کەرتی وزەی عێراق تەنیا کەرتێک نییە لە نێوان ئەوانی دیکەدا، بەڵکو بنەمای ئابووریی وڵاتەکەیە. بڕبڕەی پشتی دەوڵەتی عێراق و بزوێنەری دارایی گشتییە و هاوکات ڕەنگدانەوەی ماتەوزە و لاوازییەکانی وڵاتەکەشە. داهاتی نەوت گەورەترین پشکی داهاتی دەوڵەت و زیاتر لە نیوەی کۆبەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وڵاتەکە پێکدەهێنێت. بۆیە ئەم کەرتە پەنجەرەیەکی سەرەکییە کە بە هۆیەوە دەتوانین لە پەیوەندی نێوان عێراق و جیهانی دەرەوەی تێبگەین.
هەر لەم ڕوانگەیەوە، ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتییەکان لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS)، گۆڤاری ئاسۆی وزەی عێراق بڵاودەکاتەوە. ئەم بڵاوکراوەیە پابەندە بە گەڵالڵیەکی سادە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێوویست و ناچاریش: ئەویش ئەوەیە کە بابەت و گفتوگۆکانی کەرتی وزەی عێراق (بە کوردستانیشەوە) گرنگە و پێویستە لەسەر بنەمای ڕاستییە سەرەتاییەکان بێت.
عێراق پێویستی بە شیکاری باشتری بواری وزە، داتای دروست و وردتر، پێشبینی باشتر و دیالۆگێکی نیشتمانی رێکخراوتر هەیە دەربارەی ئەم کەرتە کە لە ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیدا بێت. چونکە دواجار هەر ئەمەیە کە سەرچاوەی داراییە گشتیەکەیەتی و تا رادەیەک ژیان و بژێوی زۆربەی خێزانەکانی وڵاتەکەیشی رەنگڕێژکردووە.
ساڵانێکی زۆرە گفتوگۆکانی بواری کەرتی وزەی عێراق لەژێر کاریگەری سیاساتی رۆژانەو قەیرانەکان و دروشم و سازانە کورتخایەنەکاندا بەڕێوە دەچن. لە وڵاتەکەدا بۆچوونی زۆر هەیە دەربارەی نەوت، گاز، کارەبا، هەناردەکردن، گومرگ، ململانێی هەولێر و بەغدا، ئۆپێک (OPEC)و پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. بەڵام ئەوەی کە نییە پلاتفۆرمێکی تایبەتمەند و پیشەییە کە پشتبەستووبێت بە زانیاری و ئەزموونی دامەزراوەیی تا شیکاری ووردبینانە پێشکەش بکات؛ ئینجا ئامارەکان بە بژاردە سیاسییەکانەوە ببستێتەوە و بژاردە سیاسییەکانیش بە دەرئەنجامەکانیانەوە.
ئەمە ئەو بۆشاییەیە کە ئاسۆی وزەی عێراق هەوڵی پڕکردنەوەی دەدات
عێراق پێویستی بە مۆدێلێکی نوێی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە هەیە، ئەمە نەک تەنیا بە مانا تەکنیکییە بەرتەسکەکەی، بەڵکو وەک چوارچێوەیەکی شیکاری نیشتمانییانە. ئێمە پێویستمان بە ئامرازگەلێک هەیە کە لەسەر بنەمای داتا و زانیاری یارمەتیمان بدات بۆ پێشبینیکردنی خواست و خستنەڕوو، بەدواداچوون لە ڕوودانی گۆڕانکارییەکان، لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕەفتاری گشتی بازرگانی وزە. پێویستمان بەوەیە کە پێشبینیە پیشەسازییەکانمان بۆ دەستنیشان بکات و دەرئەنجامەکانی بژاردە سیاسییەکان تاقیبکاتەوە پێش ئەوەی بگۆڕدرێن بۆ قەیران.
پێویستە لەگەڵ بینینی توانای بەرهەمێنانی عێراق لەوەش تێبگەین چی ڕوودەدات کاتێک ڕێگاکانی هەناردەکردن دادەخرێن، خواست لەسەر کارەبا بەرز دەبێتەوە، گومرگەکان دەگۆڕدرێن، دابینکردنی گاز پەکدەخرێت، ئۆتۆمبێلی کارەبایی دێتە بازاڕەکەوە، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی فراوانتر دەبێت، یان فشارەکانی کەشوهەوا بە تەواوی دەستڕاگەیشتنمان بە ئاو و وزە و کشتوکاڵ دەگۆڕێت.
بێگومان مۆدێلێکی وا نابێتە ئامرازێکی جادوگەر بۆ پێشبینکردنی داهاتوو، بەڵام بەلای زۆرەوە هەبوونی زۆر باشترە لەوەی کە گرنگترین کەرتی وڵاتەکە لەسەر بنەمای ئەزموونەکانی ڕابردوو بەڕێوە ببرێن.
پێویستی بۆ ئەم مۆدێلە شیکارییە تادێت زیاتر و گرنگتر دەبێت. لاوازییەکانی عێراق تیۆری نین؛ بەڵکو کێشەی دیارو بەرچاون لە نەبوونی هەمەچەشنی کەنالەکانی هەناردەکردن، لاوازی کەشی وەبەرهێنان، ناسەقامگیری سیستەمی کارەبا، سیاساتی ناڕوون، هەڵپەساردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشتبەستن بە نەوت وەک داهاتی سەرەکی، کەوتنە ژێر کاریگەری شەڕە هەرێمایەتییەکان و خێراتربوونی فشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پێداویستی بۆ گواستنەوە بەئاراستەی وزە پاک نوێ-بوەکان.
بێگومان سیستەمی وزە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەدەر لە تواناو بارودۆخ و سنوورەکانی عێراق. هاوکات بەرهەمهێنەران خۆیان بۆ سیناریۆی جیاوازی خواست-بۆ-وزە ئامادە دەکەن. بازاڕەکان تادێت کێبڕکێیان زیاتر دەبێت. هەروەها تەکنەلۆژیا بەشدارە لە گۆڕینی شێوازی بەکاربردنی وزە.
زۆر بە سادەیی، عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار پشت-بەستووە بە کۆمەڵێک گریمانەی لەرزۆک وەک: بەردەوام نەوت هەناردە دەکرێت، نرخەکان بە شێوەیەکی گونجاو دەمێننەوە، ڕێگاکانی هەناردەکردن بە کراوەیی دەمێننەوە و داهاتی گشتی هاوسەنگ دەبێت لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا. ئەمەش تەنها لاوازییەکی کەرتی وزە نییە بەڵکو لاوازییەکی دارایی و جیۆپۆلەتیکیشە.
عێراق پشت بە کاڵایەک دەبەستێت کە نرخەکەی کۆنترۆڵ کراو نییە. پشت بە کەناڵێکی دارایی گشتی دەبەستێت کە مەحاڵە هەتاسەر متمانەی پێ بکرێت. هەموو شۆکێکی نرخ، پەککەوتنی هەناردەکردن، یان سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە دۆلاری داهاتە نەوتیەکان دەتوانێت بە خێرایی ببێتە قەیرانێکی بودجە ئەگەر پاشەکەوتی پێویست، میکانیزمی سەقامگیری، هەناردەکردنی هەمەچەشن و دەستڕاگەیشتن بە داهاتی نانەوتی نەبێت.
ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە ئازارەوە ئەم لاوازییانەیان خستۆتە ڕوو. ئەمەش نیشانیداین کە چۆن ململانێکانی دەوروبەری گەرووی هورمز، پشتبەستنی زۆری عێراقی بە هەناردەکردنی نەوت لە دەروازەکانی بەسرە و باشوور و نەبوونی جێگرەوەیەکی کاریگەر، لەوانەش بۆرییەکی ستراتیژی کە باشوور بە باکوورەوە ببەستێتەوە، چ گرفتێکی سەختە. عێراق نەیتوانی بە ئاسانی ڕێڕەوی هەناردەکردنیی نەوتەکەی بگۆڕێت، بەشێکی بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە بوو. هاوکات بە هۆی نەبوونی توانای عەمبارکردنەوە بەهەرمهێنانی نەوتیشی وەستاند، ڕێگەی جێگرەوەی گونجاوی نەبوو پشتی پێ ببەستێت، سندوقی یەدەکی دارایشی نیە لەم کاتانەدا پەنای بۆ ببات.
تەنانەت داهاتە نەوتیەکانیشی ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە نەختینەیی دۆلار و گرفتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆن بۆوە. بۆ وڵاتێک کە خەزێنە گشتییەکەی پشت بە هەناردەکردن و نرخی نەوت دەبەستێت (کە توانای کۆنترۆڵکردنی نییە)، ئەمە تەنیا ناسەقامگیری نییە، بەڵکو مەترسییەکە لە ژێرخان و بوونیادی وڵاتەکەدا.
ئەمە نەفرەتی سەرچاوەکانە لە ڕوونترین شێوەی خۆیدا. دەوڵەت قازانجی خۆی لە نەوتەوە دەستدەکەوێت، خەرجییەکان هەر لە ڕێی نەوتەوەیە، دامەزراندن لەم رێگەیەوەیە و لە نەوتەوە پاڵپشتییەکان دابین دەکات؛ هەر بەهۆی نەوتیشەوە دەسەڵاتە سیاسییەکە خۆی دەپارێزێت.
لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان بەدەست کەمی کارەبا و سووتەمەنی و خراپی خزمەتگوزاری و کەمی هەلی کار و نیگەرانی دارایی زۆرەوە دەناڵێنن. بودجەی عێراق تەنیا وابەستەی نەوت نییە، بەڵکو کاریگەر دەبێت بە هەموو هەڵاوسانێکی نرخ، هەر ڕاوەستاندنێکی هەناردەکردن، یان هەر سنووردارکردنێک بۆ دەستڕاگەیشتن بە داهاتەکان.
لە ساڵانی سەقامگیری و داهاتی زۆری نەوتدا، وڵاتەکە بەشی پێویست پاشەکەوتی نەکردووە، سیستەمێکی دارایی بونیادنەناوە تا لە کاتی داڕوخانی داهاتە نەوتیەکان پشتی پێ ببەسرێت، بنەمای داهاتەکانی دەوڵەتی هەمەڕەنگ نەکرد، ژێرخانێکی دروست نەکرد کە لەگەڵ گرنگی ئەو سەرچاوانەی پشتی پێبەستبوو، بگونجێت.
ئەگەر سەرچاوەی داهات توانای خۆڕاگری و بەردەوامی نەبێت، ئاسایش دروست ناکات؛ بەڵکو لاوازی و کەموکوڕییەکە کە لە بەرگی سەروەت و ساماندا خۆی دەنوێنێت.
ژمارەی یەکەمی "ئاسۆی وزەی عێراق" تەنها بڵاوکراوەیەک نییە دەربارەی پێشهاتەکانی وزە، بەڵکو بانگهێشتێکە بۆ بیرکردنەوەیەکی جیاواز.
ئێمە لە کارەباوە دەست پێدەکەین چونکە ئەو کەرتەیە بەهۆیەوە هاوڵاتیان ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتدا دەکەن. شیکارییەک بۆ پرۆژەی "ڕووناکی" لە هەرێمی کوردستان، کە لە بابەتی "چاکسازیی کەرتی کارەبای کوردستان: ئالەنگارییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی "دا هاتووە، دان بە پێشکەوتنی ڕاستەقینەدا دەنێت لە کۆنترۆڵکردنی پارەی کارەبا و بە ئەقڵانیکردنی خواست و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە مۆلیدەکانی کارەبا.
هاوکات ئەوەش رووندەکاتەوە کە چۆن چاکسازییەکانی نرخ و پێوەرە زیرەکەکان بەس نین. کاتێک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دابینکردنی غاز لە کۆرمۆرەوە پەکدەخات، چاکسازی لە کەرتی کارەبادا دەگۆڕێت بۆ بابەتی ئاسایشی وزە. متمانەپێکردن، قبوڵکردنی ڕای گشتی، هەمەچەشنکردنی سووتەمەنی و پلاندانان بۆ ڕووداوە مەترسیدارەکان شتێکی لاوەکی نین؛ ئەوان پێشمەرجێکی بنەڕەتین بۆ چاکسازییەکی سەرکەوتوو.
دواتر سەرنج لە هەناردەکردنی نەوت و دارایی گشتی دەدەین. ڕاپۆرتێک بەناونیشانی " قەیرانی داهاتە نەوتیەکانی عێراق لە کاتی شەڕدا" ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن دۆخی دارایی عێراق بە خێرایی تێکدەچێت کاتێک ڕەوتی هەناردەکردنی نەوتەکەی بەهۆی شەڕە هەرێمایەتییەکانەوە پەک دەخرێت. وانەکە ڕوونە: چڕبوونەوەی هەناردەکردن تەنیا کێشەیەکی لۆجستی نییە؛ بەڵکو لاوازییەکی نیشتمانییە. ئەگەر یەک ڕێگا زۆرینەی ڕەهای نەوتی خاوی وڵات هەناردەبکات، یەک شۆک دەتوانێت قەیرانی بودجە و قەیرانی مووچە و قەیرانی حوکمڕانی لێبکەوێتەوە.
دوا بابەتی ئەم وەرزە بەناونیشانی "پەرەسەندنەکانی کەرتی وزە لە سیاقی خۆیدا" کە بەدواداچونێکی کورتە بۆ پێشهاتە سەرەکییەکانی کەرتی وزەی عێراق لەوانە قەیرانی گەرووی هورمز، ئەگەری هاتنە ناوەوەی شیڤرۆن بۆ کەرتی نەوتی عێراق، کورتهێنان و گرفتەکانی بازاڕی بەرهەمە نەوتیەکان لە عێراق و هەروەها کردنەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردنی سوریا بۆ چارەسەرکردنی تەنگەبەرییەکانی کەرتی پاڵاوتن. هەریەک لەم پێشهاتانە بۆخۆیان گرنگن، بەڵام پێکەوە ئاماژە بە ڕاستییەکی فراوانتر دەکەن؛ ئەوەی لە ئێستادا کەرتی وزەی عێراقی رەنگڕێژکردووە هۆکارە جیۆپۆلەتیکییەکانە، سنوورداری ژێرخانەکەیەتی، ئاماژەکانی وەبەرهێنانە، بەکارهێنانی ناوخۆیی و توانای دامەزراوەیی وڵاتەکەیە.
لەبەر ئەم هۆکارانە، ناوەندی ضیاء جعفر بۆ وزە و سامانە سروشتیەکان ڕوانگەیەکی هەمەلایەنەی دەبێت بۆ کەرتی وزەی عێراق، کە تا رادەیەک بزوێنەری سەرەکی ئابووری وڵاتەکەیە. ئێمە توێژینەوە لە کەرتی نەوت و گازدا ئەنجام دەدەین، بەڵام تەنها لێرەدا خۆمان سنووردار ناکەین. بەدواداچوون بۆ کارەبا، دارایی گشتی، سیاساتی پیشەسازی، پیشەسازییە ناوخۆییەکان، کەرتی گواستنەوە، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەکارهێنانی ماڵان، ڕەفتاری کۆمپانیاکان، فشارەکانی کەشوهەوا و پەیوەندی نێوان وزە، ئاو و ژینگە دەکەینە بابەتی توێژینەوە و کارەکانمان.
ئامانجمان ئەوەیە کە ڕێبازێکی پڕ ئەزموون بهێنینە ناو مشتومڕێکەوە کە زۆرجار لە ڕادەبەدەر بەرگی سیاسەتی بە بەردا دەکرێت. ئێمە لەگەڵ ناوەندە پێشکەوتووە جیهانییەکانی ئەم بوارە کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی میتۆدی کۆکردنەوەی زانیاری، مۆدێلی شیکاری، و ئامرازەکانی پێشبینیکردن کە بەپێی واقیعەکانی عێراق بگونجێت. ئێمە بنکەی زانیاری و داتا بنیات دەنێین، شیکاری سیاسەت بڵاودەکەینەوە، بەشداری گفتوگۆی مانادار دەکەین، و بەشداری دەکەین لە پەرەپێدانی چەمکسازییەکی هاوبەش بۆ چاکسازی. پرسیاری بنچینەیی دەکەین، بەڵام ئامانجمان بنیاتنانە: پشتیوانی لە بڕیاردانی باشتر دەکەین بە ئامانجی بنیاتنانی وڵاتێکی خۆڕاگرتر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە تەنیا بەشێکە لە ئەرکەکە. سەنتەری ضیاء جعفر بۆ وزەو سامانە سروشتیەکان لە زانکۆیەکدا لەنگەری گرتووە، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە. واتە ئێمە تەنیا شیکاری بۆ بڕیاردەرانی ئەمڕۆ ناخەینەڕوو، بەڵکو ڕاهێنان بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدەین کە دیدگای وزە بۆ داهاتوو بەهێز دەکەن.
ئێمە کاردەکەین بۆ بنیاتنانی توانای ئەنجامدانی توێژینەوە، دروستکردنی دەرفەت بۆ خوێندکاران و گەنجانی پیشەیی، پشتگیریکردنی توێژەران و زانایانی میوان، و پەرەپێدانی کارمەندانی شارەزا بۆ کارکردن لە گەڵ حکومەت، کەرتی تایبەت، کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە ئەکادیمیەکان. عێراق بە تەنیا پێویستی بە سیاسەتی باشتر نییە، بەڵکو پێویستی بە کەسانێک هەیە بتوانن داتاکان شیبکەنەوە و گریمانەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە و لە بازاڕەکان تێبگەن و دامەزراوەکان بەڕێوەبەرن و بە شێوەیەکی کارا و بە یەکپارچەیی خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکەن.
ئەوە ئەو جیاوازییەیە کە سەنتەرێکی وا لە زانکۆیەکدا دەتوانێت دروستی بکات. ئێمە سەکۆیەکین بۆ لێکۆڵینەوە، هاوکات بۆ بنیاتنانیش. ئێمە ناوەندێکین بۆ شیکردنەوە، هاوکات بۆ گفتوگۆش. ئەم ناوەندە هەم بانگهێشت دەکات، هەم مەیدانی مەشق و ڕاهێنانیشە.
گۆڤاری "ئاسۆی وزەی عێراق" سەرەتای دەستپێکردنێکی خاکی و ئامانجێکی گەورەیە. لە ڕێگەیەوە هەوڵدەدەین پرسە ئاڵۆزەکانی وزە سادە بکەینەوە، بەڵگەکان بە سیاسەتەوە ببەستینەوە و بەشداربین لە گفتوگۆیەکی نیشتمانی جددی دەربارەی داهاتووی عێراق. لێرەدا، بەرەوپێشچوون لە توانادایە. عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرچاوە و شارەزایی و شوێنی جوگرافی لەبارن، لەگەڵ هەبوونی زۆری ژمارەی دانیشتووانی گەنج کە تامەزرۆی دەرفەتن. بەڵام بە تەنیا توانا سیاسەت پێک ناهێنێت، سەرچاوەکان گەرەنتی خۆڕاگری ناکەن، داهاتیش گەشەپێدان مسۆگەر ناکات.
ئایندەی وزەی عێراق بەتەنیا بە هیوا مسۆگەر ناکرێت. بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی، پێویستی بە داتا، دیسیپلین، وەبەرهێنان، ڕوونی دامەزراوەیی، ژێرخان، و متمانەی ڕای گشتی هەیە.
ئاسۆی وزەی عێراق بەم رۆحیەتەوە پێشکەش دەکرێت.