامبەردا، ڕێڕەوی هەناردەکردنی باکوور لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق–تورکیا خۆڕاگرییەکی زیاتری نیشاندا. هەرچەندە لە ئاستێکی زۆر کەمتر لە توانای تەکنیکیی خۆی کاریدەکرد، چونکە، بەهۆی نیگارانییە ئاسایشییەکانەوە، بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا لەکارکەوتبوو.
هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی جەیهان لە ماوەی قەیرانەکەدا لەنێوان نزیکەی 4 ملیۆن تا 7 ملیۆن بەرمیل بوو لە مانگێکدا. ئەمە وایکرد ئەم ڕێڕەوە ببێتە تاکە دەروازەی هەناردەکردن بۆ عێراق کە تا ڕادەیەک جێگیر بوو لە قورسترین کاتەکانی قەیرانەکەدا. بێگومان سنووردارییەکانی ئەم ڕێڕەوەش واتای ئەوەیە کە تەنیا دەتوانێت بەشێکی کەم لە زیانەکانی هەناردەکردنی باشوور قەرەبوو بکاتەوە.
لە مانگی 6دا، یەکەم نیشانەکانی بووژانەوە دەرکەوتن. لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئاسایش لە کەنداو وردەوردە بەرەو هێوربوونەوە دەچوو متمانەی بازرگانییش بە هێواشی گەڕایەوە، هاتووچۆی بارهەڵگرە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز دووبارە دەستیان پێکردەوە. هەناردەکردنی باشور لەو مانگەدا بۆ نزیکەی 17 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە، و ئەمە داهاتی مانگانەی نەوتی عێراقی گەیاندە نزیکەی 2.7 ملیار دۆلار. هەرچەندە ئەمە بەراورد بە مانگەکانی 4 و 5 گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بوو بوو، بەڵام هێشتا داهاتی نەوت زۆر لەو ئاستە کەمترە کە بتوانێت بەبێ فشار پابەندییە دارایییەکانی عێراق جێبەجێ بکات.
هەروەها ئەم ئامارانە جیاوازییەکی گرنگ لەنێوان بووژانەوەی داهات و بووژانەوەی دارایی نیشان دەدەن. بووژانەوەی داهات واتای ئەوەیە کە هەناردەکردنی نەوت لە ئاستە نائاساییە زۆر نزمەکانی لوتکەی قەیرانەکەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردووە. بەڵام بووژانەوەی دارایی پێویستی بە هەلومەرجێکی زۆر قورستر هەیە.
حکومەتی فیدراڵی عێراق یاسای بودجەی ساڵی 2026 ی پەسەند نەکرد. لەبری ئەوە، دارایی گشتی بەپێی یاسای «یەک لەسەر دوانزە» لە بودجەی ساڵی پێشوو خەرجییەکانی ئەمساڵ دابین دەکات. بەم پێیە، حکومەت دەتوانێت لە هەر مانگێکدا تا بڕی یەک لەسەر دوانزەی کۆی گشتی بڕی خەرجییەکانی ساڵی 2025 خەرج بکات، بەڵام ئەمەش پەیوەستە بە بوونی داهاتی بەردەست.
بەپێی چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2025، حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ دابینکردنی خەرجییە بەردەوامەکانی و بۆ بەرێوەبردنی خۆی، مانگانە پێویستی بە نزیکەی 11.769 تریلیۆن دیناری عێراقی [4] (نزیکەی 8.98 ملیار دۆلار)[5] هەیە. بە بەراورد بە داهاتی نەوتی خەمڵێنراوی عێراق لە مانگی 6 تەنیا نزیکەی 1.4 ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، کە کەمترە لە یەک لەسەر شەشی ئەو بڕەی پێویستە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی پێویستە. [6]
ئەم کەلێنە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن بەغدا توانی خۆی لە داڕمانێکی دارایی ڕاستەوخۆ بپارێزێت لە کاتێکدا هێشتویەتی فشارە داراییە بنەڕەتییەکانی لەسەر کەڵەکە ببن. بووژانەوەی هەناردەکردنی نەوت تا رادەیەک یارمەتیدەر بوو بۆ کەمکردنەوەی زەبری شۆکە داراییەکە، بەڵام هێشتا هاوسەنگی دارایی عێراقی نەگەڕاندۆتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
ستراتیجی داراییی بەغدا: کڕینی کات، نەک چارەسەرکردنی قەیران
وەڵامی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ شۆکە داراییی و نەوتییەکەی ستراتیجێکی داراییی گونجاو، بەڵام مەترسیدار، نیشان دەدات. بەغدا لەبری ئەنجامدانی چاکسازیی بونیادی، پاراستنی ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەتی هەڵبژاردووە، بەو گریمانەیەی کە پەککەوتنی ئێستای هەناردەکردنی نەوت بە زوویی کۆتایی دێت. سیاسەتەکانی چوار مانگی ڕابردوو ئەوە نیشان دەدەن کە حکومەت هەوڵی بەدەستهێنانی خۆڕاگریی دارایی دەدات، نەک جێبەجێکردنی چاکسازیی دارایی.
ئەم ستراتیجە لەسەر سێ گریمانەی ناڕاستەوخۆ وەستاوە:
گریمانەی یەکەم ئەوەیە کە قەیرانەکە کاتییە و حکومەت بە بەردەوامی پشت بە قەرزی ناوخۆیی، بۆندەکانی گەنجینە و ئامڕازە داراییە کورتخایەنەکانی دیکە دەبەستێت. داڕێژەرانی ئەم سیاسەتە پێشبینی دەکەن هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمز بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی پێش ئەوەی یەدەگە دارایییەکانی عێراق هەمووی بەکاربهێندرێن.
گریمانەی دووەم لەسەر ئەو بنەمایە کە پێویستە سەقامگیریی سیاسی لە پێش بەردەوامیی داراییەوە بێت. لە بنەڕەتدا، کاتێک حکومەتەکان ڕووبەڕووی کورتهێنانی دارایی دەبنەوە، خەرجییەکانیان کەم دەکەنەوە تا هاوسەنگی نێوان داهات و خەرجییەکان بگەڕێننەوە. لە عێراقدا، ئەم بژاردەیە لە ڕووی سیاسییەوە سنووردارە. چونکە مووچەی کەرتی گشتی، خانەنشینی و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2025 دا بە تێکڕا نزیکەی 7.2 تریلیۆن دیناری عێراقی (5.5 ملیار دۆلار) بووە لە مانگێکدا. [7] ئەم خەرجییانە گرنگترین تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وڵاتەکە پێکدەهێنن و پشتیوانی بنەماکانی شەرعیەتی سیاسیی چینە دەسەڵاتدارەکەش دەکەن. بۆیە کەمکردنەوەی ئەم خەرجییانە بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی نائارامیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرفراوان.
گریمانەی سێیەم ئەوەیە کە کات خۆی ئامڕازێکی سیاسییە. هەموو ڕێکارە سەرەکییەکان کە لە سەرەتای قەیرانەکەوە گیراونەتەبەر، هەمان ئامانجی هاوبەشیان هەیە کە ئەویش کڕینی کات و دواخستنی ساتی تەقینەوەی بنبەستی قەیرانەکەیە. فرۆشتنی بۆندەکانی گەنجینە بۆ ئەوەی داهاتی لەدەستچووی نەوت بە قەرزی ناوخۆیی جێگۆڕکێ بکات، کات-کڕینە. دواخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان و کەمکردنەوەی فشاری خەرجییە پێویستەکان، دووبارە بۆ کات کڕینە. خۆدزینەوە لە بژاردنی قەرز و شایستە داراییەکانی بەڵێندەران کە پرۆژەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن، گشتی بۆ کات کڕینە. بەڵام هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە داهاتی نوێ دروست ناکەن و وابەستەیی عێراق بە نەوت کەم ناکەنەوە.
بێگومان ئەم ڕێبازەش تێچووی خۆی هەیە. بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، یەدەگەکانی دراوی بیانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ نزیکەی 90 ملیار دۆلار [8] دابەزیوە، کە یەکسانە بە نزیکەی 118 تریلیۆن دیناری عێراقی بە نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕی دراو. لەگەڵ ئەوەی ئەم بڕە یەدەکە هێشتا لە ئاستێکی باشدایە ، بەڵام بەردەوام لێخەرجکردنی و کەمبوونەوەی بە تێپەڕبوونی کات توانای بانکی ناوەندی عێراق سنووردار دەکات لە پاراستنی نرخی ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی داراییی هاوردەکان و پشتگیریی سەقامگیریی دارایی وڵاتەکە.[9]
ئەم ڕێبازی چارەسەرییانە نوێ نیین. حکومەتی فیدراڵی عێراق لە کاتی کورتهێنانە داراییەکانی ساڵی 2014 و داڕمانی دارایی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی 2020 دا بە هەمان شێوە وەڵامی قەیرانەکانی دایەوە. بە ڕێگاکانی قەرزکردن، دواخستنی وەبەرهێنان و چاوەڕوانی باشتر بوونی بارودۆخی بازاڕی نەوت ئەو رۆژگارە سەختانەی تێپەڕاند.
بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە تەواو جیاوازە. قەیرانەکانی پێشوو بەهۆی دابەزینی نرخەکانی نەوتەوە بوون لە کاتێکدا هەناردەکردن بەبێ پچڕان بەردەوام بوو. بەڵام قەیرانی ئێستا لە تێکچوونی خودی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەم ستراتیجە ڕەنگە هێشتا ئەوەی نەسەلماندبێت کە ئایا تا چەند سەرکەوتوو دەبێت ئەگەرچی سەرکەوتن لێرەدا تەنها ئەو کاتانە دەبێت کە گریمانە بنەڕەتییەکانی دروست بن. ئەگەر هاتووچۆی کەشتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی و هەناردەکردنی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا ببووژێتەوە، حکومەت دەتوانێت بە هێواشی کەلێنی دارایی خۆی کەم بکاتەوە و خۆی لە ڕێکخستنە داراییە تووندەکان بپارێزێت.
لە کاتێکدا ستراتیجی پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی و ئابووریی هەتا ئەو کاتەی داهاتی نەوتی ئاسایی دەبێتەوە لەوانەیە باشترین بژاردەبێت لە بارودۆخی ئێستادا، بەڵام لە هەمان کاتدا لاوازییە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئابووری عێراق دەردەخات. [10]
دەرئەنجامەکان
حکومەتی فیدراڵی عێراق تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیرانێکی حوکمڕانی بەهۆی قەیرانە داراییەکەوە. سەرەڕای دابەزینێکی بێ وێنەی داهاتی نەوت، لە ڕێگەی قەرزی ناوخۆیی، پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی خەرجی و دواخستنی پارەدان و دەستپێکردنەوەی وردە وردەی هەناردەی نەوت، توانیوێتی ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەت جێبەجێ بکات. ئەم ڕێوشوێنانە کاتی بەنرخیان بۆ حکومەت کڕیوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بەردەوامیی و سەربەخۆیی دارایی دابین بکەن.
بووژانەوەی دارایی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە گەڕانەوەی هەناردەکردنی ئاسایی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشووری بەسرە و دواتر ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆی کەشتی لە گەرووی هورمز. ئەم قەیرانە جارێکی دیکە لاوازییە بونیادییە دارایییەکانی عێراقی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە پشتبەستنی زۆری دەوڵەت بە یەک سەرچآوەی داهاتی سەرەکی و یەک ڕێڕەوی هەناردەکردن. ئەگەر ئەم وابەستەییە بونیادییە چارەسەر نەکرێت، ئەگەری زۆرە ئاڵۆزییە جیۆپۆڵەتیکییەکانی داهاتوو هەمان شۆکی دارایی دروست بکەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەم قەیرانەی ئێستا تا چەند بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
سەرچاوەکان:
[1] The New Region. "Central Bank of Iraq Denies Printing Money to Combat Financial Crisis." 7 June 2026. https://thenewregion.com/posts/5572/cbi-denies-printing-money-to-combat-financial-crisis
[2] IMF Country Report No. 25/183. “2025 ARTICLE IV CONSULTATION—PRESS RELEASE; STAFF REPORT; AND INFORMATIONAL ANNEX.” July 2025.
[3] Editorial Team, Iraq Energy Outlook. “Iraq’s WartimeOil Revenue Crisis.” 14-19. May 2026. Print.
[4] Ministry of Finance of the Republic of Iraq. State Accounts through December 2025 for the Federal Budget (حساب الدولة لغاية شهر كانون الأول 2025 للموازنة الاتحادية). Baghdad: Ministry of Finance, 2026. https://www.mof.gov.iq/Budget-implementation-Archive.aspx?utm_source=chatgpt.com
[5] IQD–USD conversions are based on the official exchange rate of IQD 1,310 per US$1, which is used for budget preparation and execution. The parallel market exchange rate differs and has generally fluctuated above IQD 1,510 per US$1.
[6] In 2025, the Iraqi Federal Government actually spent IQD 141.23 trillion (approximately US$107.8 billion), equivalent to an average of IQD 11.77 trillion (US$9.0 billion) per month. During the same year, the government collected IQD 124.19 trillion (approximately US$94.8 billion) in total revenues, averaging IQD 10.35 trillion (US$7.9 billion) per month. The figures indicate that, even before the Strait of Hormuz crisis in 2026, Iraq's public finances were characterized by a sizeable gap between expenditures and revenues, highlighting the government's heavy reliance on sustained oil exports and its limited fiscal flexibility in the face of external shocks.
[7] Ministry of Finance of the Republic of Iraq. State Accounts through December 2025 for the Federal Budget (حساب الدولة لغاية شهر كانون الأول 2025 للموازنة الاتحادية). Baghdad: Ministry of Finance, 2026. https://www.mof.gov.iq/Budget-implementation-Archive.aspx?utm_source=chatgpt.com
[8] Amer Salem. “Central Bank of Iraq’s foreign reserves drop in Q2 2026.” June 18, 2026
[96] There are several methods for assessing reserve adequacy. The IMF primarily uses prospective import coverage; for Iraq, reserves of approximately US$50–55 billion would cover about five months of imports, implying a significantly weaker external buffer and reduced policy space for the Central Bank.
[10] Hadley Gamble. “US companies will be 'top priority' in Iraq, new PM says.” June 25, 2026.