چاکسازی لە کەرتی کارەبادا یەکێکە لە سەختترین ئاڵنگارییە سیاسییەکانی بەردەم عێراق. دەیان ساڵە حکومەتەکانی عێراق، بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە خراپی وەبەرهێنانیان لە کەرتی کارەبادا بەڕێوەبردووە.. هاوکات خواست لەسەر کارەبا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. ئەم حکومەتانە سەرکەوتوو نەبوون لە سنووردارکردنی خواست لەسەر کارەبا لە ڕێگەی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا، یان دانانی پێوەرەکانی  کارایی وزە لە یاساکانی بیناسازیدا.

دەرەنجامێکی ئەم بەڕێوەبردنە لاوازە بریتیە لە کەمی کارەبای دەستەبەرکراو بۆ بەکاربەران بۆ ساڵانێکی  زۆر چونکە هەمیشە خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاتر بوو لەو بڕەی کە بەردەست کرابوو. بە تێپەڕبوونی کات ئەم ناهاوسەنگییە دۆخێکی دروستکرد کە کەرتی گشتی توانای دابینکردنی کارەبای نەبوو، بۆیە هاوتەریب بازاڕێکی گرانی دروستکرد بۆ موەلیدە گازییەکانی گەڕەکەکان کە ئەو کەلێنەی نێوان خواست و خستنەڕووی کارەبایان پڕدەکردەوە. دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو هاووڵاتی دوو جار پارەی کارەبای دەدا؛ جارێک بە حکومەت و جارێکیش بە خاوەنی موەلیدەی گەڕەکەکان، بەڵام هێشتا کارەبای تەواوی ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین نەدەکرا. هاوکێشەکە بێ مانا بوو، بەڵام توانای بەردەوامی هەبوو چونکە لە ڕووی سیاسییەوە قبوڵکراوبوو.

پڕۆژەی ڕووناکی ، کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، گرنگترین هەنگاوی چاکسازی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ شکاندنی سووڕی کێشە بەردەوامەکانی کارەبا دەست پێکردووە. ئەم پرۆژەیە بە بەکارهێنانی پێوەرە زیرەکەکان، پسووڵەی دیجیتاڵی و نرخدانان بەپێی بەکارهێنان لەگەڵ پابەندبوون بە بەڕێوەبردنێکی ناوەندییانەی کارەبا، دەستی پێکرد. ئامانجی پرۆژەکە ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان دابین بکات. لەگەڵ ڕووماڵکردنی سەرتاسەری لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە(١)،  تا ئێستا نزیکەی ٥ ملیۆن و نیو دانیشتوانی کوردستان، کە نزیکەی ٨٥%ی دانیشتوانی هەرێمەکەیە، لە تۆڕی پرۆژەکەدا تۆمارکراون.

لە قۆناغی سەرەتادا، پرۆژەکە دەستکەوتی ڕاستەقینەی بەدەستهێناوە: توانی ٢٤ کاتژمێر کارەبا لەو ناوچەنا دابین بکات کە پێوەری بۆ دانابوون، پابەندبوونێکی بەهێزتری پارەدانی هێنایە ئاراوە و هاوکات پشتبەستنی بە موەلیدەکان کەمکردەوە. بەڵام هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بووە هۆی دەرخستنی لاوازییەکی بوندیادی کە کۆی گشتی سیستەمەکەدا کە شێوازی پارەدان بە تەنها ناتوانێت چارەسەری بکات. ئەم جەنگە دابینکردنی ووزەی کارەبای لە هەرێمی کوردستان توشی گرفتێکی گەورەکرد؛ ئەمەش بەهۆی کوژانەوەی خۆپارێزی کێڵگەی غازی سروشتی کۆر مۆر-ەوە کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نزیکەی ٨٠%ی کارەبای هەرێمی کوردستانە(٢). تەنانەت لەو ناوچانەی کە بە تەواوی لەلایەن ڕووناکییەوە کارەبایان پێ دەدرێت، دابینکردن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەشێوەیەک هەندێکجار توانای دابینکردنی تەنیا ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێری لە ڕۆژێکدا هەبوو. ئەمەش خەڵک و دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی ناچارکرد وەک رێگەیەکی فریاگوزار و جێگرەوە دووبارە ڕوو لە موەلیدەکان بکەنەوە.

ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ شیکارکردنی ئەوەی کە چۆن شەڕو ململانێکانی ناوچەکە چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی راناگرن، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی ڕەنگ و ڕوخساری دەگۆڕێت و دووبارە چوارچێوەیەکی تری بۆ دا دەنێن. چونکە بۆ ئەوەی پرۆژەکە بەردەوام بێت، پێویستە ئاسایشی وزە لە پاڵ کارنامەی نرخ و کارایی خۆیدا ڕەچاوبکات و جێگیری بکات.

پێش ڕووناکی: ئابووری سیاسی سیستەمێکی کارەبای داڕماو

پێش پڕۆژەی ڕووناکی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەکانی تری عێراق بە دوو سیستەمی کارەبا کاری دەکرد. کارەبای پاڵپشتیکراوی کەرتی گشتی  دابین دەکرا، بەڵام توانای دابینکردنی خواستی خەڵکی نەبوو. لە بەرامبەردا موەلیدەی گەڕەکەکان بە نرخێکی گرانتر لە بازاڕ ئەو بۆشاییەیان پڕدەکردەوە.

ئەم ڕێکخستنە ناکارامە بوو، بەڵام بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەردەوام بوو. نرخی پاڵپشتیکراوی کارەبای حکومی کەم بوو، ئەمەش هاندەر بوو بۆ زۆر خەرجکردنی کارەبا و نەدانی کرێکەی. لە لایەکی دیکەوە, خاوەنی موەلیدەکان هەمیشە ئامادەبوون بۆ دابینکردنی کارەبا، بە ڵام بە نرخێکی زۆر گران. عێراق لە بەرزترین ئاستی جیهانیدابوو بۆ لەدەستدانی وزەی کارەبا بەهۆی گواستنەوە و دابەشکردن. بەپێی خەمڵاندنێکی بانکی نێودەوڵەتی، زۆرجار بڕی لەدەستچوو دەگەیشتە ٥٠% بۆ ٦٠%ی کۆی بەرهەمی کارەبا(٣). سیستەمەکە بەردەوام بوو، چونکە لە ڕووی سیاسییەوە کاری دەکرد، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە شکستی هێنابوو.

تێچووی دارایش بە هەمان شێوە زۆر بوو (٤). ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢.٦ ترلیۆن دیناری عێراقی (واتە نزیکەی ٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی)ی دەدا بە کۆمپانیا سەربەخۆکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە وزەیان بۆ تۆڕی گشتی دابین دەکرد، هاوکات تەنها ٠.٦ ترلیۆن دیناری (نزیکەی ٤٦٢ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) داهاتی دەستدەکەوتەوە، ئەمەش بەهۆی سنووردارکردنی تەکنیکی پسوڵە و پارەدان و دزینی فراوانی وزەی کارەباوە بوو (٥). وەک لە وێنەی یەکەمدا دەردەکەوێت، سیستەمەکە بەردەوام بوو نەک لەبەر ئەوەی کارامە بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی خزمەتی بە بەرژەوەندی ئەوانە دەگەیاند کە بەشێک بوون لێی.

وێنە ١ - ئابووری سیاسی و دوو بازاڕی کارەبا پێش پرۆژەی ڕۆناکی

سەرچاوە: وێنەکێشان لە لایەن نووسەری بابەت

سەرچاوە: وێنەکێشان لە لایەن نووسەری بابەت

لۆژیکی چاکسازی ڕووناکی

پڕۆژەی ڕووناکی دوو لە گەورەترین کەموکوڕییەکانی سیستەمەکە دەکاتە ئامانج: لاوازی لە جێبەجێکردنی یاسا  و شێواندنی نرخەکان. پێوەرە زیرەکەکان و پسوڵەی دیجیتاڵی، دزی و نەدانی پارە کەم دەکەنەوە،. هاوکات ئاستی کۆکردنەوەی داهات بەرز دەکەنەوە. گۆڕانکاری لە نرخی کارەبادا بە پێی بڕی بەکارهێنراو دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتاری بەکاربەر، ئەمەش دواجار

ڕەنگدانەوەیەکی درووستی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا نیشان دەدات. وەک لە وێنەی ٢دا دەردەکەوێت، نرخی کارەبا بۆ ئەو بەکاربەرانەی کەمتر کارەبا خەرج دەکەن  لە ئاستێکی گونجاودا دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا بەکارهێنانی زیاتر وردە وردە گرانتر دەبێت. واتە لەم سیستەمەدا بڕی پارەی پسوڵەی کارەبا بەندە بە ڕادەی بەکارهێنانی کارەبا و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ خێزانە کەمدرامەتەکان.  هاوکات پێکهاتەی-هاندان لە نرخدانانی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ بڕی بەکاربردن کە ڕەنگدانەوەی واقیعی ئابوورییە.

وێنەی ٢ - پێکهاتەی پارەی کارەبای ڕوناکی بۆ ماڵان و بەکارهێنەرانی بازرگانی

 سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (٦)

سەرچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (٦)

لەهەل و مەرجێکی هاوشێوەدا، چاکسازی لە کۆکردنەوەی کرێی کارەبای ئوردن ئەوە نیشان دەدات کە بەرزبوونەوەی وردە وردەی نرخەکان بە پێی بەکارهێنان و قەرەبووکردنەوەی ئامانجدار، یارمەتیدەر ئەبێت لە بەدەستهێنانەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا و هاوکات کۆمەکی خێزانە کەمدرامەتەکانیش دەکات. دۆزینەوەکانی بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکەوتنی چاکسازییەکە زۆر پەیوەستە بە داڕشتنی شێوازی دابەشکردن و ڕادەی پەسەندکردنی لە لایەن کۆمەڵگاوە. پڕۆژەی ڕووناکی لۆژیکێکی هاوشێوە دەگرێتەبەر بەڵام زیاتر جەخت لەسەر پێوەرە دیجیتاڵییەکان و جێبەجێکردنیان دەکاتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورەی ئاسایشی وزە دەبێتەوە کە جێبەجێکردنی پرۆژەکە ئاڵۆزتر دەکات(٧).

ئەنجامەکان بەرچاو بوون. بە گوتەی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەرزەکانی بەرزترین خواست بۆ کارەبادا ( زستان و هاوین)  لەو ناوچانەی لە ناو بازنەی پرۆژەی ڕووناکیدان ، خواست بۆ کارەبا بە نزیکەی ٤٠% دابەزیوە.(٨) بۆ نموونە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کە پێشتر پێویستی بە ١٠ مێگاوات بوو ئێستا تەنیا ٦ مێگاواتی پێویستە. ئەمەش هۆکاربوو کە تۆڕەکە لە دابینکردنی بەردەوام نزیک بێتەوە بێ ئەوەی پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان هەبێت. ئەمەش بەڵگەی بەهێز دەخاتە ڕوو کە کاریگەری هێماکانی نرخ (Price Signals) دەتوانن تا چ رادەیەک خواست لە سەر کارەبا کەم بکەنەوە.

داتاکانی سیستەمی پارەکۆکردنەوەی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان وێنەیەکی دڵنیاکەرەوە لە توانای کڕین نیشان دەدەن. نزیکەی نیوەی خێزانەکان مانگانە پسوڵەیان لە خوار ٧٣ هەزار دیناری عێراقی (نزیکەی ٥٣ دۆلاری ئەمریکی) بەدەست گەیشتووە، لە کاتێکدا ٨٠% پسوڵەیان لە خوار ١٦٠ هەزار دیناری عێراقییەوە (نزیکەی ١٢١ دۆلاری ئەمریکی٢) بەدەست گەیشتووە (٩). بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی نرخی پسوڵەکان دەکەن لە مانگەکانی زستاندا بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنان، درێژبوونەوەی کاتی ماوەی پارەکۆکردنەوە و  زیادبوونی بەکاربردن. ئەمەش کەلێنێک نیشان دەدات لە نێوان میکانیزمی نرخدانان و تێڕوانینی گشتی خەڵکدا  بۆ پرسی کارەبا. هاوکات تیشک دەخاتە سەر پێویستی باشترکردنی پەیوەندی نێوان بەکاربەرانی کارەبا و حکومەت لە کاتی جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی دەستکاریکردنی نرخەکان.

هەروەها چاکسازییەکە سوودێکی مانادار بە ژینگە دەگەیەنێت. وێستگەکانی کارەبای غازی -تێکەڵاو (Combined-cycle power-plants) نزیکەی ٢٣٠-٣٧٠ گرام CO2 (گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن) لە هەر کیلۆوات-کاتژمێرێکدا فڕێ دەدەنە ناو هەوا. تەنانەت لە خراپترین دۆخدا، کارەبای دروستکراوی غاز زۆر پاکترە لە گاز (دیزڵ) کە بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی ٨٠٠ گرام  گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن) لە هەر کیلۆوات کاتژمێرێکدا) دەردەدات. بۆیە گواستنەوە لە مۆلیدەی گازەوە بۆ کارەبای غاز لەسەر بنەمای تۆڕ دەتوانێت دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی زیاتر لە ٦٠% کەم بکاتەوە، ئەمەش سوودێکی بەرچاوی پڕۆژەی ڕووناکییە ئەگەرچی کەمیش باس دەکرێت.

چاکسازی کەرتی کارەبا لە ژێر فشاردا

ڕووناکی لە هەلومەرجێکی ئارامدا جێبەجێ ناکرێت. نیگەرانییە ئاسایشییەکانی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، چەندین جار دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە سەرانسەری کوردستاندا پەکخستووە(١٢). ئەم قەیرانە وایکردووە سیستەمی کارەباکە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ پشتبەستن بە موەلیدەی گەڕەکەکان(١٣).

ئەم قەیرانە کرۆکی چاکسازییەکەی پڕۆژەی ڕووناکی خستە ژێر پرسیارەوە و بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆزتری کرد، بە تایبەتی لە رەهەندێکیەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر پێشبینی کراوبوو. بۆنمونە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر چەندین جار پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە ساڵی ٢٠٢٤'دا بە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج، ئەمەش غاز دابینکردنی توشی گرفت کرد. رەچاونەکردنی ئەم مەترسییە ئاسایشییانە لە دیزاینکردنی بەرنامەی ڕووناکیدا کەموکوڕییەکی بنەڕەتی نیشان دەدات لە پێکهاتە سەرەتاییەکەیدا. پێویستبوو ئاسایشی وزە هەر لە سەرەتاوە لە پڕۆژەی ڕووناکیدا هەبێت، نەک وەک پرسێکی جیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە پێوسیت بکات دواتر چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.

هەروەها پڕۆژەی ڕووناکی ڕەهەندێکی دیکەی گرنگی هەیە کە گۆڕینی پرۆسەی دابەشکردنی کرێ و سوودە ئابوورییەکانی کارەبایە لە سەرانسەری سیستەمێکدا کە لە مێژە پشتی بە ڕێکخستنە نافەرمییەکان و بازاڕە ناوخۆییەکانی موەلیدە و بەرهەمهێنەرانی گاز بەستبوو. کەرتی موەلیدە گازییەکان سەرچاوەی دەیان هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوو؛ هەر لە  تۆڕەکانی دابینکردنی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی چاککردنەوە و ڕێوشوێنی پسوڵەی کارەبای گەڕەکەکانەوە تا دەگەیشتە بەرهەمهێنەرانی گاز و خاوەن پاڵاوگە بچووکەکان. ڕووناکی بە دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری کۆتایی بەم ئیکۆسیستەمە هێنا و ڕۆڵی بەڕێوەبەرانی موەلیدەی گازی کەمکردەوە.

لە بارودۆخی ئاساییدا، ئەم جۆرە گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی پێشبینیکراو تووشی بەرگری و گرفت دەبێتەوە، وەک ئەو ناڕەزاییانەی لە سلێمانی و ڕانیە سەبارەت بە کرێی کارەبا و پێوەرە زیرەکەکان سەریان هەڵدا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو گرژییانەیە کە لە گۆڕینی سیستەمێکی کارەبای هەرزانەوە بۆ شێوازێکی نوێی کرێی کارەبا، کە پشت بە بەکاربردن دەبەستێت، دروست دەبێت  (١٧).

بە کردەوە موەلیدەی گەڕەکەکان چیتر بڕبڕەی پشتی سیستەمەکە نین، بەڵام بەسەرچووش نین. ئەوان زیاتر وەک چینێکی دابینکەر کاردەکەن، چالاک دەبن کاتێک بڕی کارەبای ناوەندی سنووردار دەبێت(١٨). ئەم ڕۆڵە دوو لایەنەیە فشارە ڕاستەوخۆکانی کەرتی کارەبای موەلیدەکان کەمدەکاتەوە، بەڵام ئەوەش پیشان دەدات کە ئامانجی کۆتایی ڕەنگە گواستنەوەیەکی سەرکەوتوو نەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی مۆلیدەکان، بەڵکو سیستەمێکی کارەبای تێکەڵاوی خۆڕاگرتر دەبێت کە ڕەچاوی هەڕەشە ئاسایشییەکانی کردووە.

مەترسییە بوونیادییەکان لە ژینگەیەکی ناجێگیردا

ئاسایشی وزە

گەورەترین مەترسی لە پشتبەستنی تەواوی سیستەمەکەدایە بە کێڵگەی کۆر مۆر وەک سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی غاز. وەک لە پەککەوتنی ئەم دواییە دەریانخستووە، هەر وەستانێک لە ڕۆیشتنی غازدا دەستبەجێ کاریگەری لەسەر سیستەمەکە دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی کارەبا. بۆیە متمانەکردن بە پڕۆژەی ڕووناکی بە شێوەیەکی کاریگەر پەیوەستە بە ئاسایشی ژێرخانی وزە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا.

بەردەوامیی سیاسی

لە کۆتاییدا چاکسازی لە سیستەمی کۆکردنەوەی کرێی کارەبا پەیوەستە بە قبوڵکردنی گشتی خەڵک بۆ ئەم سیستەمە، کە ئەویش پەیوەستە بە بەدەستهێنانی متمانە بۆ ئەو لایەنەی خزمەتگوزارییەکە پێشکەش دەکات. خەڵک ئامادەن پارەی زیاتربدەن کاتێک ئەو خزمەتگوزارییەی خراوەتە ڕوو جێگەی متمانە بێت. بەڵام شۆکەکانی ئەم دواییەی دابینکردن دەریانخستووە لەوانەیە ئەم متمانەیە بە خێرایی کاڵ ببێتەوە و ڕەنگە ئاستی بەرەنگاربونەوەی خەڵک لە دژی سیستەمەکە زیاتر بێت.

فشارەکانی گۆڕانکاری خواستی وەرزی بۆ کارەبا 

بەکارهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی هاوین و ناوەڕاستی زستاندا بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە. خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا لەم کاتانەدا بە نزیکەی ٤٤% لە نێوان ئەم دوو وەرزەدا بەرز دەبێتەوە، واتە نزیکەی ٤،٥٠٠ بۆ ٦،٥٠٠ مێگاوات، وەک لە گرافی ٣ دا هاتووە. تەنانەت بە بێ هیچ ئاستەنگێکی پەککەوتن، ئەو ماوانەی کە خواست لەسەر کارەبا زۆرە، مەودای نێوان توانای بەرهەمهێنانی وزە و باری تۆڕەکە سنووردار دەبێت. هەموو ئەمانە پێکەوە ، بە تێکەڵکردنی لەگەڵ سنووردارکردنی دابینکردنی سووتەمەنی، تۆڕەکە بەرەو لێواری داڕمان پاڵ دەنێن.

ئەم مەترسییانە، پێکەوە، ئاماژەن بۆ ڕاستییەکی فراوانتر: سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕووناکی تەنیا وابەستەی ڕاستکردنەوەی سیستەمی نرخەکان نییە،بەڵکو بەندە بە توانای بەردەوامی و کارکردن لە ژینگەیەکی نائارامدا. لەم چوارچێوەیەدا، نەبوونی ئاسایشی وزە دەتوانێت متمانەی گشتی تێکبدات، کە ئەگەری هەیە تەواوی چاکسازییەکە لە بناغەوە ئاوەژووبکاتەوە.

گرافی ٣ - کەلێنی وەرزی نێوان دابینکردنی کارەبا و خواست، هەرێمی کوردستان

سه ڕچاوه : له لایه ن نووسه ر له سه ڕچاوه حکومییه کان و لێدوانه ڕۆژنامه وانییه کان(٢١) کۆی کردووه ته وه ، له نێویاندا کۆنگره یه کی ڕۆژنامه وانی که مال محه مه د وه زیری کاره بای هه ڕێم. (٢٢)

سه ڕچاوه : له لایه ن نووسه ر له سه ڕچاوه حکومییه کان و لێدوانه ڕۆژنامه وانییه کان(٢١) کۆی کردووه ته وه ، له نێویاندا کۆنگره یه کی ڕۆژنامه وانی که مال محه مهد وه زیری کاره بای هه ڕێم. (٢٢)

چاکسازی بونیادی، یان خۆڕاگرییەکی پێویست؟

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا بەرنامەی ڕووناکی چاکسازییەکی بوونیادی ڕاستەقینە دەبێت، یان تەنیا ڕێکخستنەوەیەکی کاتییە. لە ڕووی تیۆرییەوە، بەرنامەکە چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی سیستەمەکە دەکات: سیستەمی کۆکردنەوەی پسوڵەی کارەبا بەهێز دەکات، نرخەکان لەگەڵ بەکاربردندا هاوتەریب دەکات و پشتبەستن بە بازاڕە نافەرمییەکانی کارەبا و موەلیدە گازیەکان کەم دەکاتەوە. بەڵام پشێوییە ئاسایشییەکانی ئەم دواییە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.

تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە بۆ گەڕانەوە بۆ موەلیدە گازیەکان وەک سیستەمێکی هاوتەریب، بەڵام بە کردەوە حکومەت ناچار بووە پشتیان پێ ببەستێت لە ماوەی کورتهێنان لە دابینکردنی غازدا. ئەمە بەشێک نییە لە دیزاینی چاکسازی؛ وەڵامێکە بۆ کێشە هەنووکەییەکان.

گەڕانەوە بۆ موەلیدە گازییەکان مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ شکست، یان لەکارکەوتنی پرۆژەی ڕووناکی و بەتاڵبوونەوەی  ناوەڕۆکە چاکسازیخوازیەکەی؛ بەڵام ڕەنگە ڕەنگدانەوەی گونجاندنێکی پراگماتیک بێت لەگەڵ ژینگەیەکی کارکردنی ناجێگیردا. پێویستە پێداچوونەوەیەک بکرێت بۆ دیدگای سەرەتایی و قۆناغ بە قۆناغی کۆتاییهێنان بە موەلیدەکان. لە جیاتی ئەمە رەنگە پێویست بێت گرنگی زیاتر بە خۆڕاگری سیستەمەکە بدرێت. هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئامادەکاری و پلاندانان بۆ دۆخی لە ناکاو و مەترسیدار لە پێداویستییەکانی سیستەمەکەیە.

بۆ نموونە، دامەزراندنی کۆگای گاز لە نزیک وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی جێگرەوەی وزە بۆ ماوەیەکی کاتی لە دۆخی لەناکاودا پشتی پێ ببەسرێت. ئەمە دەتوانێت یەدەگێکی کورتخایەن لە کاتی پچڕانی دابینکردنی غاز لە کۆر و مۆرەوە دابین بکات و یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە داخستنی تەواوەتی تۆڕەکە.

 جگە لەوەش، هەوڵی  پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی دیکە لە کوردستان، وەک کێڵگەی چەمچەماڵ کە ئێستا لە قۆناغی گەشەپێداندایە، یان کێڵگەکانی میران و بنەباوێ ، سەرچاوەی بەدەستخستنی گاز هەمەچەشن دەکات و مەترسییە ئاسایشییەکانی کۆر و مۆر کەمدەکاتەوە.

راسپاردە سیاسییەکان

١- ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی کارەبا و ئاسایشی وزە لەیەک جیا ناکرێتەوە. تەنانەت چاکسازییەکانی نرخ کە بە باشی داڕێژراون، بەبێ دابینکردنی سووتەمەنی جێگیر ناتوانن سەرکەوتوو بن.

٢- موەلیدە گازیەکان وەک بژاردەی دابینکەر و  پێویست دەمێننەوە. پڕۆژەی ڕووناکی پشتبەستنی بە موەلیدەکان کەمکردۆتەوە، بەڵام قەیرانی ئەم دواییە و دابینکردنی کارەبا لەلایەن موەلیدەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە هێشتا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دۆخی فریاگوزارییدا.

٣- قبوڵکردنی گشتی پەیوەستە بە متمانەپێکردن، نەک تەنیا گونجاوی نرخ. خەڵک زیاتر ئامادەگی پارەدانی کارەبای هەیە کاتێک وزەی دەستەبەرکراوی جێگیر بێت، بەڵام لەوانەیە بکەونە دۆخی کاردانەوە و بەرەنگاری ئەگەر جێگیر نەبێت.

٤- پێویستە خۆڕاگری لەناو سیستەمەکەدا بونیاد بنرێت. هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی سووتەمەنی و پلاندانان بۆ دابینکردنی توانای یەدەکی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی چاکسازییەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت.

دەرئەنجام

پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە هەوڵە گرنگەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان. ئەمە چارەسەری گرفت و ناکاراییەکی درێژخایەن دەکات و ڕێبازێکی گونجاوی دیسپلینکراو دەخاتە ڕوو بۆ نرخی کارەبا و کۆکردنەوەی داهات. هاوکات دەرەنجامەێکی باشیشی هەبووە تا ئێستا.

ئەزموونی چەند مانگی ڕابردوو، ماوەی شەڕەکە، ئەوەی نیشانداین کە چاکسازی لە کەرتی کارەبا لە عێراقدا تەنیا ئالنگاریی سیاسی و ئابووری نییە، بەڵکو بابەتێکی ئەمنیشە. ڕووناکی چیتر تەنیا بەرنامەیەکی چاکسازی نییە. تاقیکردنەوەیەکە کە ئایا سیستەمی کارەبا لەسەر بنەمای نرخ دەتوانێت لە چوارچێوەیەکدا کار بکات کە دابینکردنی وزە لەبەردەم مەترسی جیۆپۆلەتیکیدا بمێنێتەوە؟

ڕووناکی هێشتا دەتوانێت گۆڕانکارییەکی بەردەوام پێشکەش بکات ئەگەر حکومەتی هەرێم بتوانێت خۆڕاگری سیستەمەکە بەهێز بکات و متمانەی گشتی بپارێزێت و خۆی لەگەڵ ئەم واقیعانەدا بگونجێنێت. ئەگەر نەتوانێت، ئەوا هەرێمەکە تووشی مەترسی ئەوە دەکات کە بگەڕێتەوە بۆ ئەو مۆدێلەی کە هەوڵی بەجێهێشتنی دەدا.

سەرچاوەکان:

1. KRG. Runaki. Nearly 5.5 million citizens now enjoy 24-hour electricity through the Runaki initiative, from

https://runaki.gov.krd/en/resources/nearly-55-million-citizens-now-enjoy-24-hour-electricity-through-the-runaki-initiative/

2. Rudaw. (2026). KRG Expects Major Power Drop after Khor Mor Shutdown. 28 February. Retrieved 9 March 2026, from

https://www.rudaw.net/english/kurdistan/280220262

3. World Bank. (2022). DataBank World Development Indicators: Electric Power Transmission and Distribution Losses (% of output). Retrieved 1 March 2026, from https://databank.worldbank.org/reports.aspx?country=IRQ%2CCOM&series=EG.ELC.LOSS.ZS&source=2

4. Porter, Lizzie, Rawaz Tahir, and Staff of Iraq Oil Report. (2021). $4+ Billion Debt Compounds Kurdistan's Electricity Challenges. Iraq Oil Report, 21 December. Retrieved 1 March 2026, from

https://www.iraqoilreport.com/news/4-billion-debt-compounds-kurdistans-electricity-challenges-44277/

5. Hussein, Mohammed. (2025). Kurdistan Region Electricity Reform and the 'Runaki' Project. Iraq Economic Review, Eleventh Edition, 8: 14–21.

6. KRG. (2025). KRG announces new electricity tariffs under Project Runaki. 16 May. Retrieved 2 March 2026, from

https://gov.krd/moel-en/activities/news-and-press-releases/2025/may/krg-announces-new-electricity-tariffs-under-project-runaki/

7. World Bank. (2015). Energy Subsidies Reform in Jordan: Welfare Implications of Different Scenarios. Washington, DC: World Bank.

https://documents1.worldbank.org/curated/en/118591468171850113/pdf/97159-WP-P156034-Jordan-31May2015-PUBLIC-Box391451B.pdf

8. Kurdistan TV. (2025). Face-to-face interview with Kamal Mohammed, KRG Minister of Electricity, on Runaki program achievements. December. Retrieved 15 March 2026, from https://www.facebook.com/reel/1163888902365796

9. Ministry of Electricity. (2026). Runaki: 50% of households receive less than 73,000 IQD for the latest electricity bill. 15 February. Retrieved 10 March 2026, from

https://gov.krd/moel-en/activities/news-and-press-releases/2026/february/runaki-50-of-households-receive-less-than-73-000-iqd-for-the

- latest-electricity-bill/

10. Michel Noussan, Gabriele Fambri, Viviana Negro, and David Chiaramonti. (2024). Hourly electricity CO₂ intensity profiles based on the real operation of large-scale natural gas combined cycle cogeneration plants. Energy. Department of Energy, Politecnico di Torino.

11. Facilities Engineering Associates, P.C. (n.d.). The Carbon Footprint of Diesel Generators. Retrieved 12 March 2026, from

https://www.feace.com/single-post/the-carbon-footprint-of-diesel-generators

12. MNR and Ministry of Electricity. (2026). Joint statement on electricity supply disruptions. 28 February. Retrieved 30 March 2026, from

https://web.facebook.com/photo/?fbid=1220412566921905&set=a.228339206129251

13. Mohammed, Osman. (2026). Interview by Mohammed Hussein. President, Kurdistan Union of Neighborhood Generators. 28 March.

14. MOHAMMED HUSSEIN, RAWAZ TAHIR, BEN VAN HEUVELEN AND LIZZIE PORTER OF IRAQ OIL REPORT “UPDATE: Four killed in drone attack on Khor Mor gas field.” April 2026, 2024. https://www.iraqoilreport.com/news/three-killed-in-drone-attack-on-khor-mor-gas-field-46464/

15. Kurdistan Region Statistics Office. (2021). Electric Generators in the Private Sector: Kurdistan Region 2021. Retrieved 1 March 2026, from

https://krso.gov.krd/content/upload/1/root/mulidat-en.pdf

16. KFuture.Media. (2025). Private Generator Owners in Sulaymaniyah Reject Government Contract Terms Under Runaki Project. Retrieved 3 October 2026, from https://kfuture.media/private-generator-owners-in-sulaymaniyah-reject-government-contract-terms-under-runaki-project/

17. Shafaq News. (2025). Kurdistan's 24/7 Power Project Faces Backlash over Price Hike. 18 March. Retrieved 10 March 2026, from

https://shafaq.com/en/Kurdistan/Kurdistan-s-24-7-power-project-faces-backlash-over-price-hike

18. Mohammed, Osman. (2026). Interview by Mohammed Hussein. President, Kurdistan Union of Neighborhood Generators. 28 March.

19. MNR and Ministry of Electricity. (2026). Joint statement on electricity supply disruptions. 28 February. Retrieved 30 March 2026, from

https://web.facebook.com/photo/?fbid=1220412566921905&set=a.228339206129251

20. Hussein, Mohammed. (2025). Kurdistan Region Electricity Reform and the 'Runaki' Project. Iraq Economic Review, Eleventh Edition, 8: 14–21.

21. Hussein, Mohammed. (2025). Kurdistan Region Electricity Reform and the 'Runaki' Project. Iraq Economic Review, Eleventh Edition, 8: 14–21.

22. Rasul, Azhi. (2023). KRG Electricity Generation Still Far Outstripped by Demand. Rudaw, 9 September. Retrieved 1 March 2026, from

https://www.rudaw.net/english/kurdistan/090920231

23. Mohammed, Osman. (2026). Interview by Mohammed Hussein. President, Kurdistan Union of Neighborhood Generators. 28 March.