ئەو شەڕەی لە ٢٨\٢\٢٠٢٦ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرسا، رستێک شۆکی بەهێزی نارد بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان. ئەگەر بۆ زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم شۆکە قورس بووبێت، ئەوا بۆ عێراق هەڕەشەیەکە لە بوونی.
تەواوی ئابووری عێراق پشتی بە نەوتی خاو بەستووە و لە ڕێگەی کەنداوی فارسەوە هەناردە دەکرێت. بەشێوازێک زیاتر لە ٩٠%ی داهاتی حکومەت و زیاتر لە نیوەی کۆ-بەرهەمی ناوخۆیی
(GDP) وڵاتەکە پێکدەهێنێت. بە پێچەوانەی دەوڵەتانی کەنداو، عێراق سندوقی سامانی سەروەری و سندوقی سەقامگیری نییە کە یارمەتی بدات لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی داخستنی رێڕەوی هەناردەکردنی نەوتەکەی. ئەمە کێشەیەکی بوونیادییە و دەیان ساڵە دەستنیشانکراوە و لە گفتوگۆ سیاسییەکان و یاساکانی بودجە و ڕاوێژکارییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان باس کراوە، بەڵام بە کردار پشتگوێ خراوە.
قەیرانەکە زۆر بە ڕوونی نیشانی دەدات کە دارایی دەوڵەتی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر وابەستەی نەوتە، هەربۆیە ئەگەر هەناردەکردنی نەوت بوەستێت، ئەوا حکومەت داهات لە دەستدەدات.
ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوت لە باشووری عێراق وەستا کاتێک ئێران ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز سنووردار کرد وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ژێرخانی هەناردەکردنی بەسرە دەروازەی زیاتر لە ٩٢%ی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بوو، بەڵام لە نێوان ٨ی ئادار و ٢ی نیساندابە تەواوی وەستا.
هیچ ڕێگایەکی جێگرەوە کە دەستبەجێ بتوانرێت نەوتی عێراقی لێوهەناردە بکرێت بە هەمان بڕو ئاست بوونی نییە. هێڵی بۆری عێراق-سعودیە (ISP) لە ساڵی ١٩٩٠ەوە داخراوە و سعودییە تەواوی توانای بۆرییەکانی خۆیان بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ دەریای سوور بەکار دەهێنێت. هێڵی بۆری عێراق- سوریا لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لەکارکەوتووە. پرۆژەی بۆری عێراق-ئوردن (IJP) لە ساڵی ٢٠١٤دا هەوڵی راکێشانی وەبەرهێنی بۆ درا، بەڵام بەهۆی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و کۆت و بەندە سیاسییەکانی دیکە، لە بیرکراو تەنانەت دوای ململانێکانیش باس نەکرایەوە.
تەنانەت ئەگەر ISP کارا بوایە یان IJP بوونی هەبووایە، عێراق کێشەیەکی گەورەتری هەیە. ئەو بۆرییە ستراتیژییەی کە ڕۆژگارێک نەوتی خاوی بەسرەی دەگواستەوە بۆ باکوور بۆ حەدیسە، پاشان بێجی و بەرەو بەندەری جەیهان، تا ڕادەیەکی زۆر وێران بووە و کارناکات. حەدیسە دەبووە یەکگرتنێکی سەرەکی نێوان ISP و IJP. ئەوەی دەمێنێتەوە یەک دەرچەی کاریگەرە، ئەویش بۆری عێراق-تورکیا (ITP) کە نەوتی هەرێمی کوردستان و کێڵگەکانی کەرکوک دەگوازێتەوە بۆ تورکیا و دەریای ناوەڕاست، بەڵام ئەویش سنووردارە. ئەم ڕێڕەوە بەدەست ئاستەنگیە ژێرخانی و سیاسییەکانەوە دەناڵێنێت و لە ئێستادا نزیکەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەگوازێتەوە. ئەمەش نزیکەی ٧%ی قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە پێش جەنگەکە.
لە ئەنجامدا عێراق تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە ٨١%ی توانای هەناردەکردنی نەوتی لەدەستدا، ئاستەکە لە مانگی شوباتەوە دابەزی لە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل بۆ ١٨.٦ ملیۆن بەرمیل لە مانگی ئادار. لە ئەنجامدا داهاتی مانگانەی نەوت لە نزیکەی لە ٦.٨ ملیار دۆلارەوە بۆ ١.٩ ملیار دۆلار دابەزی. ئەو ئامارانەی کە لە گرافی ژمارە یەکدا خراواتە ڕوو، ئەو داڕمانە بە ووردی نیشان دەدەن. هەروەها لە چوارچێوەیەکی دوورمەودا تردا گرفتەکانمان بۆ دەستنیشان دەکات لە گەڵ ئەو وانە تاڵەی کە دەبێت لێیەوە فێربین: ئەمە شۆکێکی بێ وێنە نییە کە کەس نەیتوانیبێت پێشبینی بکات. بەڵکو دەرئەنجامێکی تەواو پێشبینیکراوبوو، ئەمە وابەستەیییەکی بوونیادییە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نەیانویست چارەسەری بکەن. ئەنجامی ئەم لاوازییە بونیادیەش قەیرانێکی زۆر سەختە لە ئەمڕۆدا.
گرافی ١: داڕووخانی هەناردەی نەوت
سەرچاوەکان: داتای هەناردەکردنی مانگی شوبات لە سایتی فەرمی سۆمۆ وەرگیراوە. ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەکردنی باکوور و داتاکانی مانگی ئادار لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەلی نزار ئەلشەتری، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ وەرگیراون. هەناردەی باکور- کوردستان-ITP- لە سەرهەڵدانی شەڕەکەوە ڕاگیرا بوو لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٦ دەستی پێکردەوە؛ ئاماری مانگی ئادار تەنیا ڕەنگدانەوەی 14 ڕۆژە لە ١٨\٣ تا ٣١\٣\٢٠٢٦.
ئامارەکانی گرافی-١ ڕوون و ئاشکران. عێراق لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ دا ٩٩.٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. لە مانگی ئاداری هەمان ساڵ، واتە لە کاتی جەنگدا، ئەو بڕە بۆ ١٨, ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، واتە لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە ٨١% دابەزیوە. ئەوە لە ڕووی پێکهاتەییەوە ئەوە نیشان دەدات کە تەواوی داڕمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ وەستاندنی هەناردەکردنی بەسرە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، کە پێشتر ڕێڕەوی سەرەکی بووە بۆ زیاتر لە ٩٢%ی کۆی گشتی هەناردەکردنەکانی عێراق.
لە کۆتاییدا، ئەوەی گرافی ١ نیشانی ئەدات قوڵبوونەوەی مەترسییەکی نائاساییە؛ لە سیستەمی هەناردەکردنی عێراقدا هیچ جێگرەوەیەکی گونجاو نییە. یەکێک لە ڕێڕەوەکان زۆرینەی هەرە زۆری نەوتی خاوی وڵاتەکەی پیا تێپەڕیوە. کاتێک ئەو رێڕەوە دادەخرێت بە هەر هۆکارێک بێت (وەک شەڕ، سزا، شکستی پرۆژە ژێرخانیەکان، یان ناکۆکییەکی سیاسی) هیچ جێگرەوەیەکی نییە.
ئەوەبوو وەستانی ڕێڕەوی ستراتیژی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە بەسرە ململانێیەکی هەرێمایەتی گۆڕی بۆ کارەساتێکی دارایی، هەروەک پێشتر لە چەندین شوێنی جیاوازدا پێشبینی کرابوو.
گرافی ٢ — داڕمانی داهاتی نەوت
سەرچاوەکان: داتای هەناردەکردنی مانگی شوبات لە سایتی فەرمی سۆمۆ وەرگیراوە. ڕاپۆرتی مانگانەی هەناردەکردنی باکوور و داتاکانی مانگی ئادار لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەلی نزار ئەلشەتری، بەڕێوەبەری گشتی سۆمۆ وەرگیراون. هەناردەی باکور- کوردستان-ITP- لە سەرهەڵدانی شەڕەکەوە ڕاگیرا بوو لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٦ دەستی پێکردەوە؛ ئاماری مانگی ئادار تەنیا ڕەنگدانەوەی 14 ڕۆژە لە ١٨\٣ تا ٣١\٣\٢٠٢٦.
گرافی ژمارە ٢ کاریگەرییە داراییەکانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتمان نیشان دەدات. کۆی گشتی داهاتی نەوت لە مانگی شوبات لە٦.٨١ملیار دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ ١.٩٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی لە مانگی ئادار دابەزیوە، بە رێژەی ٧٢%. بە زمانێکی ڕوونتر، عێراق لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی ٤.٨٨ ملیار دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە.
داینامیکی نرخەکان لە کاتی ئەم تێکچوونەی پەیوەست بە شەڕەوە شایەنی سەرنجە. کەمبوونەوەی ٨٢%ی هەناردەکردنی نەوت نزیکەی ٧٢%ی زیانەکانی داهاتی پێکهێناوە. ئەمەش بە ڕوونی کاریگەری نرخەکان دەردەخات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نرخی نەوت لە کاتی جەنگدا، چونکە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە نزیکەی ٦٨ دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ سەرووی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرزبویەوە تەنها لەماوەی ئەم مانگەدا. بەڵام ئەم کاریگەرییە تەنیا بەشێکی بچوکی قەیرانەکە چارەسەر دەکات. باشتربوونی نرخەکان لە بەرامبەر دابەزینێکی گەورەی قەبارەی هەناردەکردندا سوودێکی کەمی هەیە. لە کۆتاییدا، داهات بەرهەمی هەردوو نرخ و قەبارەی هەناردەکردنە.
زیانەکانی داهات بە پێی ئەم ئامارانە دەگاتە نزیکەی ١٦٠ ملیۆن دۆلار لە هەر ڕۆژێکدا. بۆ ئەوەی ئەمە بخەینە ناوەڕۆکە داراییەکەی خۆیەوە: بە پێی بودجەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق(بۆ سالانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥)، پێویستە داهاتی بەردەوامی نەوت موچە و خەرجییەکانی کەرتی گشتی دابین بکات. ساڵانە پابەندبوونەکەی بە نزیکەی ٩٠ ملیار دۆلاری ئەمریکییە (وەک ئەوەی لە ساڵی دارایی ٢٠٢٥دا خەرجکرا.) بە ڕێژەی ئێستای سەردەمی جەنگ، داهاتی ساڵانە دەگاتە نزیکەی ٢٣ ملیار دۆلار، ئەمە بەزەحمەت چوار-یەکی ئەو بڕە دەستەبەر دەکات کە پێویستە بۆ پێدانی موچە و خانەنشینی و خەرجییەکانی دیکەی دەوڵەت.
دەستپێکردنەوەی بەشێکی جوڵەی تەنکەرەکانی بەسرە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، زەبری قەیرانەکەی نەرمتر کردووە بە بەراورد بە داخستنی تەواوەتی، بەڵام ژمارە سەرەتاییەکان هیچ ئاسۆیەکیان لێ بەدی ناکرێت. واتە بەبێ گەڕانەوەی تەواوی توانای هەناردەکردنی نەوتی باشوور، عێراق ڕوبەڕوی فشارێکی زیاتر دەبێتەوە لەسەر پێدانی موچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پابەندبوونی قەرزەکان.
گرافی ٣ — وابەستەیی نەوتی حکومەت
سەرچاوە: ئامادەکردن و هەژمارکردنی نوسەرانی بابەتەکە لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، داتاکانی ڕاپۆرتی ئابووری جیهانی (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، لاپەڕەی تایبەت بە عێراق..
گرافی ژمارە ٣ دیدێکی فراوانتر بۆ ئەم قەیرانە لەناکاوە پێشکەش دەکات و پرسیارێکی ئاڵۆزتر دەوروژێنێت: ئایا ئەمە شۆکێکە، یان سیستەمەکە بەپێی دۆخی سروشتی خۆی ڕەفتاری کردووە و ئەم گرفتانە هەمووی چاوەڕوانکراو بوون؟ ئەم ئامارانە وەڵامێکن بۆ پرسیاری دووەم. لە ماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوودا، داهاتی نەوت بە بەردەوامی لە نێوان ٨٥% بۆ ٩٥%ی سەرجەم داهاتەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراقی پێکهێناوە، بەبێ گوێدانە هەڵئاوسانی نرخی نەوت. ئابووری عێراق بەردەوام وابەستەی یەک سەرچاوەی سەرەکییە. ئەم تاک-سەرچاوەییە کە دیارترین خەسڵەتی ئابوری ئابوری گەورەی عێراقە، نیشانەی بەهێزی نییە، بەڵکو لاوازییەکی جددییە.
گرافەکە بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە بناغەی داهاتە نانەوتییەکانی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی نەکردووە. هەمیشە لە نێوان ٥ بۆ بۆ ١١ ملیار دۆلار بەرز و نزم بۆتەوە؛ لە کاتێکدا کۆی گشتی داهاتەکانی دەوڵەت لە ٤٥ ملیار دۆلارەوە بۆ ١١٩ ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزی و نزمییەکانی نرخی نەوت.
داهاتی نانەوتی کە باج و گومرک و داهاتی کۆمپانیاکانی دەوڵەت لەخۆ دەگرێت، لە ڕووی پێکهاتەوە هەر لاوازە. هاوتەریب لەگەڵ گەشەی دانیشتوان، کۆبەرهەمی ناوخۆیی نیشتمانی و خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەت زیادی نەکردووە. بۆ دۆخی وڵاتێکی ٤٦ ملیۆن کەسی، کە دانیشتوانەکەی ساڵانە بە ڕێژەی ٢.٥% گەشە دەکات، ئەمە پرسێکی دارایی پەراوێزخراو نییە؛ بەڵکو شکستی حوکمڕانی ئابوورییە.
ساڵانی داهاتی زۆری نەوت ( ٢٠١٨، ٢٠١٩، و بە تایبەتی ساڵی ٢٠٢٢) دەرفەتی ڕاستەقینە بوون بۆ وەبەرهێنان لە هەمەچەشنکردنی ئابووری و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی باج و بنیاتنانی یەدەگی دارایی. بەڵام سوود لە دەرفەتەکان وەرنەگیرا. بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٣ کە راستەوخۆ لە دوای زۆر بوونی داهاتە نەوتیەکانی ساڵی ٢٠٢٢ داڕێژرا، گەورەترین بودجە بوو لە مێژووی عێراقدا و بە زۆری بۆ موچە و خەرجییە کارگێڕییەکان تەرخانکرابوو، لەوانە کرێ و گواستنەوە و یارمەتییەکان. ئەم وابەستەییە کە گرافی ژمارە ٣ ڕوونیکردۆتەوە، نەک هەر لە قۆناغەکانی خۆشگوزەرانیدا گۆڕانکاری تێدا نەکرا، لە ڕاستیدا خراپتریش بوو.
گرافی ٤ — ڕۆڵی نەوت لە کۆی گشتی ئابووری عێراقدا
سەرچاوە: ئامادەکردن و هەژمارکردنی نوسەرانی بابەتەکە لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، داتاکانی ڕاپۆرتی ئابووری جیهانی (تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥)، لاپەڕەی تایبەت بە عێراق..
وێنەی چوارەم گۆشەنیگاکەمان بۆ فراوانتر دەکات لە دەرەوەی دارایی حکومەت بۆ ئەوەی ڕۆڵی نەوت لە کۆی گشتی ئابووریەکەدا نیشان بدات. لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، ڕۆڵی نەوت لە کۆبەرهەمی ناوخۆیی (GDP) عێراقدا هەمیشە نیوە یان زیاتر لە نیوە بووە.. ئەمەش بەجۆرێک بووە کە ئابوورییە نانەوتیەکە هەر لە هەمان ئاستدا ماوەتەوە.
گرافەکە زۆر بە ڕوونی ئەم دیاردەیە نیشاندەدات؛ کۆبەرهەمی ناوخۆیی لەنزمترین ئاستی ١٦٨ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٨٩ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٢ بەرزبۆتەوە. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر بە شوێن بەرزی و نزمییەکانی نرخی نەوت کەوتووە لەم ساڵانەدا. ئابووری نانەوتی بەزەحمەت وەک هێزێکی سەربەخۆ لە گرافەکە دەرکەوتووە. کەواتە هەر کات نرخی نەوت بەرز بوو کۆی گشتی کۆبەرهەمی ناوخۆیی زیاد دەکات، بە هەردوو بەشی نەوتی و نانەوتی، وە ئەگەر نزمیش بوو کۆبەرهەمە ناوخۆییەکە کەم دەبێتەوە.
ئەمەش بۆ تێگەیشتن لە سروشتی لاوازی عێراق گرنگە. بەرکەوتنەکە تەنیا دارایی نییە، بەڵکو بوونیادیشە. کاتێک داهاتی نەوت دادەبەزێت، کاریگەری دابەزینەکە بە تەواوی لە ئابوورییەکەدا دەر دەکەوێت: حکومەت ناتوانێت شایستە داراییەکانی بەڵێندەران بدات، وەبەرهێنانی کەرتی گشتی کەم دەکات-یان نامێنێت، خەرجییەکانی بەکاربەر کەمدەبنەوە. لێرە دەوڵەت هەمیشە وەک ئەکتەرێکی ئابووری باڵادەست رۆڵ دەگێڕێت چونکە زیاتر لە ٤ ملیۆن کارمەندی هەیە و زۆربەی زۆری خەرجییەکانی وەبەرهێنانیش دابین دەکات. کاتێک بودجەکەی بچووک دەبێتەوە، چالاکییە ئابوورییەکانی هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لاواز دەبێت.
لێرەدا گرافەکە چیرۆکی گەشەکردنی هێڵی کۆبەرهەمی ناوخۆیی نانەوتی مان پێ دەڵێت لە نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ نزیکەی ١٣٢ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٥. ئەمە گەشەکردنێکی بچووکی سنووردارە و تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و خەرجییەکانی دەوڵەت، نەک گەشەیەکی ڕاستەقینەی کەرتی تایبەت. کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاری لە پشتبەستن بە دەوڵەت ڕزگاریان نەبووە. بەم مانایە، گرافی ژمارە ٤ ، تابلۆی ئەو ئابوورییە دەخاتە ڕوو کە نەیتوانیوە سوود وەربگرێت لە دە ساڵی داهاتە نەوتیەکانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکارییەکی ماندار.