کۆمپانیاکانی وزە ئابووری بونیاد دەنێن، بەڵام کاریگەرییەکی زۆریشیان هەیە لەسەر ئەو شوێن و کۆماڵگایانەی کارەکانیان تێدا ئەنجام دەدەن. کۆمپانیاکان چۆن دەتوانن بەهای ئابووریمان پێببەخشن و لە هەمان کاتدا بەرپرسانە مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەو ژینگە و کۆمەڵگایانەی کە بەهۆی ئەمانەوە زیانیان پێدەگات؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان وۆرکشۆپێکی ڕێکخست بۆ خاتوو بنار سەڵاح، بەڕێوبەری کارگێڕی لە کۆمپانیای تۆرەس ئێنەرجی و بەڕێوبەری دامەزراوەی برایان، بە پشتبەستن بە چەندین ساڵ لە ئەزموونی کار لە کەرتی نەوت و غازدا باسی لە بنەماکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان (CSR) و ستانداردە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و حکومڕانییەکانی (ESG) کۆمپانیایەکی بەرپرس کرد.
CSR و ESG چین؟
بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی کۆمپانیاکان (CSR) زۆر لە بەخشینی خێرخوازی زیاترە. باس لەوە دەکات کە چۆن کۆمپانیایەک کارەکانی بەڕێوەدەبات، کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆنتڕۆڵ دەکات، و چۆن پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەدا دروست دەکات کە لە دەوروبەریدان. لە بواری نەوت و غازدا، ئەو کاریگەرییانە بەرجەستەن: بەکارهێنانی زەوی، بەکاربردنی ئاو، پیسبوونی ژینگە و هەوا، قەرەباڵغی (ترافیک)، کێشە تەندروستییەکان و پەستان خستنە سەر ژێرخانی ناوخۆیی. بۆیە پێویستە کۆمپانیاکان پێش دەستپێکردنی کارەکانیان هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ناوخۆیی، هەلی کار، و مەترسییە تەندروستی و سەلامەتییەکان بکەن.
پێوەرەکانی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و حوکمڕانیکردن (ESG) لەسەر ئەم بیرۆکەیە بونیاد نراون بە گۆڕینی بەرپرسیارێتی بۆ شتێکی پێوانەکراو. ئەگەر CSR پەیوەندی بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەوە هەبێت، ئەوا ESG پەیوەندی بە سەلماندنییەوە هەیە لە ڕێگەی لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکان: چوارچێوەیەک دابین دەکات بۆ چاودێریکردن و پێوانەکردنی ئاستی کارکردنیان لە ڕووی ژینگەیی، کۆمەڵایەتی وحکومڕانیکردنەوە. پێکەوە، ئەم دووانە تەنها پرسیار لەوە ناکەن کە کۆمپانیایەک چی بۆ کۆمەڵگە دەکات، بەڵکو دەپرسن ئایا کاریگەرییەکی بەرچاو و ئەرێنی لەسەر ژیانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە دروست کردووە کە تێیدا کاردەکات؟
CSR و ESG لە کاتی جێبەجێکردندا
وەک لە پێشکەشکردنەکەی خاتوو بناردا خرایە ڕوو، CSR چوار هەنگاوی پراکتیکی پەیڕەو دەکات. بە هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان دەست پێدەکات: کۆکردنەوەی داتای دیمۆگرافی، ڕاوێژکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، و دیاریکردنی ئەوەی کێ زۆرترین کاریگەری لەسەرە و زۆرترین پێویستییان بە چییە. دواتر ستراتیژییەت دێت، کە تێیدا کۆمپانیاکە ئامانجەکان دادەنێت، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەڵدەسەنگێنێت، کەرتە لەپێشینەکان هەڵدەبژێرێت، و بودجەیەک پێشنیار دەکات، بە بەشداریی لایەنە ڕێکخەرەکان. پاشان جێبەجێکردن دێت، بە خشتەی کاتی و نیشاندەری ڕوونەوە، پڕۆژەکان لە ڕێگەی بەڵێندەرانەوە جێبەجێ دەکرێن، و لەپێشینەیی بە بابەتە ناوخۆییەکان دەدرێت. کۆتا هەنگاو پێوانەکردنی کاریگەرییە: هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان، کۆکردنەوەی بیروڕای کۆمەڵگە، ئەنجامدانی چاکسازی، و پێدانی ڕاپۆرت لەسەر ئەنجامەکان.
ئەو هەنگاوەی کۆتایی شوێنی دەستپێکردنی ڕۆڵی ESGـە، کە پێکهاتەیەک پێشکەش دەکات لەسەر سێ کۆڵەکە بونیاد نراوە. کۆڵەکەی غازە ژەهراوییە دەردراوەکان، سوتاندنی غاز (flaring)، ئاو، پاشماوە، و دزەکردن دەگرێتەوە. کۆڵەکەی کۆمەڵایەتی سەلامەتی کرێکاران، مافەکانی کارکردن، دامەزراندنی کەسانی ناوخۆیی، و تەندروستی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. کۆڵەکەی حکومڕانیکردن چاودێری سەرکردایەتی، ڕەوشت، پابەندبوون، و ڕوونی لە ئەنجامدانی کارەکان دەگرێتەوە. خاتوو بنار جەختی لەوە کردەوە کە ESG تەنها ڕاپۆرتێک یان نمرەیەک نییە؛ بەڵکو دەبێت ببێتە بنەمای داڕشتنەوەی بڕیار و ئامانجە ڕاستەقینەکان.
پێوانەکردنی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە
وەک خاتوو بنار ئاماژەی پێدا، ئەم دوو چوارچێوەیە تەواوکەری یەکترن. بیر لە کۆمپانیایەک بکەرەوە کە پارە بۆ پرۆگرامێکی ڕاهێنانی پیشەیی دابین دەکات وەک بەشێک لە ستراتیژییەتەکەی بۆ CSR. پێوەری ESG دەپرسێت ئەنجامەکەی چی بوو: چەند بەشداربوو ڕاهێنانەکەیان تەواو کرد، و چەندیان دواتر کاریان دەستکەوت. ئەم جیاوازییە گرنگە چونکە دەبێت سەرکەوتن لە ڕێگەی دەرئەنجامەکانەوە هەڵبسەنگێنرێت، نەک لە ڕێگەی ئەو پارەیەی خەرج کراوە یان ئەو چالاکییانەی ئەنجام دراون.
لێپرسینەوە بەشێکی تری وۆرکشۆپەکە بوو، بەتایبەتی ڕۆڵە جیاوازەکانی کۆمپانیاکان، کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و حکومەت. هەر یەکەیان بەرپرسیارێتی جیاواز هەڵدەگرن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کارەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەڕێوەدەچن، گوێ لە نیگەرانییەکانی کۆمەڵگە دەگیرێت، و کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکان بە باشی چارەسەر دەکرێن.
دروستکردنی بەهای هاوبەش
لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسینەوە تەنها نیوەی وێنەکەیە. دەبێت سەرکەوتنی بازرگانی سوود بەو کۆمەڵگەیانەش بگەیەنێت کە میوانداریی دەکەن. لە جیاتی پشتبەستن بە کاری خێرخوازی بەتەنها، کۆمپانیاکان دەتوانن خەڵکی ناوچەکە دابمەزرێنن، شتومەک لە بازرگانییە نزیکەکانەوە بکڕن، و وەبەرهێنان لە پەرەپێدانی کارامەییەکاندا بکەن. نموونەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق ئەمەیان لە پراکتیکدا نیشان دا، لەگەڵ ئەو پڕۆژانەی کە پشتگیری پەروەردە، چاودێری تەندروستی، ئاوی پاک، دەستپێشخەرییە ژینگەییەکان، و هەلی کاری ناوخۆیی دەکەن. وەبەرهێنانێکی لەم شێوەیە پێداویستییە ڕاستەقینەکان پڕدەکاتەوە لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیاکان و کۆمەڵگەکانیش بەهێزتر دەکات.
کۆمەڵگەکانیش ڕۆڵی خۆیان هەیە. ڕێکارە بەردەستەکانی سکاڵاکردن ڕێگە بە دانیشتووان دەدەن نیگەرانییەکانیان دەربارەی تۆز، ترافیک، یان سەلامەتی بخەنە ڕوو، وە کاتێک کۆمپانیاکان بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان دەکەن، بە دادپەروەرانە وەڵام دەدەنەوە، و لە کێشە دووبارەبووەکانەوە فێر دەبن، دەتوانن چارەسەری مەترسییەکان بکەن پێش ئەوەی پەرەبسێنن و متمانە دروست بکەنەوە. خاتوو بنار جەختی لەوە کردەوە کە خەڵک دەتوانن و دەبێت لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکان بکەن، لە هەمان کاتدا داواکارییەکانیان واقیعی و گونجاو بن. چونکە لێپرسینەوە باشترین ئەنجامی دەبێت کاتێک پەیوەندییەکی دوولایەنەیە لەسەر بنەمای نیازپاکی هەبێت.
ڕوانین بۆ ئایندە: بازرگانییەکان بە سوودێکی هاوبەشەوە
خاتوو بنار کۆتایی بە قسەکانی هێنا بە ئاماژەدان بە گەنجان وەک بزوێنەرێک و پێشەنگی گۆڕانکاری، بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک CSR و ESG تاوەکو بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەشدار بن و هانیان بدەن بۆ کارکردنی باشتر. پەیامەکە ڕوون بوو: تەنها بە پێنج هەنگاو، بازرگانی دەتوانێت بە شێوەیەک کار بکات کە لە سەرەتاوە ڕێز لەو خەڵک و ژینگەیە بگرێت کە کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات.
بە سەرکەوتوویی کارەکان ئەنجام بدە. بە سەلامەتی و کارامەیی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکە.
لە کاریگەرییەکەت تێبگە. پێش دەستپێکردنی کار، کاریگەرییەکان لەسەر خەڵک و شوێنەکان بزانە.
زیانەکان کەم بکەرەوە. مەترسییە ژینگەیی، تەندروستی و سەلامەتییەکان سنووردار بکە لە ڕێگەی پلاندانانی وردەوە.
بەها دروست بکە. لە ڕێگەی هەلی کاری ناوخۆیی، گرێبەستەکان و کارامەییەکانەوە سوودەکان هاوبەش بکە.
بەرپرس بمێنەرەوە. ئەنجامەکان بپێوە و وەڵامدەرەوەی دەرئەنجامەکانبە.
لە کۆتاییدا، بە بەستنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی CSR بە پێوانە و لێپرسینەوەی ESG، کۆمپانیاکان دەتوانن هەنگاو بنێن بەرەو کارکردنێکی بەردەوامتر، پەیوەندی بەهێزتری کۆمەڵگە، و بەهای ئابووریی هاوبەش.