عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەهێزتردەکات

سەرچاوەی وێنە: وەزارەتی نەوتی کۆماری عێراق (هەژماری فەرمی ئینستاگرام). وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خودەیر، لە کاتی ئامادەبوونی بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن(MoI)  لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای بی پی (BP) و کۆنۆکۆفیلیپس (ConocoPhillips)، لە گەشتی فەرمی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتن، دی.سی. لە مانگی 7ی 2026

چی ڕوویدا؟

عێراق هەنگاوێکی دیکەی نا بۆ هەمەچەشنکردنی وەبەرهێنەرانی بیانی لە کەرتی وزەدا. لە کاتی سەردانی فەرمی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن، کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس(ConocoPhillips)  ڕازی بوو بە کڕینی 42%ی پشکەکانیی کۆمپانیای سنوورداری بیپی وزەی کەرکوک  (BP Energy Company of Kirkuk Ltd). بەمەش لەگەڵ بیپی بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی چوار کێڵگەی چالاکی بەرهەمهێنەری نەوت لە پارێزگای کەرکوک؛ باباگوڕگوڕ و ئاڤانا لە کێڵگەی ناوەندی کەرکوک، لەگەڵ کێڵگەکانی بای حەسەن و زەمبور و خەباز.

ئەم پرۆژەیە ئامانجی بەرهەمهێنانی زیاتر لە  3 ملیار بەرمیل نەوتی هاوتای هەیە، کە ئەمەش یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی وەبەرهێنانە لە بواری گەڕان و دەرهێنانی نەوت و غاز کە لە ئەمساڵدا لە ئاستی جیهاندا ڕاگەیەندراوە1.

ئەم ڕێککەوتنە ڕووداوێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو بەردەوامیی زنجیرەیەک ڕێککەوتنە لە نێوان بەغدا و کۆمپانیا گەورە ئەمریکییەکان کە لە ساڵی پارەوە دەستی پێکردووە. بۆ نموونە شێڤرۆن (Chevron) ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی واژۆ کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هەلی وەبەرهێنان لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و هێڵی بۆریی ستراتیژی، هەروەها جی‌ئی ڤێرنۆڤا (GE Vernova) مەودای کارەکانی لە کەرتی کارەبای عێراق فراوانتر دەکات، ئێچ‌کەی‌ئێن ئێنەرجیش (HKN Energy) بەردەوامە لە گەشەپێدانی وەبەرهێنانە نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان و سەلاحەدین. هەرچەندە ئێکسۆن‌مۆبیل (ExxonMobil)چالاکی ڕاستەوخۆی خۆی کەم کردۆتەوە بەڵام لە ڕێگەی هاوکاریی تەکنیکی و گفتوگۆ بازرگانییەکانەوە هێشتا کارەکانی بەردەوامن.

بە گشتی ئەم هەنگاوانە نیشانەی گەڕانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سەرمایەی ئەمریکییە بۆ پیشەسازیی وزەی عێراق، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ کۆمپانیا چینی و ڕوسییەکان دەستیانگرتبوو بەسەر بەشێکی زۆری وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی وڵاتەکەدا2.

بۆ ڕوویدا؟

حکومەتی زەیدی وەبەرهێنانی بیانی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنان ونوێکردنەوەی ژێرخانی وزە و بنەمای گەشەیەکی درێژخایەن دادەنێت. قەیرانەکەی ئەم دواییەی گەرووی هورمز ئەوەی نیشان عێراقییەکاندا کە چەند ترسناکە بە تەنها پشت بە چەند ڕێڕەوێکی کەمی هەناردەکردنی نەوت ببەسترێت. هاوکات گرنگی  وەبەرهێنانی لە هەموو جومگەکانی کەرتی وزەی عێراق دەرخست، هەر  لە بوارەکانی گەڕان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و بەرهەمهێنانی و بەکارهێنانی غاز و پەرەپێدانی ژێرخانی کارەبا.

هەروەها بەغدا دەیەوێت ستراتیژییەکی هاوسەنگتری وەبەرهێنان جێبەجێ بکات . کۆمپانیا چینییەکان هێشتا هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژین لە کەرتی نەوتی عێراقدا، بەڵام حکومەت دەیەوێت ڕۆڵی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەورووپییەکان زیاتر بکات بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی سەرمایە و تەکنەلۆژیا و شارەزایی بەڕێوەبردن و پشتگیریی جیۆپۆلیتیکی. ئەمە گۆڕینی تەواوی ئاڕاستەکە نییە لە یەک گروپی وەبەرهێنەر بۆ گروپێکی دیکە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی بەهێزتر و پڕ ڕکابەری بۆ ئەوەی توانای بەرگەگرتنی زیاتری هەبێت.

بۆچی بۆ عێراق گرنگە؟

گرنگی ئەم ڕێککەوتنانە تەنیا لە ڕاکێشانی سەرمایەی نوێدا نییە، بەڵکو لە کاریگەرییە درێژخایەنەکانیاندایە لەسەر کەرتی وزەی عێراق. فراوانبوونی ژمارەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ڕکابەری لە بازاڕدا بەهێزتر دەکات، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و شارەزایی خێراتر دەکات و وابەستەیی عێراق بە یەک وڵات بۆ دابینکردنی سەرمایە، تەکنەلۆژیا و شارەزایی پیشەیی کەم دەکاتەوە.

ئەگەر ئەم پڕۆژانە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرێن، دەتوانن بەرهەمی کێڵگە کۆنەکان بەرز بکەنەوە و بەکارهێنانی غاز فراوانتر بکەن و ژێرخانی وزە نوێ بکەنەوە و پێگەی عێراق وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا بەهێزتر بکەن. هەروەها ئەم هەنگاوانە نیشانەی زیادبوونی متمانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وزەیە بە توانای سەرچاوەکانی عێراق، هەرچەندە ناوچەکە هێشتا لەناو نائارامیی سیاسیی و ئاسایشیدایە.

چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین ؟

تاقیکردنەوە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم ڕاگەیاندن و رێکەوتنانە دەبنە وەبەرهێنانی ڕاستەقینە. ئەوەی پێویستە کە چاودێری بکرێت: ئایا کۆنۆکۆفیلیپس بە شێوەی فەرمی پرۆسەی بەدەستهێنانی پشکی خۆی لە کەرکوک تەواو دەکات، ئایا شێڤرۆن دەست دەکات بە کارکردن لەپرۆژەکانی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت و بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت، ئایا کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکە یاداشتەکانی تێگەیشتن  دەگۆڕن بۆ گرێبەستی فەرمی و پابەندبوو.

لەمانەش گرنگتر، ئایا بەغدا دەتوانێت دڵنیایی یاسایی و ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ وەبەرهێنان و سیاسەتێکی هاوسەنگی وزە دابین بکات کە هەردوو وەبەرهێنەرانی ڕۆژئاوا و ئاسیا هان بدات لە بازاڕی عێراقدا بمێننەوە؟ لە کۆتاییدا، خێرایی گواستنەوەی ئەم ڕێککەوتنانە لە قۆناغی ڕاگەیاندنەوە بۆ جێبەجێکردنی کرداری، ڕوونترین پێوانە دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی ئایا عێراق توانیویەتی متمانەی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دووبارە بەدەستبهێنێتەوە، یان نا.

هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی گەیشتە کەرتی نەوتی عێراق

سەرچاوەی وێنە: کۆمیسیۆنی دەستپاکی فیدراڵی

چی ڕوویدا؟

دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژ بە گەندەڵییان دەستپێکردووە کە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای حکومەت و ئەندامانی پەرلەمانی کردۆتە ئامانج. ئێستا لێکۆڵینەوەکە ڕاستەوخۆ گەیشتۆتە کەرتی نەوتی عێراق و بەپێی ڕاپۆرتەکان لانیکەم هەشت بەرپرسی باڵای وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکانی دەوڵەت دەستگیرکراون.

لە نێوان ئەو بەرپرسانەدا، عەلی مەعارج ئەلبەهادلی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن و عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، لەدیارترینیانن. 3 هەروەها چەندین بەڕێوەبەری باڵای کۆمپانیا نەوتییەکانی دەوڵەت لە کەرکوک و بەغدا و بەسڕە دەستگیرکراون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکە تەنیا لە سەر ئاستی سەرکردایەتی وەزارەتدا نییە بەڵکو گەیشتۆتە ئاستی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی کەرتی نەوت.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاوڵاتیان هان دەدات زانیاری دەربارەی گەندەڵکاران بەلایەنی پەیوەندیدار ڕابگەیەنن و لە بەرامبەردا پاداشتی دارایی وەربگرن. هەروەها بە ئاشکرا ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی بڕە پارەیەکی زۆری کردووە لە کاتی هەڵمەتەکاندا.4 ئاماژەشی بەوەداوە کە ئامانجی حکومەت تەنیا لادانی بەرپرسان لە پۆستەکانیان نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی دزراوی  گشتییە .5

بۆ ڕوویدا؟

بە فەرمی ئەم هەڵمەتی دژ بە گەندەڵییە دوای فراوانبوونی لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری دێت سەبارەت بە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پۆست و دەسەڵاتی گشتی. بەپێی ڕاپۆرتەکان، خاڵی وەرچەرخان دوای دەستگیرکردنی عەدنان ئەلجومەیلی دەستی پێکرد، کاتێک ئیفادەکانی ئەو بوونە هۆی ئاشکرابوونی تۆڕێکی فراوانتر لە کەسانی پەیوەندیدار بە دۆسیەکانی گەندەڵی کە چەندین لایەنی سیاسیش دەگرێتەوە.

لە هەمان کاتدا، چاودێران ئەم هەڵمەتە بە هەوڵێکی هەستیار و ئامانجدار لەلایەن کابینەی حکومەتی نوێوە دەبینن بۆ بەدەستهێنانی متمانە و نیشاندانی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە  و  جیاکردنەوەی خۆی لە حکومەتەکانی پێشوو. عێراق هەوڵدەدات متمانەی حوکمڕانیەکەی و ژینگەی وەبەرهێنان باشتر بکات، بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بە جدی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی وەک گەندەڵی دەکات.

بۆچی بۆ عێراق گرنگە؟

هەڵمەتەکە هەستیارترین کەرتی ستراتیژی وڵاتی کردە ئامانج. نەوت نزیکەی 90%ی داهاتی بودجەی فیدراڵی دابین دەکات، لەبەر ئەوە هەر لاوازییەک لە بەڕێوەبردنی ئەم کەرتەدا لە ڕووی داراییەوە کاریگەرییەکی گەورەتری دەبێت بەراورد بە زۆربەی کەرتەکانی دیکە.

ئەگەر لێکۆڵینەوەکە بە شێوەیەکی شەفاف ئەنجام بدرێت و بە یەکسانی بەسەر هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکاندا جێبەجێ بکرێت، ئەوا کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆی گشتی حوکمڕانیەکە دەبێت و یارمەتیدەر دەبێت متمانەی-دامەزراوەیی لە کەرتێکدا بونیاد بنێت کە لە مێژە نیشانەی پرسیاری لەسەر دانراوەو بە وەرگرتنی قازانجی تایبەت لە سەرچاوە گشتی و نهێنییەکانی پەیوەندیدار بە گرێبەست ناسراوە. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە لە هەڵمەتەکەدا چاوپۆشی لە هەندێک بکرێت بەهۆی هێزو دەسەڵات و لایەنگیری سیاسییەوە، ئەوا مەترسی ئەوەی هەیە جەمسەرگیریی سیاسی قووڵتر بکاتەوە، لە کاتێکدا هۆکارە ریشەییەکانی گەندەڵی بەبێ چارەسەر دەهێڵێتەوە.

چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین ؟

دەستگیرکردن تەنیا بەشە ئاسانەکەی ئەم هەڵمەتەیە. تاقیکردنەوە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم دەستگیرکردنانە دەبنە هۆی لێپێچینەوەی یاسایی، حوکمدانی تاوانباران و ئینجا وەرگرتنەوەی سامانی دزراوی وڵاتەکە بە شێوەیەکی مانادار.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا لێکۆڵینەوەکە تۆڕەکانی کڕین و پەیمانپێدانی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش دەگرێتەوە، یان تەنیا لە کاربەدەستانی دیاریکراوی وەزارەتدا دەوەستێت. گرنگی درێژخایەنی ئەم هەڵمەتی دژ بە گەندەڵییە بە ژمارەی ئەو بەرپرسانە ناپێورێت کە دەستگیر دەکرێن، بەڵکو بەوە دەردەکەوێت کە ئایا ئەم پرۆسەیە دەتوانێت سەروەری یاسا، توانای لێپرسینەوەی دامودەزگایی و چاکسازیی دامەزراوەیی بەهێز بکات، بە شێوەیەک کە لە داهاتوودا ڕێگربێت لە دزینی ملیارەها دیناری عێراقی.


بەرنامەی نوێی کابینەی عێراق ئاماژە بە ئاراستەیەکی نوێی  چاکسازیی لە کەرتی وزەدا دەدات

سەرچاوەی وێنە: نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق. لە 2026/5/14 ، سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بەرنامەی حکومەتی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، کە دواتر لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا.

چی ڕوویدا؟

پەرلەمانی عێراق لە مانگی 5ی 2026 بەرنامەی کابینەی حکومەتی نوێی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی پەسەند کرد، کە پێشینە ستراتیژییەکانی حکومەت بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکات. 6 کەرتی وزە شوێنێکی گرنگی لە بەرنامەکەدا هەیە و بوارەکانی کارەبا و نەوت و غازی سروشتی و پاڵاوتن و پترۆکیمیایی و وزەی نوێبووەوە و بەشداریی کەرتی تایبەتیش لەخۆ دەگرێت. بەرنامەکە بە تایبەتی جەخت لەسەر چاکسازیی کەرتی کارەبا و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە غازی سروشتی و بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردن و پەرەپێدانی پیشەسازییەکانی هەڵگرتن و بەبازاڕکردن و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت بۆ کەرتی وزەی عێراق دەکات.

لە کاتێکدا بەڵگەنامەکە کارنامەیەکی بەرنامەدار و هەنگاوی گەورە لەخۆ دەگرێت، زۆربەی پێشینە سەرەکییەکانی لە بواری وزەدا نوێ نین. بە بەراوردکردنی ئەم بەرنامەیە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لێکچوونێکی بەرچاو لە ئاڕاستە سیاسییەکاندا دیارە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێشینەکانی ئەم حکومەتە لە بواری وزەدا تا ڕادەیەکی زۆر درێژەپێدەری هەمان ئاڕاستەی سیاسەتی حکومەتی پێشوون.

 

ئەمە بۆ ڕوویدا؟

کێشە بنەڕەتییەکانی کەرتی وزەی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر هەر وەک خۆیان ماونەتەوە. وڵاتەکە هێشتا دەناڵێنێت بەدەست کۆمەڵێک گرفتی وەک کەمی کارەبا، پشتبەستن بە غازی هاوردەکراو، کەمی توانای پاڵاوتن، لاوازی پیشەسازییە پەترۆکیمیاییەکان و سنوورداری ڕێگاکانی هەناردەکردن و دواجار نەبوونی یاسایەکی نیشتمانی بۆ نەوت و غاز.

ئەم سنووردارییە بونیادییانە کارە لە پێشینەییەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دیاری کردووە، بەبێ ئەوەی سەرکردایەتی سیاسیی کاریگەری بنەڕەتی لەسەر ئەو ئاڕاستەیە هەبێت. بۆیە زۆربەی ئەو پابەندییانەی لە بەرنامەی حکومەتی زەیدیدا هاتوون، یان درێژەپێدانی هەمان ئامانجی حکومەتەکانی پێشوون یان پەرەپێدان و باشترکردنی ئەو ئامانجانەن کە حکومەتەکانی پێشوو دیارییان کردووە.

سەرەڕای ئەم ڕاستیانەش، بەرنامەی حکومەتە نوێیەکە چەند زیادکردنێکی گرنگی لە خۆگرتووە. بەشێوەیەکی بەرچاو جەخت لە کارایی ئابووری بەرنامەکانی دابینکردنی وزە دەکات وەک گەڕاندنەوەی تێچوونەکان، جێگیرکردنی تۆڕی کارەبای زیرەک، چاکسازی سیستەمی نرخدانان بۆ کارەبا و دواجاریش بەستنەوەی عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی ناوچەکە. هەروەها پلانی دامەزراندنی ژێرخانی هاوردەکردن و هەناردەکردنی غازی هەیە لە بەندەری گەورەی فاو؛ ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئامانجێکی درێژخایەن بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ناوەندێکی هەرێمی وزە.7

بۆچی ئەمە بۆ عێراق گرنگە؟

 گرنگی بەرنامە نوێیەکە زیاتر لە ڕێباز و شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی وزەدایە، نەک تەنیا لە ئامانجە سەرەکییە ڕاگەیەنراوەکانی. نزیکەی 70% ی بەشی وزەی ئەم بەرنامەیە بەردەوامیی هەمان ئاڕاستە و ستراتیژییەکانی حکومەتەکانی پێشووە، بەڵام بەرنامەکەی زەیدی (تا ڕادەیەک) سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر بەڕێوەبردنی ئابووریانە و حوکمڕانیی کەرتەکە .8

هێنانەکایەی تۆڕە زیرەکەکان و باشترکردنی رێگەکانی کۆکردنەوەی داهات و نرخدانان لەسەر بنەمای تێچوونی ڕاستەقینە و چاکسازیی کەرتی کارەبا لەسەر بنەمای کارایی، نیشانەی ئەو تێگەیشتنەیە کە کێشەکانی وزەی عێراق تەنیا بەهۆی کەمی وەبەرهێنانەوە دروست نەبوون، بەڵکو دەرەنجامی لاوازیی دامەزراوەکان و بەڕێوەبردنی ناکارای سەرچاوەکانیشە.

ئەگەر ئەم چاکسازییانە بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکرێن، دەتوانن بەردەوامی و سەربەخۆیی دارایی باشتر بکەن، زیانەکانی سیستەمی وزە کەم بکەنەوە، ئاسایشی وزە بەهێزتر بکەن و ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت دروست بکەن.

چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین ؟

گرنگترین پرسیار ئەوە نییە کە ئایا بەرنامەکە کارە لەپێشینە دروستەکان دیاری  دەکات یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق توانای جێبەجێکردنی ئەم کارانەیان هەیە یان نا. عێراق لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەیان ستراتیژ و نەخشەڕێگا و پلانی چاکسازیی بە ووردی داڕشتووە، بەڵام زۆربەیان پشتگوێخراون، یان بە نیوەناچڵ جێبەجێ کراون.

پەسەندکردنی یاسایەکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و غاز، هەنگاوەکان بەرەو زیادکردنی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی غاز، چاکسازیی لە نرخی کارەبا و جێبەجێکردنی تەکنەلۆژیای تۆڕی زیرەک، لەو نیشانە سەرەتاییانەن کە پێمان دەڵێن ئایا حکومەت بەنیازە دەست بە چاکسازیی بونیادی ڕاستەقینە بکات یان نا. لە کۆتاییدا، ئەوەی بەرنامەی کابینەی 2026 دەکاتە خاڵی وەرچەرخان بۆ کەرتی وزەی عێراق، جێبەجێکردنیەتی، نەک تەنیا ئامانجە باڵاکانی لە سەر کاغەز. مێژووی کەرتی وزەی عێراق پڕە لە ستراتیژ و ڕاگەیاندنی پلانی گەورە، بەڵام بەدەگمەن توانراوە جێبەجێکردن. بۆیە، ئەگەر ئەم جارەش ئامانجەکان نەکرێن بە کردار، ئەم بەرنامەیەش تەنها زیادکردنێکی دیکە دەبێت بۆ لیستی پلانە ستراتیژییە جێبەجێنەکراوەکان، نەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ.

لە دوای گەرووی هورمز: هەوڵی عێراق بۆ پاراستنی داهاتە نەوتییەکانی

سەرچاوەی وێنە: دەزگای هەواڵی عەرەبی سووری SANA

چی ڕوویدا؟

عێراق ستراتیژی دوولایەنەی گرتەبەر بۆ کەمکردنەوەی وابەستەیی  خۆی بە یەک ڕێگای هەناردەکردنی نەوت کە ئەویش ڕێگەی بەندەرەکانی بەسڕە و گەرووی هورمزە. هەربۆیە، بەغدا ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوتی ڕازی کرد کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لە کەرکوک و کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا-جەیهانەوە. لە بەرەی ڕۆژئاواشەوە، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی نزیکەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بەندەری بانیاسی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست.9

ئەم هەنگاوەی بەرەو سووریا وەک زیادکردنێکی درێژخایەن بۆ تۆڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەرئەکەوێت، نەک تەنیا وەڵامدانەوەیەکی کاتی بۆ قەیرانەکەی رێڕەوی هورمز. بەڵکو ئەمە دوای چوار مانگ لە ناردنی سەرکەوتووانەی نافتا و نەوتی ڕەش لە ڕێگەی بانیاسەوە دێت.10 ئەمە هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆ سەرەتاییەکان لەگەڵ واشنتۆن بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی مێژوویی نێوان عێراق–سوریا.

ئەمە بۆ ڕوویدا؟

شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا لاوازییەکی ستراتیژیی ئاشکرا کرد کە پلاندانەرانی وزەی عێراق لە مێژە ئاگاداری بوون، بەڵام بە دەگمەن هەنگاوی کردارییان بۆ چارەسەرکردنی ناوە. زیاتر لە 90%ی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشووری بەسڕە و گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت.

پلانە ستراتیژییەکانی پێشووی وزەی نیشتمانی عێراق ئاماژەیان بە گرنگیی هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردن دابوو، بەڵام هۆکارە سیاسی، دامەزراوەیی و گەندەڵییەکان چاکسازییە بنەڕەتییەکانیان دواخست. داخستنی گەرووی هورمز لە شەوێکدا هاوسەنگیی هاوکێشەکانی گۆڕی؛ ئەوەی پێشتر تەنیا ئامانجێکی درێژخایەن بوو، گۆڕا بو پێویستییەکی ناچاری و بە پەلە. ئەمەش هێزی سیاسیی زیاتری بە بەغدا بەخشی بۆ خێراکردنی هەردوو ڕێڕەوی هەناردەکردنی باکوور و ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا.

بۆچی ئەمە بۆ عێراق گرنگە؟

ئەم دوو دەستپێشخەرییە پێکەوە یەکێک لە گرنگترین هەنگاوە کۆنکرێتییەکانن بۆ هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە دوای قەیرانەکەی گەرووی هورمز. ئەم هەنگاوە دەتوانێت وابەستەیی عێراق بە یەک ڕێگای هەناردەکردن کەم بکاتەوە و ئاستی ئاسایشی وزەی وڵات زیاد بکات.

بەتایبەتی ڕێڕەوی باکوور گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، هەرچەندە  بۆری نەوتی عێراق–تورکیا مێژوویەکی درێژی پچڕان و وەستانی هەبووە. دوایین وەستانی گەورەی ئەم هێڵە، کە لە مانگی 3ی 2023 دەستی پێکرد و تا مانگی 9ی 2025 درێژەی کێشا، بووە هۆی لەدەستدانی ملیارەها دۆلار لە داهاتی هەناردەکردن و وەستانی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە کێڵگەکانی کەرکوک.

ڕێڕەوی سووریا، هەرچەندە لە سەرەتادا بە بڕێکی سنووردار دەست پێ دەکات، پێگەیەکی ستراتیژی بۆ عێراق دابین دەکات لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ پابەندبوونی بەغدا بە سیاسەتی هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوت. ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت پشتبەستن بە ڕێڕەوی هورمز کەم بکاتەوە لە کاتی قەیرانە جیوپۆلیتیکییەکاندا دەبن. بۆ ئابوورییەک کە زیاتر لە 90% ی داهاتی بودجەی فیدراڵی لە هەناردەکردنی نەوتەوە دێت، هەر ڕێڕەوێکی نوێی هەناردەکردن تەنها بژاردەیەکی لۆجستی نییە، بەڵکو وەک پارێزگارییەکی دارایی و ستراتیژی وایە لە بەرامبەر پچڕانەکانی داهاتوو و دڵەڕاوکێی بازاڕە جیهانییەکان.

چاوەڕوانی چ پەرەسەندنێک بکەین ؟


بۆری ستراتیژیی بەسڕە–حەدیسە، کە بۆ گواستنەوەی تا2.5  ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی باشوور لە ڕۆژێکدا بۆ باکوور و ڕۆژئاوا دروست دەکرێت، هێشتا یەکێکە لە گرنگترین کۆسپەکان لەبەردەم ئامانجەکانی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق.11 بەبێ ئەم بۆرییە، گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی وڵات – کە دەکەونە باشووری پارێزگای بەسڕە و نزیکەی 83%ی بەرهەمی نیشتمانی پێکدەهێنن - ناتوانن بە ئاستێکی فراواندا بگەنە ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن لە دەریای ناوەڕاست یان دەریای سوور.

بەرەوپێشچوونی کارەکانی دروستکردنی ئەم بۆرییە (کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە) پێمان دەڵێت کە ئایا هەوڵەکانی ئێستای عێراق بۆ هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بونیادی دروست، یان هێشتا بەهۆی کەلێنی ژێرخانی نێوان ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و ڕێڕەوە نوێکانی هەناردەکردن هەر بە سنوورداری دەمێنێتەوە.

سەرچاوەکان

  1. ConocoPhillips, ConocoPhillips Reaches Agreement Supporting Redevelopment of Producing Oil Fields in Iraq, News Release, July 17, 2026, https://www.conocophillips.com/news-media/story/conocophillips-reaches-agreement-sup-porting-redevelopment-of-producing-oil-fields-in-iraq/.

  2. Editorial Team. ”Energy Developments in Context: Chevron’s Potential Entry Signals Shifting Investment Dynamics in Iraq’s Upstream Sector.“ Iraq Energy Outlook, May 1, 2026.

  3. STAFF OF IRAQ OIL REPORT. ”Maarij arrested in widening corruption crackdown.“ JUNE 30TH, 2026. https://www.iraqoilreport.com/news/maarij-arrested-in-widening-corruption-crackdown-47862/

  4. Statement. Prime Minister Office. https://pmo.iq/?article=4431

  5. ”PM Ali Zaidy Leads A Meeting of Security and Auditing Institution“

  6. Prime Minister Office of Iraq "المنهاج الوزاري” https://pmo.iq/?page=6

  7. Ibid

  8. Ibid

  9. Haydar Karaalp and Emir Yildirim.”Iraq prepares to reopen Syrian land route for oil exports to bypass Gulf.“ July 6, 2026.

  10. Editorial Team, Iraq Energy Outlook. Energy Developments in Context: Iraq Opens Syrian Export Route to Relieve Fuel Bottlenecks. p26. Print.

  11. Iraq News Agency. ” Oil Ministry Launches Basra-Haditha Pipeline Project with 2.5 Million BPD Capacity.“ May 1, 2026. https://ina.iq/en/local/48295-oil-ministry-launches-basrahaditha-pipeline-project-with-25-million-bpd-capacity